#ناوچەی شوێنەواریی خشام#، دەکەوێتە 35 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری #حەسەکە#.
خشام، ناوچەیەکی شوێنەواریی پان و بەرین و گەورەیە، ڕووبەرەکەی بە درێژایی 30 کیلۆمەتر و پانیی 18 کیلۆمەتر دەبێ، هەروا 493 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
هەڵکەوتەی جوگرافیایی ناوچەی شوێنەواریی خشام، بەم شێوەیە دابەشکراوە: لە بەشی باکووری ناوچەکە، زەوی کشتوکاڵییە، بەشی ڕۆژاواکەی گوندی ئاویجلە-یە، لە بەشی باشوورەوە لای #ڕووباری خابوور# کۆتایی پێدێت و لە ڕۆژاواکەی گوندی زرکانە.
لە بارەی دۆزینەوە و ناسینی ناوچەی شوێنەواریی خشام، شوێنەوارناسان لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواریی حەسەکە دەڵێن: لە ساڵی 1995، چەند دەقێکی بزماری بەردین لەم ناوچەیە بە ڕێکەوت دۆزرایەوە، بۆیە لە ساڵەکانی 1998 - 1999 بە دوو قۆناغ دەستمان بە کاری کنە و پشکنین و کۆکردنەوەی زانیاری کرد، لە درێژەی کارەکانماندا نەخشە بەردینەکانمان دابەشی سەر شەش گرووپ کرد: دەبعان، خشام، باشوکی، گردی بیدەر، کفرا، خان و مرە. لەم شەش گرووپە، بێجگە لە گردی بیدەر، ناوچەکانی تر چەندین شوێنەواری گرنگی تێدا دۆزراوەتەوە، وەک پاشماوەی بەردی بیناسازی بە شێوازی بازنەیی و لاکێشەیی، کە بۆ درووستکردنی خانووی گەورە و دیواری گەورە و بچووک بەکارهاتوون.
لە ئەنجامی ئەم دۆزینەوانە، لە ساڵی 2001، کارێکی کنە و پشکنینی هاوبەش لەنێوان تیمەکانی سووری و بەلجیکی دەستی پێ کرد، بەپێی ئەم چالاکییە، کە بۆ ماوەی چەند وەرزێک درێژەی کێشا، چەندین چینی شوێنەواریی کە لە چاخی بەردینی ناوەڕاستەوە پێکهاتوون، هەتا سەدەی 19ی پاش زایین دۆزراوەتەوە.
شوێنەوارەکانی ئەم بەشەی ناوچەی شوێنەواریی خشام، لە بناغەی بەردینی بیناسازی لە شێوە و ئەندازەی جیاواز پێکهاتوون، هەروا پاشماوەی خانوو، گۆڕ، دیواری گەورە و بچووک، مۆری شیشەیی، گوارەی مسین، کەرستەی بچووک، تەنووری شێوە بازنەیی و چەندین پارچە گڵینەی تایبەت بە سەردەمی ئاشووری نوێ.
لە دۆزراوە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی دیکەی ئەم ناوچە شوێنەوارییە، دەبێ ئاماژە بە دۆزینەوەی 500 تەبلێتی بەردین بکەین، کە بە شێوەی نەخش و وێنەکێشان ئامادەکراون، نەخشەکانی سەر ئەم تابلۆیانە بریتین لە نەخشی شێوە بازنەیی و چوارگۆشەیی، وێنەی مرۆڤ، وێنەی شەڕکردنی مرۆڤ و ئاژەڵی دڕندە، بابەتە ئایینییەکانی وەک پەرستن و وێنەی خواوەندەکان لەسەر پشتی ئاژەڵ، بابەتە ئەفسانەییەکان، وەک بوونەوەرێک بە لاشەی مرۆڤ و سەری ئاژەڵ، ڕاوی ئاژەڵی وەک بزنەکێوی، ئاسک، شێر… تاد.
لە ئێستادا ئەم ناوچە شەوێنەوارییەش هەر وەک ناوچە شوێنەوارییەکانی تری ڕۆژاوا، لە بەر هێرش و پەلامارەکانی حکومەتی تورکیا، کەوتووەتە ژێر مەترسی و هەڕەشەی تێکچوون و لە ناوچوون.
ئامادە کردنی: #سارا سەردار#
[1]