پێکەوەژیانی ئایینی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی هەر نەتەوەیەک، هەرێمی کوردستان لە دێرزەمانەوە لانکەی پێکەوەژیانی ئایینی و مەزهەبیی هەموو چین و توێژەکان بووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی #عوسمانی#دا گوندی #مەم بۆتان# گوندێکی موسڵمانی جوانی دەڤەری #گۆرانەتی# بووە و بەپێی شوێنی جوگرافییەکەی دەکەوێتە سەر ڕووباری خازر لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش.
دانیشتوانی ئەم گوندە لە کاتی فەرمانی ئێزدییەکاندا دەچنە پاڵ ئێزدییەکان و دژی دەسەڵاتی عوسمەکانی و هاوپەیمانەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەجەنگن و بەهۆیەوە گوندەکە قەتڵوعام دەکرێت و خانووەکانیشی لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن، لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستا مەم بۆتان لەسەر زەوی سڕاوەتەوە.
لەم بارەیە، نووسەر، یاسین حەسەن، کە 12 کتێبی لەسەر مێژووی کولتووریی ناوچەی بەردەڕەش نوسیووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، گوندی مەم بۆتان دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارۆچکەی بەردەڕەش و دەکەوێتە سەر ڕووباری خازر لە بناری #چیای مەقلووب# و گوتیشی: ''دانیشتووانی ئەم گوندە موسڵمان و لە تیرەی مووسەوی لە عەشیرەتی گۆران بوون، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە سالی 1832ی زایینی بە فەرمانی والیی بەغدای ژێر دەسەڵاتی عوسمانی هێرش بۆ سەر کوردانی ئێزدی دەستی پێ کرد کە ئێستا بە فەرمانی ئێزدییەکان ناسراوە، ئەوکات بناری چیای مەقلووب و نزیک سنووری بەردەڕەش، شوێنی دانیشتوانی ئێزدی بوو کە لەگەڵ موسڵمانەکان بە یەکەوە دەژیان.''
گوتیشی: ''گوندی مەم بۆتان کە موسڵمان بوون، تێکەڵاوێکی زۆریان لەگەڵ کوردانی ئێزدی هەبووە و بە یەکەوە بەبێ کێشە لە یەک سنوور دەژیان لەدژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و هاوپیمانەکانیان لە کوردستان وەستانەوە و چوونە پاڵ کوردانی ئێزدی و لەگەڵ ئەوان جەنگان، بەڵام بەهۆی ناهاوسەنگیی هێز لەگەڵ عوسمانییەکان و هاوپەیمانەکانیان نەتوانرا بەرگری بکەن و کەوتنە دەست عوسمانییەکان.''
ڕایشگەیاند: لەو شەڕەدا نزیکەی 10 هەزار لە کوردانی ئێزدی کوژران و گوندی مەم بۆتانیش قەتڵوعام کرا و لە شوێنک کە چەند کیلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە، خەڵکی مەم بۆتان ئەوەی پیاو بووە و ئەوەیشی لە ڕەگەزی نێر بووە و تەمەنی 10 سال بووە دەستگیر کران و لەو شوێنەی کە پێی دەڵێن ئاوخۆردە کۆ کرانەوە و زیندەبەچاڵ کران.''
گوتی: ''ئێستاش لە کاتی کێڵانی زەویوزار لە ئاوخۆردە ئێسکوپرووسکی مرۆڤ و کەلوپەلی سەربازیی ئەو سەردەمە دەدۆزرێتەوە، گوندەکەش لەگەڵ زەوی تەخت کرا، لەبەر ئەوەی خانووەکانیان لە خۆڵ و قۆر بوو و ئێستا هیچ ئاسەوارێکی ئەو گوندە نەماوە و بە یەکجاری ون بووە.''
ئاماژەی بەوەش دا: ''تەنها گۆڕستانی ئەم گوندە ماوە کە مردوویەکی زۆری لێ نێژراوە و بەشێک لە گۆڕەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کاتەی کە گوندەکە ئاوەدان بووە و بەشێکی زۆریشی دەگەڕێتەوە بۆ قەتڵوعامکردنی خەڵکەکەی، چونکە بەشێک لە قوربانییەکان زیندەبەچاڵ کران و بەشێکیشیان لە شەڕ کوژران، ئەوانەی کە کوژراون لەلایەن خەڵکی سنوورەکەوە نێژراون.''
یاسین حەسەن گوتیشی: ''گوندەکە گوندێکی گەورە و کۆن بووە لە دەڤەرەکە و بەشێکی کەمی خەڵکەکەی هەڵاتن، ئەو نەوەیەی مووسەوی کە ئێستا ماون، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە هەڵاتوون و ئەو منداڵانەی لە خوار تەمەنی 10 ساڵ نەکوژراون و ئەو منداڵانەی لەپاش باوکیان لەدایک بوون.''
ئەو نووسەرە ڕوونیشی کردەوە: ''گوندی مەم بۆتان بە کردار بووە قوربانیی پێکەوەژیانی ئایینی لە سنووری بەردەڕەش و ئێستاش ئەم کولتوورە لەناو خەڵکەکەی زاڵە و کاری پێ دەکرێت.''
ئامادەکردن: #سارا سەردار#
[1]