ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
ناوەندێکی خەڵکی و سەربەخۆیە کە لە ساڵی 2005 لە #مەریوان# دامەزراوە
ڤەژین هەوڵ دەدات بە خوێندنەوەیێکی سەردەمیانە و نوێ، گوتاری کوردی لە مەیدانی فەرهەنگ و هونەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببووژێنێتەوە.
بنکەی سەرەکیی ڤەژین لە شاری مەریوانە و هاوکات زیاتر لە 10لقی لە گوندەکانی دەوروبەردا هەیە.
http://vejin.org/
http://www.vejinbooks.com
https://t.me/VejinInstitute
www.facebook.com/nawendivejin
https://www.youtube.com/ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین
https://www.youtube.com/channel/UCkFJtEEI3LXOdKqxvjSwtlw
https://www.aparat.com/vejin
Instagram photos and medias of @nawendi_vejin_official
Instagram photos and medias of @vejin_music
چالاکییەکانی ناوەندی ڤەژین لە سێ ڕەهەندی گشتیی پێکدێن:
- چالاکی لە بواری فێرکاری
- چالاکی لە بواری بەڕێوەبردنی بەرنامەکان لە نێوخۆ و بەرنامەی گشتیی ڕوو لە دەرەوە
- چالاکی لە بواری بەرهەمهێنانی فەرهەنگی و هونەری
بواری فێرکاری لە ناوەندی ڤەژین: ڤەژین گرینگیێکی تایبەتی بە فێرکاریی داوە و بەردەوام هەوڵی داوە بە مێتۆدی زانستی و کەڵک گرتن لە مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەندانی پلەبەرز و پسۆڕانی شارەزا لە بوارە جیاوازەکاندا، هەلێکی باش بۆ بەشداربووان لە خولەفێرکارییەکاندا بخولقێنێت.
- خولە فێرکارییەکان لە زانستەمرۆییەکاندا:
خولی فەلسەفەی ڕۆژاوا و شیکاریی فەلسەفی – خولی ڕێڕەوی توێژینەوە لە زانستەمرۆییەکان(مێتۆدی کەمی – مێتۆدی کەیفی – ئامار) – خولی تێورییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی – خولی مێژووناسی -مێژووی کوردستان و... – خولی فێرکاریی چیرۆکنووسی - خولی دەروونشیکاری و...
- خولە فێرکارییەکان لە بەشە هونەرییەکاندا:
خولی قوتابخانە هونەرییەکان – خولی فێرکاریی شانۆ(شانوونامەنووسی، دەرهێنەری، ئەکتەری) – خولی فێرکاریی سینەما و فیلمسازی(فیلمنامەنووسی، دەرهێنەری، دێکۆمێنتاری) – خولی فێرکاریی وێنەگری(سەرەتایی و پێشکەوتوو) – خولی فێرکاریی گرافیک و خولی فێرکاریی نیگارکێشی و خولە فێرکارییەکانی بەشی مۆسیقای ڤەژین(بە شێوەی بەردەوام لە فێرگەی مۆسیقای ڤەژیندا چالاکە)
- خولە فێرکارییەکانی بەشی منداڵان:
خولی فێرکاریی زمانی کوردیی بۆ منداڵان – خولی فێرکاریی فەلسەفە بۆ منداڵان – خولی فێرکاریی شانۆ بۆ منداڵان – خولی فێرکاریی نیگارکێشیی منداڵان – خولی فێرکاریی شێعر و چیرۆک بۆ منداڵان – خولی فێرکاریی مۆسیقا بۆ منداڵان(لە بەشی مۆسیقای ڤەژین)
- خولە فێرکارییەکانی بواری زمانی کوردی
لە ناوەندی ڤەژیندا زمانی کوردی یەکێک لە کۆڵەکە گرینگەکانە کە بەردەوام و لە هەموو وەرزێکدا فێرکاریی زمان بەردەوامە
خولی فێرکاریی زمانی کوردی-زاراوەی سۆرانی پۆلی یەک، پۆلی دوو، پۆلی سێ
- خولی فێرکاریی زمانی کوردی-زاراوەی هەورامی پۆلی یەک
- خولی فێرکاری زمانی کوردی-زاراوەی کرمانجی پۆلی یەک
بواری چالاکیی لە نێوخۆ و چالاکیی گشتیی ڕوو لە خەڵک: بنکەکانی ناوەندی ڤەژین لە شاری مەریوان هەموو ڕۆژێک کراوەن و بەردەوام چالاکی تێدا دەکرێت. هاتووچۆ و ئەندامبوون لە ڤەژیندا بۆ هەمووان ئازادە و ئەندامان بە پێی لێزانین و حەزی خۆیان ئەرک و چالاکییەکانیان لە کومیتەکاندا دابەش کردووە و حەفتانە و مانگانە لە بەشی خۆیاندا دانیشتنی ڕێکخستن و هاوئاهەنگی بەڕێوە دەبەن.
