میرنشینی ئەردەڵان، بەتەمەنترین دەسەڵاتی کوردی
لە سەروبەندی قۆناغی مێژووی نوێی کورددا، میرنشینی ئەردەڵان بە یەکەمین دەسەڵاتی کوردی دادەنرێت. بەپێی زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان بۆ نێوان ساڵەکانی 1169-1862ی زایینی دەگەڕێتەوە. هەر بەپێی ئەم مێژووە، لە هەردوو قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی نوێدا، میرنشینی ئەردەڵان بەتەمەنترین دەسەڵاتی کوردی بووە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی 58 کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەردەڵانییەکان، گەیشتنە دەسەڵات و ڕۆڵی مێژووییی خۆیان گێڕا.
سەبارەت بە مێژووی دەرکەوتنی بنەماڵەی ئەردەڵانییەکان و دامەزرێنەری میرنشینەکە (بابا ئەردەڵان)، بۆچوونی جیاواز هەن. مەئمون بەگی کوڕی بیگەبەگ (1496-1538)، یازدەمین میری میرنشینی ئەردەڵان، ئاماژەی بەوە داوە کە بابا ئەردەڵان دامەزرێنەری میرنشینەکە نەبووە، بەڵکوو پێش ئەو چەندین ئەندامی بنەماڵەکەیان گەیشتوونەتە دەسەڵات، بەڵام بابا ئەردەڵان ئەو کەسە بووە کە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، بنەماڵەکەیانی گەیاندووەتە دەسەڵاتێکی خۆجێیی سیاسی.
لەمبارەوە #محەمەد ئەمین زەکی بەگ# ، بابا ئەردەڵانی بە دامەزرێنەری حکوومەتی ئەردەڵان ناو بردووە. ئاماژەشی بەوە داوە کە دوای ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی چەنگیز خاندا دەستی بەسەر ناوچەکانی #شارەزوور# و ئەردەڵاندا گرتووە و بووە بە ملکەچی چەنگیزخان، لەسەر فەرمانی ئەو وەک دەسەڵاتداری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ماوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەر مێژووی ئەم بنەماڵە و میرنشینی ئەردەڵان بۆ سەردەمانێکی دوورتر یان نزیکتر بگێڕینەوە، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە کەسایەتییەک بە ناوی بابا ئەردەڵان، کە بووەتە نازناوی خۆی و بنەماڵەکەی لە مێژوودا، هەبووە و دامەزرێنەری میرنشینەکە بووە. هەروەها ئەو کەسایەتییە لە سەردەمی ساسانییەکان و دواتر عەباسییەکاندا نەبووە، چونکە سەرچاوە ڕەسەنەکان، باسیان لە بوونی کەسێک بە ناوی بابا ئەردەڵان نەکردووە. بۆیە ئەو کەسایەتییەی بە ناوی بابا ئەردەڵان کەوتە نێو ناوان، لە ڕاستیدا ناوی خەسرۆ خان بووە و لە دەوروبەری ساڵی 1169 فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکانی شارەزوور و هەورامانی کردووە. دیارە ئەوەش کە یارمەتیی دەرکەوتنی ئەو کەسایەتییەی داوە تا فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکانی هەورامان و شارەزوور بکات، گرێدراوبوونی ئەو ناوچانە بووە بە دەوڵەتی ئەییووبی لە میسر و شام لەنێوان ساڵانی 1146-1190 کە لەلایەن سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبییەوە بەڕێوە دەبرا.
هەر بۆیە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ئەیووبییەکان لەو ناوچانە، بوار بۆ دەرکەوتنی بابا ئەردەڵان و بنەماڵەکەی ڕەخسا، تاکوو دەسەڵاتێکی نیمچەسەربەخۆ لە دەوڵەتی ئەیووبی و گرێدراو پێوەی، بەڕێوە ببەن. لە ماوەی ئەم دەسەڵاتەشدا قەڵای زەڵمی لە ناوچەی هەورامان درووستکرد و کردی بە پایتەختی دەسەڵاتەکەی و تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1208 کۆچی دوایی کرد، دەستی بەسەر ناوچەی شارەزووردا گرت و فەرمانڕەوایەتیی میرنشینی ئەردەڵانی کرد.
دوای خۆیشی، کوڕەکەی بە ناوی کڵۆڵ جێی گرتەوە و لەنێوان ساڵانی 1208-1231 فەرمانڕەوایی گرتە دەست. لە سەردەمی ئەویشدا میرنشینەکە دەسەڵاتی گەیشتە #سەقز#، زەرین کەمەر، گەڕووس، سیاکێو و تەنانەت قەڵای #هەولێر#یش.
لە سەردەمی ئەم میرەشدا شاڵاوی بنەماڵەی مەغۆل گەیشتە کوردستان و ناوچەی ئەردەڵان. ئەم میرە سیاسەتی خۆی گرتە بەر و بۆ ئەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی لە تاڵان و وێرانکاری بپارێزێت. هەر بۆیە لە دەسەڵاتداری مەغۆل نزیک بووەوە و متمانەی ئەوان بۆ هێرش نەکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەدەست هێنا.
کاتێکیش کڵۆڵ کۆچی دواییی کرد، کوڕەکەی بە ناوی خدر جێی گرتەوە و لەنێوان ساڵەکانی 1231-1264دا فەرمانڕەوایەتیی کرد. ئەویش بە یەکێک لە میرە بەخشندە و لێهاتووەکان بەناوبانگە و دەگوترێت کە لە سەردەمی ئەودا ئارامی و ئاساییش دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە.
دوای خدر، ئەلیاسی کوڕی جێی گرتەوە و لەنێوان ساڵەکانی 1264-1310دا فەرمانڕاوەیەتیی کرد. ئەویش وەک باوکی کەسێکی بەخشندە و دادپەروەر بووە.
دوای ئەلیاس، کوڕەکەی بە ناوی خدری دووەم جێی گرتەوە (1310-1345). ئەو لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا دەستی بەسەر ناوچەکانی #کۆیە# ، #هەریر# ، هەولێر، #ڕواندز# و #ئامێدی# لە باشووری کوردستاندا گرت.
هەڵۆ خانیش یەکێکی تر بوو لە میرە بەتواناکانی ئەم میرنشینە کە قەڵای زەڵمی لە ناوچەی هەورامان کردە پایتەختی میرنشینەکەی. دوای ئەو، خان ئەحمەد خانی کوڕی جێی گرتەوە و ساڵی 1634 پایتەختی خۆی بۆ #سنە# گواستەوە.
لە ئەنجامی پەیماننامەی زەهاو (1639) هێزی ئەم میرنشینە بەرەو کزی چوو.
قەڵاکانی حەسەن ئاوا، پلەکان و قەڵای #مەریوان#، لە شاکارەکانی میرەکانی میرنشینی ئەرەڵانن.[1]
سەرچاوەکان:
چەردەیەک لە مێژووی کورد، دکتۆر کەیوان ئازاد ئەنوەر، #سلێمانی#، 2021
میرنشینە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، #نەوشیروان مستەفا# ئەمین، سلێمانی، 2006ه