بەرزان کەرکووکی – شاعیر
ناوی تەواوی (بەرزان طالب نیب جەوهەر) ە، لە#10-10-1970# لە گەڕەکی (شێخ محی الدین) ی شاری سلێمانی لەدایک بووە، نازناوی کەرکووکی لەوەوە بەسەریا بڕاوە کەماوەی (10) ساڵ نیشتە جێی ئەو شارە بووە، ئێستاش نیشتەجێی گەڕەکی (شاری نمونەیی) یە لەشاری سلێمانی، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (نالی) لە گەڕەکی شێخ محی الدین و (ئاشتی) لە گەڕەکی ئاشتی و ناوەندی لە (برایەتی) لە گەڕەکی ئاشتی تەواو کردووە، ساڵی 1988بەهۆی کاری ڕێکخستن ئاشکرا دەبێت، ناچار دەست لە قوتابخانە هەڵدەگرێ و دەبێتە پێشمەرگە، ساڵی 2017 جارێکی تر دەچێتەوە قوتابخانە و لەئامادەی پێشمەرگە وەردەگیرێ، لە 1993/10/25 هاوسەرگیری کردووە و باوکی دوو کوڕ و چوار کچە، سەرەتای خولیای هۆنراوە نوسینی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هەشتاکان، ساڵی 1991 بەرهەمێکی بەناوی (ئازادی و چاوەگەشەکانت) کەلە (30) هۆنراوە پێک هاتوە بەشێوەی نامیلکەیەک و بەچاپێکی کۆپی بڵاوکردۆتەوە، وەک پێویست و بەهۆی خراپی چاپەکەو کەمی ژمارەکانی نەناسرا، لەدوای ئەو بەرهەمەشەوە بەهۆی کاری پێشمەرگایەتی وباری تایبەت بەخۆیەوە ساڵانێکی زۆر دورکەوتۆتەوە لە نووسین، لەوساڵانەشدا ناوە ناوە بۆ کۆمەڵێک لەهاوڕێیانی هۆنراوەی نووسیوە، لە ساڵی 2017 ەوە جارێکی تر دەستی بە هۆنراوە نووسین کردۆتەوە، تا ئێستا (300) هۆنراوەی هەیە، یەکێک لە بەرهەمەکانی کراوە بە گۆرانی لەلایەن تیپی ئۆکسترای شاری هەولێر لەلایەن هونەرمەندی دەنگ خۆش (یاد) ئەویش هۆنراوەی (گوڵزاری خۆشەویستی)، بەرزان کەرکووکی لە ئێستادا خەریکە سەرجەم هۆنراوەکانی کۆبکاتەوە و ڕێکخستنیانی بۆ بکات بە نیازی ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو لە دوو توێی دیوانێک یان دووکتێبدا بەچاپی بگەیەنێ وبیخاتە دیەی خوێنەران،
نمونەی شیعری
(شیرینە خەیاڵ)
چاوت سەرنجی بردم
ونی کردم لەناوخۆی
بومە عارفی دیدەت
بێ تۆ قەت ناڵێم ئۆخەی
بەچاوت دەم سوڕێنی
بۆ پێش و دوام دەهێنی
لە شیرینی خەومدا
لەپڕ بە قاقام دێنێ
پرسیار دەکەم لەناخم
لە هۆی ئەم پێکەنینە
ئایا شێتم وە یاخود
خەیاڵتە وا شیرینە [1]