کومیتەکان و بەشەکانی بەڕێوەبردنی نێوخۆ:
دەستەی بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیی گشتی: دەستەی بەڕیوەبەر هەر دوو ساڵ جارێ لە نێو ئەندامان هەڵدەبژێردرێت و داڕێژەری ئیستراتیژیی بەرنامەکان و بڕیاری تەواو لە سەر کارەکان دەدات.
- کومیتەی بەڕێوەبردنی ڕۆژانە(ئیجرایی): ئەندامانی ئەم بەشە ڕۆژانە سەرپەرشتیی بینای ڤەژین، کەرەستە و ئیمکانات، بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و هەروەها پاراستنی ئەمنی و ئارامیی ڤەژین و سەرپەرشتیی بەڕێوەجوونی بەرنامەکان دەکەن.
کومیتەی ماڵی و کاروباری ئابووری: ئەندامان لەم بەشەدا بەرپرسی کۆکردنەوەی یارمەتیی لە نێو ئەندامان و لایەنگرانی فەرهەنگی و هونەرین و هەروەها لە چۆنیەتیی خەرج و باجی ڤەژیندا بە هاوکاری دەستەی بەڕێوەبەر سەرپەرشتیی خەرج و باجی ڤەژین دەکەن.
- کومیتەکانی بەشی فەرهەنگی و زانستەمرۆییەکان:
کومیتەی فەرهەنگ و فەلسەفە: بۆ کاروباری دانشتن لە بواری گروووپی خوێندنەوە و لێکدانەوەی باسی فکری و ڕێکخستنی پۆلەکان
کومیتەی هەورامان: چالاکی لە بواری فەرهەنگ، مێژووی هەورامان و زارەوەی هەورامی و ڕیکخستنی بەرنامەکان لەو بوارەدا
کومیتەی کەلەپوور: بۆ کاروباری کۆکردنەوەی میراتی کۆنی ناوچە، لەوانە: کۆکردنەوە و ئێسکەنی کتێبی نووسراوەی دەستی، تۆماری لێدوان لە گەڵ کەسایەتییە مێژوویی و ئەدەبیی بەساڵاچووی ناوچەکە، تۆماری ئەفسانە و بەیت و فۆلکلۆرە کۆنەکان لە زاری خەڵکی خۆجێی و بەساڵاچوو، کۆکردنەوەی وێنەی کۆنی خەڵک و ناوچەکە. هەروەها توێژینەوە لەو بوارانە و ڕێکخستنی بەرنامەکانی ئەو بەشانە.
کومیتەی توێژینەوە: بەڕیوەبردن و ڕێکخستنی سمینار و پانێلی زانستیی لە بواری زانستەمرۆییەکاندا، توێژینەوە و ڕێکخستنی پۆلەفێرکارییەکانی توێژینەوە بە مەبەستی پێگەیشتنی خوێندکاری لەو بەشەدا.
کومیتەی زمان: هاوئاهەنگی لە بواری لێکدانەوە و خەسارناسیی خولە فێرکارییەکاندا، پێگەیاندنی مامۆستا بۆ پۆلەکانی زمانی کوردی، هاوئاهەنگی لە گەڵ گوندەکان و زانکۆەکان بۆ ناردن و جێگرکردنی مامۆستای زمان، چێ کردن و نوێکردنەوەی کتێب و سەرچاوەکانی وانەوتنەوە لە بەشی زمانی کوردی و ڕێکخستنی بەرنامەکان و...
