ناونیشانی بابەت: تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا
ئامادەکردن: #شەماڵ بارەوانی#
تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا، پەڕتووکێکی قەبارە مامناوەندی (143) لاپەڕەیی (هادی ئەلعەلەوی) نووسەر و بیرمەندی کۆچکردووی بەڕەگەز ئێراقیە.
نووسەر لەو پەڕتووکەیدا، باس لە بیرۆکەیەکی مەترسیدار و دیاردیەکی قێزەون دەکات، ئەویش دیاردەی تیرۆری سیاسییە، ئەو دیاردە بۆگەنەی مرۆڤە بیرتەسک و ترسنۆک و دەمارگیر و دواکەوتوو ناشارستانی و شکستخواردوو و دیکتاتۆرەکان پەنای بۆ دەبەن و لە دژی نەیارەکانیان بە کاری دێنن! بەتایبەتی توندئاژۆکان و گرووپە پەڕگیر و مەزهەبی و فۆندەمێنتالیستەکان، کە چەندین کەسیان لە سەردەمی کۆن و نوێدا تیرۆرکردووە، لە سەردەمی نوێ و لە سەردەستی ئیسلامی سیاسی، لە وڵاتی میسر نموونەی: ئەحمەد ماهیر:سەرۆک وەزیرانی میسر، لە ساڵی1948، لەلایان ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین، قازی: ئەحمەد خازنەدار لە ساڵی1948، هەر لەلایەن ئیخوان موسلمینەوە، سەرۆک وەزیران: مەحمود فەهمی نوقراشی لە هەمان ساڵ و دیسان لەلایان ئیخوان موسلمینەوە.
ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر ساڵی 1981، فەرەج فۆدە بیرمەند و نووسەر لە ساڵی1992، نەجیب مەحفوز، نووسەر و ڕۆماننووسی کۆکچردوو لە ساڵی1995، هەوڵی تیرۆرکردنی دراو بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و پەڵاماردرا و بریندارکرا لەسەر نووسینی ڕۆمانی (منداڵانی گەرەک) ، چەندین هەوڵی ترو تیرۆرکردنی تر، لەو وڵاتە و وڵاتانی تردا لەلایان گرووپ و حیزبە ئیسلامی سیاسیە فۆندەمێنتالیست و ڕادیکاڵەکان.
ئەو ڕادیکاڵ و فۆندەمێنتالیستانەی، جگە لەزمانی چەک و تیرۆر و تۆقاندن، لەهیچ زمانێکیتر تێناگەن، ئەو توندئاژۆیانەی ژیان کاوڵ و وێران دەکەن لەپێناو مردن، ژیانی ئێرە بە دۆزەخ دەکەن، لەپێناو بەهەشتی ئەو دیو، مرۆڤەکان دەکەن بەپردی پەڕینەوە و سیرات، بۆ گەیشتن بە حۆری و غیلمان و شەڕابی تەهور و چێژو ڕابواردن و خۆشییەکانی ئەولا!
