ناونیشانی پەرتووک: ئازادی لێپێچینەوە لە فەلسەفەی ژان پۆل سارتەردا
ناوی نووسەر: #دڵشاد کاوانی#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
چاپخانە: چوارچرا
ساڵی چاپ: 2023
ژمارەی چاپ: یەکەم
ئەم پەرتووکە، شیکاری و ڕاڤەکردن و ڕەخنەگرتنە لە هەندێک لە فۆرم و دیدگا و بۆچوونەکانی ژان پۆل سارتەری گەورە فەیلەسووفی جیهان، بەتایبەتیی لە پەرتووکی بوونگەرایی جۆرێکە لە مرۆڤگەرایی. سەبارەت بە ڕوئیا و بینینی بۆ ئێگزستانسیالیستی و چەمکەکانی بوون و خودا، ئازادی، لێپێچینەوە و بەرپرسیارییەتی هەڵنەهێندراو، نۆرمە ئەخلاقییەکانی پەیوەست بە سەربەستی و نا سەربەستی، لە دیارکردنی هەڵبژاردە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ باس کراوە.
دڵشادکاوانی سەبارەت بە لایەنە ڕەخنەیەکەی پەرتووکەکە ڕایگەیاند: لە پەرتووکەکەمدا، خاڵم خستۆتە سەر هاودژییەکانی بۆچوونەکانی ژان پۆل سارتەر لە بوونگەرایی ڕێژەیی و پەشیمنابوونەوەی لە ڕوانینەکانی پێشووتری.
هەروەها وتی: وەک چۆن سارتەر هەر جۆرە ڕەهاگەرایییەکی پێشوەختە دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، کارەکانی سارتەر تێگەیشتنێکی کۆتایی یەکلاکەرەوە لە بوونگەراییمان بۆ دابین ناکەن. بوونی فرە بۆچوونی ئایدیۆلۆژی سەبارەت بە بوونگەرایی، لەوانەش پووچەڵکردنەوەی ئەم بۆچوونانە لەلایەن سارتەرەوە پەرتووکخوێنان هان دەدات بۆ بانگەوازکردن بۆ ئیرادەی ئازادبوون. ئەمەش مانایەکی تری ئازادییە کە لە پەرتووکەکە باسی دەکەین.
دیدە ڕەخنەیەکەی پەرتووکی ئازادیی لێپێچینەوە، لەسەر هەرسێ پایەکانی ڕەخنەگری سارتەر ڕەخنەی مارکسیست و کۆمۆنیستەکان، ڕەخنەی ئایینی کریستیان کاسۆلیکەکان، ڕەخنەی دیاردەناسیی. ڕاڤەی بۆ کراوە و جارێکی دیکە خراوەتە بەر ڕەخنە.
لە پەرتووکی ئازادیی لێپێچینەوە گەڕان بەدوای مانای بوونی مرۆڤ لەم جیهانەدا- بە واتایەکی تر، ڕاستی بوونی مرۆڤ، خراوەتە بەر باس. بەتایبەتیی لێکدانەوەکان و ڕەخنەکانی سارتەر، لە پەرتووکەکانیدا بۆ مەرگی خودا لە درووستکردنی مرۆڤی باڵا لای فریدیش نیچە. جارێکی دیکە بە زمانی کوردی و بۆ خوێنەری کوردی لەم پەرتووکەدا لێکدراونەتەوە.
پەرتووکی ئازادیی لێپێچینەوەدا لەپاڵ وتارە فەلسەفییەکەیدا چەمکە زانستی و فەلسەفییەکانی بە سی یەک پەڕاوێز لێکدانەتەوە و پانزە پەرتووکی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی وەک سەرچاوە، بۆچوونەکانی پێ پپشت ڕاست کراوەنەتەوە.[1]