کومیتەتی شێعر و چیرۆک:
خۆپێگەیاندنی ئەندامان بە شیوەی بەڕیوەبردنی دانیشتنی حەفتانە بۆ گوێگرتن و خوێندنەوەی بەرهەمی ئەو ئەندامانە کە لە بواری شێعر و چیرۆکدا چالاکن، ڕێکخستنی شەوەشیعرەکان و ئەو بەرنامانەی شاعیران و نووسەران تیایدا بەشدارن
– کومیتەی کتێبخانە: ناوەندی ڤەژین خاوەنی کتێبخانەیێکی گشتییە لە بواری زانستەمرۆییەکاندا و بە سیستەمی کۆنگرە بەڕێوە دەبرێت. ئەندامان لەم کومیتەدا ڕۆژانە کتێبخانە بەڕێوە دەبەن و هاوکات ئەرکی ئێسکەن کردن و ئارشیوی کتێبی کۆن و دەستی لە ئەستۆیانە.
- کومیتەکانی بەشی هونەر
- کومیتەی شانۆ: دانیشتنی حەفتانە و مانگانە بە مەبەستی خۆپێگایندن لە شانۆدا، بەڕێوەبردنی شانۆ لە هۆڵ و شوێنە گشتییەکاندا، ڕێکخستنی پۆلەکانی بەشی شانۆ
کومیتەی وێنەگری و سینەما: دانیشتنی حەفتانەی ئەندامان بە مەبەستی خۆپێگەیاندن بۆ بینین و ڕەخنە لە سەر وێنەکانی خۆیان و هەروەها بینین و ئاشنایی لە گەڵ وێنەگرەکانی تر، ڕێکخستنی پۆلەکان و ڤۆرکشاپەکانی وێنەگری، ڕێکخستنی گەشتی وێنەگری لە وەرزەکانی ساڵدا، ڕێکخستنی پێشانگای وێنەی ئەندامان، ڕێکخستنی وێنەگرەکان بۆ وێنەگری لە بەرنامە گشتییەکانی ڤەژیندا
لە بەشی سینەما بە هەمان شیوە ئەندامان بە مەبەستی خۆپێگەیاندن و بینینی بەرهەمەکان کۆدەبنەوە، ڕیکخستنی پۆلەکانی سینەما. درووسکردنی فیلمی کورت و دێکۆمێنتاری بۆ بەرنامەکانی ڤەژین
کومیتەی مۆسیقا: بەشی مۆسیقای ڤەژین لە بنکەیێکی سەربەخۆ خاوەن فێرگەیێکی گشتییە بە مەبەستی فێرکاریی مۆسیقا. لەم فێرگەیەدا وانەی مۆسیقای کوردی، ڕۆژئاوایی و ئێرانی دەوترێتەوە. ڕێکخستنی گرووپی مۆسیقای ڤەژین لە بەشی مندالان و گەورەساڵاندا، هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی گرووپ لە بەرنامەکانی ڤەژیندا.
– کومیتەی نیگارکێشی و هونەرەجوانەکان: ڕێکخستنی پۆلە فێرکارییەکانی نیگارکێشی، گرافیک و...، دانیشتنی ئەندامان
– کومیتەی منداڵان: دانیشتنی حەفتانە و مانگانە بە مەبەستی چالاکی و بەرهەمهێنانی کاری منداڵان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییاکان، هاوکاری لە گەڵ باخچەی ساوایان، ڕێکخستنی پۆلەکانی منداڵان، بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی تایبەت بە منداڵان(نەورۆزی منداڵان - ڕۆژی جیهانیی منداڵان – شانۆی منداڵان و...)
چالاکیی گشتی ڕوو لە دەرەوە و بەڕیوەبردنی بەرنامە گشتییەکان:
لە ناوەندی ڤەژین بەردەوام لە لایەن کومیتەکانەوە بەرنامەی گشتیی ڕوو لە خەڵک لە هۆڵ و سوێن جیاوازەکاندا ڕێک دەخرێت. هەر کومیتەیێک بە پێی بەرنامەی خۆی بە هاوکاریی دەستەی بەڕێوەبەر و کومیەی ماڵی و کومیتەی ئیجرایی بەرنامەی خۆی بەڕیوە دەبات.