دەسپێک بەرلەوەی بەکوورتی و بە کوردی ڕانانێکی کوورت بۆ پەڕتووکەکەی هادی عەلوی بکەین و باس لەتیرۆری سیاسی بکەین، لەئیسلامدا و سەبارەت بەم باس و خواسەوە، لاپەڕەکانی پەڕتووکی«تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا». هەڵبدەینەوە و بابەتەکە شەن و کەوبکەین و بەڵگەکان و نموونەکان لەبارەی ئەم تیرۆرە سیاسیەی ناو هەناوی مێژووی ئیسلام بخەینەڕوو،
پێم باشە سەرەتا ئاماژە بۆ خاڵێک بکەم، ئەویش ئەمەیە کە
دیاردەی تیرۆری سیاسی، یاخود تیرۆر بەشێوەیەکی گشتی ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، مێژوویەکی کۆن و کەوناری هەیە و بەتەنیا تایبەت نییە بە سەردەمێک و بڕگەیەکی تاریخی دیارکراو، یاخود شارستانییەتێک و مێژووی گەلێک و ئایین و نەتەوەیەک، بەپێی ئایینەکان و میتۆلۆژیاکان بێت، تیرۆر لەگەڵ یەکەم هەنگاوی دابەزینی مرۆڤ ، لەبەهەشتەوە بۆ ئێرەو لەگەڵ یەکەم پێ خستنە سەر زەوی ئادەمەوە، دەست پێدەکات و یەکێک لەدوو کوڕەکەی ئادەم ، ئەوەکەیتر تیرۆردەکات (قابیل، هابیل دەکوژێت) ، کەواتە بەپێی ئەو تێگەیشتن و میتۆلۆژیایەبێت، کە ئادەم بە یەکەم قۆناغی ژیانی بەشەریەت دادەنێن، دەتوانین بلێین تیرۆر لەگەڵ دەستپێکی کاروانی ژیان و مرۆڤایەتی و سەرەتای گەشەسەندنی شارستانییەتدا، هاوەڵێتی و هاودەمی مرۆڤی کردووە، هەموو شتارستانییەت و سەردەمە مێژووییەکان، کەم و زۆر، بەشی خۆی تیرۆر، یاخود تیرۆری سیاسی تێدا هەبووە، لەگەڵ پەرەسەندنی شارستانییەت و بەرەو پێشوەچوونی ژیان و پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵ و ژیار و درووستبوونی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت و هەرێم و مەمالیک و میرنشینەکان ، دیاردەی تیرۆری سیاسیش سەری هەڵداوە، بە هۆکار و پاڵنەری جۆر بەجۆر، تیرۆر لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات، یاخود لەپێناو مانەوە لە دەسەڵات، تیرۆرکردن لەپێناو بەرژەوەندیەک، تیرۆر لەپێناو ئایین و ئایدیۆلۆجیاو ئایدیایەکی دیاریکراو، تیرۆرکردنی بۆچوونی جیاواز، تیرۆرکردنی ئازادییەکان، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و نووسەر و قەڵەمە ئازادەکان..
مێژووی ئیسلامیش وەک بەشێک لەو مێژووە دووروو درێژەی مرۆڤ، کە ژیان پێیدا تێپەڕیوە و لەسایەیدا ئەزموون کراوە و مرۆڤایەتی بەناو تۆنێڵەکەیدا ڕۆیشتووە، یەکێک لە مێژووە هەرە ناشیرینەکانی بوونی بەشەریەتە، مێژووی تیرۆر ڕەگ و ڕیشەی خۆی تێدا داکوتیوە و پڕیەتی لە تاوان و لادان و ئەشکەنجە و داگیرکرکاری و تاڵان و فەرهود و بەکەنیزەکردن و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و جەنگ و کوشتن و تیرۆر،
ئەو مێژووەی پێکهاتووە لەزنجیرەیەکی بەردەوام، لەتیرۆری سیاسی و توندوتیژی و خوێن ڕشتن و کوشتن و کودەتا و پیلان و یەکتری لەناوبردن و پاکتاوکردن و سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەت و وێرانکردن.
ئەو مێژووەی بە تڕێڵە مێکابی بۆ بکەیت و بەساڵان دابنیشیت مۆنتاژی بۆ بکەیت و هەوڵی پەردەپۆشکردنی قێزەونییەکانی و جوانکردنی ناشیرینیەکانی بدەیت، بۆت ناکرێت، مێژووەیەکی هێندە و بێ ئەندازە ناشرین و لێوانلێوە لەتوندوتیژی، مێژووەک، بۆنی باروت و خوێن و خویزاو جەنگ و داگیرکاری و کاوڵکاری و تیرۆری لێ دێت.
