لە پارێزگای دهۆک ژمارەیەکی زۆر شوێنەوار هەن و بەردەوام بەداواچوون و کنە و پشکنین دەکرێت بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری نوێ. کۆمپانیایەکی فەڕەنسا سەردانی دهۆکی کردووە بۆ دروستکردنی بەڵگەفیلمێک لەسەر شوێنەوارەکانی پارێزگای دهۆک و پێ دەچێت ساڵی دادێت ئەو فیلمە کۆتایی بێت و لە فەڕەنسا و چەندین وڵاتی دیکەی جیهان نیشان دەدرێت.
د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''وەرزێکی نوێی کنە و پشکنینی شوێنەواری لە دهۆک دەستی پێ کردووە، لەم وەرزەدا بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە و بە هاوکاریی هەردوو زانکۆی توبنگن و فرایبۆرگی ئەڵمانی و ئودینی ئیتاڵی لە کنە و پشکنین لە گردی #باستکێ# و #موقبلێ# و شوێنی #فەیدی# (کەناڵی ئاودێری) و گردی #خەتارا# و نۆژەنکردنەوەی نەخشە داتاشراوەکانی فەیدی و دروستکردنی پارکی شوێنەواری و چەندین کاری جیاجیا جێبەجێ دەکرێن، هاوکات کار لەسەر دروستکردنی بەڵگەفیلمێکی دۆکیۆمێنتاری دەکرێت کە لەلایەن وڵاتی فەڕەنساوە بەرهەم دەهێنرێت''.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش دا: ''ئێستا کار دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر کاری شوێنەواری و ئەنجامەکانی کنە و پشکنینی شوێنەواری و شارستانیەتیی پارێزگای دهۆک و ئیمپراتۆریی #ئاشووری#، ئەم فیلمە لەلایەن کۆمپانیای (BambooDoc)بەرهەم دەهێنرێت بۆ کەناڵی (France Télévision) کە فیلمێکی 90 خولەکییە و لە ساڵی 2024 کۆتایی دێت. ئەو کۆمپانیایە یەکێک لە کۆمپانیا ناودارەکانە لەسەر ئاستی جیهان و بەرهەمەکانی لە #ناشناڵ جیوگرافیک# و #نێتفلیکس# و زۆر کەناڵی ناوداری دیکە بڵاو دەکرێنەوە، ئەوەش دەستکەوتێکی مەزنە بۆ نیشاندانی شارستانیەتیی کوردستان، بەتایبەتی دەڤەری دهۆک کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە توانیویەتی بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاریی زانکۆ بیانییەکان ئەم کارە بکات و ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندانی جوگرافیا و کولتوور و شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستانە بە وڵاتانی بیانی''.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]