بەرنامە گشتییەکان بریتین لە: بەڕێوەبردنی کۆنگرە - بەڕێوەبردنی سمینار لە بوارە جیاوازەکاندا – بەڕێوەبردنی شەوەشێعر – بەڕێوەبردنی فستیواڵ – بەڕێوەبردنی کۆنسێرت – بەڕێوەبردنی سمیناری نێوخۆیی و تایبەت – بەڕیوەبردنی پەرەلادان لە کتێب – بەڕێوەبردنی گەشتی وێنەگری – بەڕێوەبردنی پێشانگا - بەڕێوەبردنی کۆڕی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بەرهەمە هونەرییەکانی سینەما و شانۆ – بەڕێوەبردنی ڤۆرکشاپ لە بوارە جیاوازەکاندا – بەڕێوە بردنی هەڵمەتی گشتی لە گەڵ ڕێکخراوەکانی تر – بەڕێوەبردنی هەڵمەتی ئاگادار کردنەوەی خەڵک
هەروەها هەندێک بەرنامە کە بەردەوام و ساڵانە بەڕێوە دەچن لە لایەن ڤەژینەوە داهێنراون کە زۆربەی کومیتەکان و ئەندامان تیایدا بەشداری دەکەن. لەوانە:
- کۆڕی شەوی یەلدا: ئەم بەرنامە داهێنانێکی نوێی ناوەندی ڤەژینە کە لە ساڵی 2012ی زایینەوە و ساڵانە لە شەوی یەلدادا بەڕێوە دەچێت. ناوەندی ڤەژین وەکوو هێمایێکی گرینگی مێژوویی و نەتەوەیی کورد لە بنارەکانی زاگرۆسدا، دەڕوانێتە بۆنەی شەوی یەلدا و بەم بۆنەوە بەرنامەیێکی گەوەرە بەڕێوە دەبات کە بە بانگهێشتی چالاکانی فەرهەنگی، هونەرمەندان و بیرمەندانی کوردستان، و بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک، کؤڕێکی فەرهەنگی و هونەری بەڕیوە دەبات. هەروەها لەو کۆڕەدا ڤەژین خەڵاتێکی ساڵانەی بە ناوی بەڕووی زێڕین پێناسە کردووە و هەموو ساڵێک دەبخشرێت بە کەسێک کە لە پێناوی فەرهەنگ و هونەری زاگرۆسدا تەمەنێک تێکۆشانی کردووە و تا ئێستایش 7 خەلات لە 7 کۆڕدا پێشکەش کراوە. شایەنی باسە لە پاش ناوەندی ڤەژین، بۆنەی شەوی یەلدا وەکوو ڕێوڕەسمی فەرهەنگی و لە فۆرمی بەرنامەدا لە چەندین شار و ناوچەی جیاواز لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان پەرەی سەندووە و لە ڕوانگەی خەڵکیشدا و وەکوو بۆنەیێکی کۆنی میترایی جێ پێی قایمتر بۆتەوە.
نەورۆزانەی ڤەژین: هەموو ساڵیک کە چەند ڕۆژی دەمێنێت بە نەورۆز، لە لایەن ناوەندی ڤەژینەوە بەرنامەیێک بۆ منداڵان ڕێک دەخرێت بە ناوی نەورۆزانەی ڤەژین. لەم بەرنامەدا ئەندامانی ڤەژین لە نێوشار و گوندەکانی مەریواندا، کۆڕێکی تایبەت بە منداڵان بۆ یادکردنەوەی نەورۆز ڕێک دەخریت و تیایدا بەرنامەی تایبەت بە منداڵان بەڕێوە دەچێت. هەروەها لەو ئەو کۆڕەدا وەکوو دیاریی نەورۆزانەی ڤەژین، کتێبی کوردی پێشکەش بە منداڵان دەکرێت. ماوە سێ ساڵە کە ڤەژین وەکوو داهێنانێک ئەم بەرنامە پەیڕەو دەکات.