ئەو مێژووەی زۆر چەواشەکارانە، وەکوو پەپولەیەک و مانگی چواردەشە و ، یاخود بوکێکی ئارایشتکراو، پیشانی ئێمە مانان دراوە و دیوە ڕاستەقینەکەی و لایەنە دزێوەکەی ، زۆر فێڵبازانە، هەمووی شاردراوەتەوە و پەردەپۆشکراوە.
ئەو مێژووەی کردەی تیرۆری سیاسی یەجگار زۆر و لەئەژمار نەهاتووی بەخۆیەوە بینیوە، لەلایەن سەرکردە و خەلیفە و والی و ئەمیر و حاکم و قازیەکان و سەحابە و ئالو بەیت و ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و هەموو ئەوانەیتری دوای ئەمان و بەدرێژایی حوکمی خەلافەتی ئیسلامی و بوونی حوکمی ئیسلامی و دەوڵەتی سیوکراتی ئیسلامی و لەنێوان هەموو چین و توێژەکانەوە، تەنانەت هەوڵدراوە خودی پەیامبەری ئیسلامیش، بەژهر تیرۆربکرێت، جا وەک ئاماژەمان بۆی کرد، لەپێناو دەسەڵات بووبێت، یا لەسەر ڕەخنەگرتن و بۆچوونی جیاواز و ئایینی جیاواز، یاخود بۆ تەڵەسەندنەوەو بۆ سەروەت و سامان و هەر هۆکارێکیتر بووبیت.
تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکه، لە مێژووی تیرۆری سیاسی لە مێژووی ئیسلامدا، سەبارەت بە هەموو ئەو کەسانەی کە لەناو ئەو مێژووەدا تیرۆرکراون،
لە«تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا».
بە پشت بەستن بە چەندین پەڕتووک و سەرچاوەی مێژوویی ئیسلامی مێژوو نووسە ئیسلامییەکانی وەکو:
(ابن خلکان - وفیات الٲعیان، العسقلانی - الدرر الکاملە، نهج البلاغە، ابن الاپیر- الکامل فی التاریخ، تاریخ الگبری، ابن الجوزی -سیرە عمر عبدالعزیز ، مسعودی ، یعقوبی، ابن العماد الحنبلی-شذرات الژطذهب فی أخبار من ذهب، العقد الفرید- ابن عبدربە، ضبقات ابن سعد. البلاذری- أنساب الأشراف ، بن أبی أصیبعە-عیون الأنبا و فی ضبقات الأضبا و ، ابن عساکر- تهذیب تاریخ دمشق الکبیر، الدینوری -الاخبار الضوال ، ابو یوسف-الخراج، ابو حیان التوحیدی - البصائر والذغائر، ..تاد) .
هادی عەلوی لەشێوەی پانۆرامایەکی مێژوویی تیرۆرکردن لە مێژووی ئیسلامی، لەسەردەمی نەبەوی، ڕاشدی، ئەمەوی، عەباسی، لە تورکیا تاکوو ئیسپانیا، ئەوەی عەرەب دوای ئەوەی بەناوی فتوحاتەوە داگیری دەکەن و ناوی دەنێن (ئەندەلوس) دەخاتەڕوو قسەو باسیان لەبارەوە دەکات.
نووسەر لەبەشی یەکەمی پەڕتووکەیدا بە تیرۆرکردنی سیاسی موعارەزەو نەیاران، لەسەردەمی سەرەتای ئیسلامدا دەستپێدەکات، باس لەتیرۆر دەکات لەسەردەمی نەبەویدا، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانی ئیسلامی دەتوانین بڵێین لەسەردەمی نەبەویدا، یانزەجار هەوڵی تیرۆرکردن دراوە و لەم یانزەیەش، دەیان سەرکەوتوبوون و دانەیەکیشیان شکستی هێناوە (هەوڵی تیرۆرکردنی ئەبو سوفیان) پێش موسڵمان بوونی.
