نووسەری بە هەڵوێست و نیشتمانپەروەر مامۆستا (ساڵح محەمەد ئەمین) ، کە هەندێک لە هاوڕێکانی بە ساڵح قازانی ناویان دەبرد، ساڵی 1943 لەدایک بووە و ڕۆژی 16-04-2013 لە #سلێمانی# لە پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کرد و سوێی نا بەدڵی هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانیدا. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی 1965 بەشی بیرکاری لە ئامۆژگەی مامۆستایانی باڵای زانکۆی بەغدا تەواوکردووە، لەو ساڵەوە لە زۆربەی شار وشارۆچکەکانی کوردستان، مامۆستای بیرکاری بووە لە قوتابخانە ناوەندییەکاندا، چەند جارێکیش لەبەر هەڵوێستی سیاسی دوورخراوەتەوە بۆ باشووری ئێراق. هەتا ساڵی 1996 مامۆستا بووە و پاش ڕاپەڕین بووەتە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بیرکاری، لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەرلەوەی ساڵێک لە سەرپەرشتیارییەکەی بەرێتەسەر و ماوەی تاقیکردنەوەکەی تەواوبکات، کۆتایی هەمان ساڵ ئاوارەی هەندەران بووە و لە هۆڵەندا گیرساوەتەوە. ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لە مانگی کانونی دووەمی 2004 دا چووەتەوە سەرکارەکەی و لە 20-09-2004 کراوەتە بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ئێراق. لە 10-11-2005 دا بووەتە سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل ڕاپۆرتی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێراق و ڕاپۆرتێک بۆ نوێنەران -سێ پڕۆسەی هەڵبژاردنی مێژوویی لە ساڵێکدا دەکەنە کوردی و ساڵی 2007 چاپ و بڵاوکراوەتەوە. مانگی نیسانی 2007، بەهۆی نەخۆشییەوە گەڕاوەتەوە بۆ هۆڵەندا، لە مانگی 11ی 2007 دا دەستی لە کارەکەی کێشاتەوە و فۆڕمی نوێی بۆ نوێکردنەوەی ئەرکی ناو کۆمیسیۆن پڕنەکردەوە. دواتریش بەهۆی تەمەنەوە وەک مامۆستایەک خانەنشینبووە.
$چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا:$
ئەندامی کۆنگرەی دامەزراندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بووە لە کوردستان، کە لە 10-12-1991 دا لە شاری #هەولێر# بەسترا..تا ساڵی 2003 بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی سلێمانی ڕێکخراوەکەبووە. ئەو کاتە و دواتریش سەرپەرشتی بڵاوکراوەی دەنگی مرۆڤ و بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی کردووە، کە هەر بە هەمان ناوەوه، لە هەر چوار کەناڵە ناوخۆییە تەلەفیزیۆنییەکەی ئەو کاتەدا، هەر دوو هەفتە جارێک پەخشدەکرا.. لە کۆنگرەی دووەمدا کە لە 15-17-07-1993، لە سلێمانی سازکرا، بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی سلێمانی کۆنگرەکە بە بەرپرسی لیژنەی سلێمانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان هەڵبژێردراوە.. بە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، لیژنەیەک لە 5 حیزب دوو ڕێکخراو پێکهات. لەو لیژنەیەدا نوێنەرایەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کردووە و دواتر بە تێکڕای دەنگ بۆ دەستەی بەڕێوەبەرێتی لیژنەکە هەڵبژێردراوە. سەرپەرشتی بڵاوکراوەی ئاشتی و برایەتی کردووە، لە سەرەتای ساڵی 2004 ەوە سەرپەرشتی ماڵپەڕی دەنگی مرۆڤی کردووە. ڕاپۆرتی سەبارەت بەو پێشیلکاریانەی لە 1993وە بۆ 1996روویاندا، بە شەڕی خۆکوژیشەوە نووسیەوە، لەبەر چەند هۆیەک لیژنەی سلێمانی بڕیاری ڕاگرتنی چاپکردنی دا، چەندین بابەتی لە بارەی مافی مرۆڤەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوە نووسیوە، لە عەرەبیشەوە کردویەتی کوردی، گرنگترینیان ڕاپۆرتی ئێراق ڕوخسار و ناو...ی }{یومەن ڕایتس وۆچ}ە، ساڵی 2006.