ڕۆژی جیهانیی منداڵان: هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا ناوەندی ڤەژین کۆڕێکی گەورە و تایبەت بۆ منداڵانی شار و گوندەکانی دەوربەر بەڕێوە دەبات. لەو کۆڕەدا چەندین بەرنامەی تایبەت بە منداڵان لەوانە: شانۆی منداڵان، مۆسیقای منداڵان، مەتەڵ، گۆرانیی منداڵان و... بەڕێوە دەچیت. هەروەها بڕوانامەی زمانی کوردی دەدرێتەوە بەو منداڵانەی کە لە پۆلەکانی زمانی کوردیی ناوەندی ڤەژیندا لە بەشدار بوون. ئەم بەرنامە ماوەی 8 ساڵە بەردەوام لە لایەن ڤەژینەوە بەڕێوە دەچێت.
چالاکی لە بواری بەر هەمهێنانی فەرهەنگی و هونەری:
پرۆژەی دیجیتایزی فەرهەنگی کورد(ڤەژین بوکس و...): لە سەردەمی نوێدا کە هەموو جیهان پەیوەندییکانی بە ئینتێرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەڵدەسوورێت، ناوەندی ڤەژین پرۆژەیێکی بۆ بونیاتنان، ئەرشیڤ و نوێکردنەوەی پێکهاتەی فەرهەنگی و ئەدبیاتی کوردی دەستپێکردووە. یەک لەو پرۆژانە ڤەژین بووکسە.
ڤەژین بووکس: پرۆژەی ڤەژین بوکس هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانستییانەی دەقی ئەدەبی و مێژووییی زمانی کوردی. لەگەڵ دەقەکاندا، هەوڵ دەدق؛ف وێنەی دەستنووس و دەنگیش پێشکەش بکرێت. ئەم پرۆژەیە بە بەشداربووان بەردەوام خەریکی چاکسازی و دەوڵەمەندکردنەوەی بابەتەکان.
ئامانجەکان ڤەژین بوکس:
- دروست کردنی کۆگایەکی دەق (corpus) بۆ زمانی کوردی کە زانیاریی زیادە (metadata) وەک شێوەزار و ڕێکەوت و نووسەریشی لەگەڵدا بێت
- بەهێز کردن و بەرز کردنەوەی پلەی زمانی کوردی لە ناوەرۆکی سەر وێبدا
- دابین کردنی پێگەیەکی ناوەندی بۆ ژێدەر پێدان بە سەرچاوە مێژوویییەکانی کوردی
شایەنی باسە هەر لە درێژەی پرۆژەی دیجیتایزدا چەندین هەوڵی تر لە بواری ئەرشیڤ و دیجیتایزی ڕۆژنامە کوردییەکان، بەڵگەی مێژووی و نوسخەی دەستنووسی کورد، دەقی گۆرینی و فۆلکلۆر و... لە ئارادایە.
بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەیی: ناوەندی ڤەژین هەوڵی داوە بۆ ناساندنی باشتری هەندێک لە بابەتەکان، لە فیلم کەڵک وەربگرێت و لەم بوارەدا چەندین فیلمی دێکۆمێنتاری ساز کردووە. لە وانە سازکردنی 7 فیلمی دێکۆمێنتاریی لە سەر کەسایەتیی ئەو کەسانەی کە لە لایەن ڤەژینەوە خەڵاتی بەڕووی زێڕین پێشکەشیان دەکرێت. فیلمی دێکۆمێنتاری لە سەر پێگەی مۆسیقای هەورامی –
چەند فیلمی کورت لە سەر گرینگیی زمانی دایکی
بەرهەمهێنانی دەنگەکتێب و چیرۆکی منداڵان: پرۆژەیێکی ناوەندی ڤەژینە بۆ خوێندنەوەی کتێب و چیرۆکی منداڵان لە فۆرمی کتێبی دەنگی دا کە یەکەم بەرهەم لە ساڵی 2013 وەکوو خوێندنەوەی7 چیرۆک بڵاو کراوەتەوە.
بەرهەمهێنانی پۆستێری شاعیرانو هونەرمەندان