تیرۆرکردنەکانیش بەشێوەیەکی گشتی هەمووی ئاڕاستە هەموو ئەوانەکراوە، کە پێیان دەگوتن هاوبەشدانەر (مشرک) ، یاخود شاعیر و کەسایەتی و سەرکردە جوەکان بوون و لە دیارترینیانیش
لەنموونەی تیرۆرکردنی (کەعبی کوڕی ئەشرەف، سەلامی کوڕی ئەبی ئەلحوقیق، ئەسمای کچی مەروان، ئوم فرقە، ئەبو عەفەک، خالیدی کوڕی سوفیان، قەیسی کوڕی ڕفاعە ، ئیبن سونەینە، عەب هەلە-ئەسوەدی عەنسی) .
هادی عەلەوی لە «تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا» دواتر و لەبەشی دووەمدا. دێتە سەر تیرۆری سیاسی لەسەردەمی ڕاشدین و چوار خەلیفە ڕاشیدینەکە، و باس لەچوار کردەی تیرۆری سیاسی دەکات، لەو سەردەمەدا، سێیان لەنێوخۆ و بەدەستی موسڵمانان خۆیان و دانەیەکیشان بەدەستی دەرەکی، دوو خەلیفە و هاوەڵێکی پەیامبەر و سەرکردەیەکی شیعی، نووسەر باس لەتیرۆرکردنی (سەعدی کوڕی عوبادە) ، کەسایەتییەکی ئەنساری و سەرکردەی خەزرەجی، نەیاری قوڕەیش و ئەوسییەکان، لەلایان عومەرەوە دەکات، بەهۆی هەڵوێستی سەعدەوە لەبارەی خیلافەتەوە و ناڕەزایەتی و دژایەتی کردنی بۆ بوونی ئەبوو بەکر بەخەلیفە، سەعد هەرگیز دانی بەو خەلافەتەی ئەبوو بەکر دانەناو بەژداری هیچ یەکێک لەو چالاکی و جەنگانەشی نەکرد، کە ئەبو بەکر دوای بوونی بەخەلیفە لەناوەوە و دەرەوەدا بەرپایکردن، چونکە ئەو خۆی بەشایەنی پۆستی جێ نشینی و خەلیفایەتی بۆ پەیامبەر ئیسلام دەزانی، بۆیە لەو سۆنگەیەوە، دوای شکستی هەوڵەکەی لەبوون بەخەلیفە، ئەو بەگۆشەگیری و دوورە پەرێزی لەماڵەوە مایەوە، تەنانەت بەژداری نوێژی بەکۆمەڵیشی نەدەکرد و لەماڵەوە، بەتەنیا نوێژەکانی ئەنجام دەدا و لەدەرفەتێک دەگەرا، بۆ ئەوەی لە شاری مەدینە بڕوات، تاکوو ئەوکاتەی عەرەکان شامیان، کۆڵۆنی و داگیرکرد و ڕۆیشت لەوێ ، لە شاری حۆران ئاکنجی بوو، عەلەوی لە ڕێگەی کۆمەڵێک سەرچاوەی ئیسلامییەوە باس لەوە دەکات، کە لە ساڵی14ی کۆچییەوە ، عومەر کەسێک ڕادەسپێرێت، تاکوو تیرۆری سەعد بکات، چونکە هێشتا ئامادە نییە، بەیعەت و بەڵێن بە خەلیفە بدات و دان بەخەلافەتی خەلیفەی موسڵمانانان دابنێت، ئیتر بەو شێوەیە تیرۆردەکرێت!