$لە بواری ئەدەبیدا:$
٭ لە کۆتایی ساڵی 1962 دا یەکەمین بەرهەمی، کوورتە پەخشانێک بە ناونیشانی بۆ خۆشەویستەکەم لە گوڤاری هیوادا بڵاوکراوەتەوە.
٭ یەکەمین چیرۆکی بەناوی ئەوانە یەکێکن لە هەزار لە ژمارەیەکی هەفتەنامەی بیری نوێی ساڵی 1973 دا بڵاوکردووەتەوە..=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2409/0005.JPG=KTML_Photo_Alt=ساڵح محەمەد ئەمین=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2409/0005.JPG=KTML_Photo_End=
٭ ساڵی 1974، لە شاخ چیرۆکێکی لە دەنگی مامۆستادا بڵاوکردەوە.
٭ لە ساڵی 1978ەوە، بە هاوکاری مامۆستا ئەنوەر عەلی قادرو پێشەکی حسێن عارف ڕۆمانی عەبدولڕەحمان مونیف (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) ی کردۆتە کوردی و لە ساڵی 1981دا 6000 دانەی لێ چاپکراو لە ماوەیەکی زۆر کوورتدا لە بازاڕدا نەما..
٭ ساڵی 1983 کۆمەڵە چیرۆکی سوێی زامێکی قووڵ، کە 11 کوورتە چیرۆکی لە خۆگرتووە بەچاپ گەیاندووە.
٭ ساڵی 1978 ڕۆمانی کۆتاییەکانی عەبدولڕەحمان مونیفی کردۆتە کوردی و بە چاپی گەیاندووە.
٭ بەسەر هاتی سووتانی 10 مێردمنداڵی کورد، کە لە گرتووخانەی #کەرکووک#ەوە دەیانگواستنەوە بۆ بەغدا و لەو ڕێگایە ئۆتۆمبیلەکەیان گڕدەگرێت و هەموو دەسووتێن، تەنیا یەکێکیان بە زیندوێتی دەمێنێتەوە، دەبێتە هەوێنی ڕۆمانی ڕێژنەباران کارەساتەکان دەشواتەوە.. ساڵی 1994 دوو بەشی لێ چاپدەکات، بە 100 دانە بە ئامێری کۆپی، پاشان بە پەرتووکێکی سەربەخۆ چاپی کرد.
٭ لە ساڵی 1998 ەوە بەشداری لە زۆربەی ژمارەکانی گۆڤاری باسکاردا کردووە، کە لە بەریتانیا دەردەچوو.
٭ ڕۆمانی بیری لەشی ژنە ڕۆماننووسی ناوداری جەزائیر ئەحلام موستەغانمی کردۆتە کوردی و ساڵی 2003 دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوکراوەتەوە.. ساڵی 2006 پەرتووکخانەی سلێمانی بۆ دووەمجار چاپکراوە.
٭ ساڵی 2004، لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی #وەزارەتی ڕۆشنبیری# حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، کۆمەڵە چیرۆکی جەربەزەی بەچاپ گەیاندووە..
٭ سەبارەت قسەخۆشەکانی مامۆستا ئەفراسیاب عەبدولحەمید، پێنج ئەڵقەی بە ناوی لە پیاوە قۆشمە و جنێوفرۆشەکانی شار -ئەفراسیاب عەبولحەمید ساڵی 2004 لە گۆڤاری سلێمانی بڵاوکراوەتەوە..
٭ ڕۆمانی دووەمی سێینەی ڕۆماننووس ئەحلام موستەغانمی بە ناوی پشێوی هەستەکانی کردووە بە کوردی و ساڵی 2007 لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی-وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.
٭ ئەندامی هیچ ڕێکخراو و کۆمەڵەیەکی ئەدەبی نەبووە.
هەندێک لە بڕگەکانی ئەم نووسینە لە بابەتێکی برای بەڕێزمان کاک (محەمەد جەزا بەرزنجی) وەرگیراوە، کە لە کۆڕێکی ڕێزلێنانی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە هۆڵەندە ڕۆژی 26-04-2008 لە ڕۆتەردام بۆ مامۆستا (ساڵح محەمەد ئەمین) ی سازکردبوو.
نووسینی #سەردار فەتاح ئەمین# [1]