پاشان تیرۆرکردنی خەلیفەی موسڵمانان (عومەری کوڕی خەتاب) لەسەردەستی فەیرۆزی دەیلەمی (أبو لۆلۆە) ی زەردەشتی .کە، کۆیلە و دەست بەسەرداگیراوی (موغەیرەی کوڕی شوعبە) بوو. لەتۆڵەی کەوتنی ئیمپڕاتۆری ساسانی بەڕەگەز کوردەکان لەسەردەستی عەرەبەکان، نووسەر باس لەوە دەکات، بە شەش خەنجەر، یان سێ، گێڕانەوە، هەیە دەڵێت سێ خەنجەربوو، وەک ئاماژەیەک بۆ تۆڵە و هێمایەک بۆ درووشمەکەی ئایینی زەردەشتییەت و مانەوەی ئایینەکە و خۆڕاگری زەردەشتییەکان، کە ئایینی فەیرۆزی دەیلەمیش بووە، (بیری چاک، کرداری چاک و ڕەفتاری چاک)
نووسەر باس لەوە دەکات، کە چۆن لە شاری مەدینە، کاتێک فەیرۆز کچان و ژنانی هاوئایین و هاو زمانی خۆی دەبینێت، وەک چۆن خۆی کراوە بەکۆیلە، ئەمانیش کراونەتە کەنیزە، دڵی قرچەدەکات و ئاهو ئەفسوس دەکێشێت و بەچاوی پڕ لەفرمێسک و گەرووی پڕ لەگریانەوە، دەست بەسەر سەری ئەو منداڵانە دادێنێت، کەعەرەبەکان لەشاڵاوی فتوحات (داگیرکاری) لەگەڵ دایکەکانیان، کەکردوویانن بەکەنیزە و دەستکەوت، لە دوای داگیرکردنی خاکی کوردەکان و کەوتنی ئیمپڕاتۆری ساسانیەکان، لەگەڵ خۆیان هێناویانن.
پاشان نووسەر باس لە تیرۆرکردنی (عەلی کوڕی ئەبی تاڵب) دەکات لەسەر دەستی گرووپی خەواریجەکان، ئەو خەواریجانەی کە خەلیفەی سێیەم (عوسمان) یان کوشت و عەلی یان کرد بەخەلیفە لەشوێنیدا، دووبارە ئێستا وا خۆیشی دەکوژن و تیرۆری دەکەن!
خەواریجەکان، پیلانێک دادەڕێژن تاوەکوو معاویەی کوڕی سوفیان و عەمری کوڕی عاس و عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب لەیەککاتدا، پێکەوە تیرۆربکەن، وەلێ پیلانی تیرۆرکردنی موعاویە و عەمر شکست دێنێت و سەرناگرێت ، تەنیا عەلی دەکەوێتە داوە و تیرۆردەکرێت، ئینجا عەلەوی باس لەتیرۆرکردنی (مالیکی کوڕی ئەلئەشتەر) ، قوربانی ناکۆکی نێوان عەلی و موعاویه،
سەرکردەی چەکدار و شیعەبل و لەبەرەو لایانگری عەلی کوڕی تاڵیب و نەیار و دژی موعاویەی کوڕی سوفیان دەکات، ئەو پیاوەی عەلی بۆ پۆستی والیێتی ویلایەتی میسر ڕایسپارد و لە دژی ئەم بڕیارە عەلی ، لەلایەن موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان و بەپیلانی ئەوەوە و لە ڕێگەی ژەهراوی کردنی خواردنەکەیەوە تیرۆرکرا.
موعاویە یەکێک لە سیفەتەکانی ئەوەبوو، هەرکەسێکی بە مونافیس و مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی بزانیبوایە، هەوڵی تیرۆرکردن و پاکتاوکردن و لەناو بردنی دەدا.
ئینجا نووسەر لەبەشی سێیەمدا، دێتە سەر باسکردن لەتیرۆری سیاسی سەردەمی ئەمەویەکاندا، تیرۆرکردنی (حەسەنی کوڕی عەلی) ، لەسەردەستی هاوسەرەکەی (جەعدەی کچی ئەشعەسی کیندی) بە ئیعازی موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان، حەسەن، ئەو پیاوەی بۆ مەعاویە تەنازولی کرد، لەخەلافەت و بەوەیش ناسراو بوو، کەزۆر پڕۆسەی هاورسەگیری پێک هێناوە و زۆر بەزوییش لێیان جیادەبوویەوە.
ئینجا تیرۆرکردنی (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) و کوڕەکەی (عەبدولمەلیک) ، هەروەها نووسەر باس لە کۆمەڵێک کەسیتر دەکات، کە لەسەردەمی ئەمەویەکاندا، تیرۆرکراون، لەوانە: عەبدولڕەحمانی کوڕی خالید، موعاویەی کوڕی یەزیدی موعاویه، یەزیدولناقیس- یەزیدی کوڕی وەلیدی کوڕی عەبدولمەڵیک، مەروانی کوڕی حەکەم ، عەلی کوڕی حسێن و کوڕەکەی (محەمەدولباقر و..تادوایی.
پاشان نووسەر لە «تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا».و لەبەشی چوارەمدا باس لەقۆناغێکیتر دەکات، ئەویش تیرۆری سیاسیە لە سەردەمی عەباسییەکاندا و باس لە تیرۆرکردنی (عەلی ئەلریچای کوڕی موسای کازم) ، وەلی عەهد و جێ نشینی مەئمون دەکات، پاشان لە تیرۆری گرووپی ئیسماعیلییەکان بەسەرپەرشتی (حەسەنی کوڕی سەباح) کە حەشیشیەکان ناسراو بوون دەدوێتز، ئینجا تیرۆرکردنی ئیدریسی کوڕی عەبدوڵڵای سەرکردەی چەکداری ڕاپەڕی و لە دژی دەسەڵاتدارێتی عەباسییەکان، تیرۆرکردنی عەلی کوڕی ئەلفەزل، تیرۆرکردنی ئەبو سەعید ئەلجەنابی، تیرۆرکردنی (توتووش و بوری) هەردووک کوڕەکەی (ئەلەب ئەرسەلان) ی سوڵتانی سلجوقییەکان، لەلایان (زومرەد) ی دایکییانەوە، بە ژەهراویکردنی خواردنەکانیان، تیرۆرکردنی موقتەدر باڵڵای عەباسی، ئامر بیحوکموڵڵای خەلیفەی فاتیمی، موعیدی کوڕی زاید، شازادە ئاق سەنگەری سەلجوقی، نیزامولمەلیک و کوڕەکەی (فەخرولمەلیک) ، سوڵتان ئیسماعیلی کوڕی فەرەج و ..تاد.
لە کۆتاییدا ماوە بڵێم: ئەوە ڕانان و خوێندنەوەیەکی کوورت بوو بۆپەڕتووکی «تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا». نموونەوکان و چیرۆکەکان هێندە زۆرن، سەبارەت بە تیرۆری سیاسی لە مێژووی ئیسلامیدا، کورد وتەنی لەبن نایەن و ئەوە مشتێک بوو لەخەروارێک و ئەفسوس سنوورداری و بەرتەسکی و بچوکی مەودای ئەو نووسینە کوورتە دەرفەتی ئەوەمان پێنادات بەدرێژی بیانخەینەڕوو و لەسەریان بدۆین! بۆیە من لێرەوە کۆتایی پێدێنم و ئەوەی تر بۆ خوێنەر خۆی جێ دێڵم، ئەو خوێنەرەی عەودالی حەقیقەت و گەیشتن بە ڕاستییەکان و پەردەلادان لەسەر ڕووی چەواشەکاریەکانە، با بڕوات ئەو پەڕتووکە بەنرخ بەهادارەی «تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا» بخوێنێتەوە و بەچاوەکانی خۆی حەقیقەتەکان و نموونە حاشاهەڵنەگرەکان و بەڵگە زۆر بەهێزەکان، سەبارەت بەو پرسی تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا. ببینێت. [1]