قەڵای حەسەن ئاباد، یەکێکە لە قەڵا مێژووییەکانی #کوردستان#، کە بەدرێژایی مێژوو حوکمڕانیی زۆر لە فەرمانڕەواکانی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم قەڵایە پێش دەسەڵاتی ئەمیر حەسەن خانی ئەردەڵان درووستکراوە، هەڵۆخان و ئەحمەد خان و ئەمیر حەسەن خان لەو دەسەڵاتدارە بەناوبانگانەی #میرنشینی ئەردەڵان#ن، کە لەم قەڵایەدا حوکمڕانییان کردووە و بەهۆی حوکمڕانیی ئەمیر حەسەن خانی ئەردەڵانەوە، ناوەکەی بە قەڵای حەسەن ئاباد ناسراوە.
قەڵاکە دیواری بەردی بەرزی لە بناری شاخەکە هەیە و بەدرێژایی دیوارەکان تاوەر و قوللە هەیە، تاکە ڕێگە بۆ چوونە ناو قەڵاکە لە بەشی باشووری گردەکەدایە و بەشەکانی دیکەی گردەکە دژوار بووە و پێگەیشتن پێیان زەحمەتە.
قەڵای حەسەن ئاباد، یەکێک بوو لە گردە سەخت و ستراتیژییەکانی ناوچەکە، کە بۆ زیاتر پاراستنی دانیشتووانی قەڵای حەسەن ئاباد، خانووی نیشتەجێبوون و کەرەستەی سەربازی بە پەرژینی ئەستوور و درێژ لە هەموو دەوروبەری شارەکەدا دەورە دراوە و ئەو پەرژینە، کە پێشتر باسمان کرد، بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە مەترسییەکانی داگیرکردنی لەلایەن دوژمنانەوە درووستکراوە. جگە لە دیواری بەرزی قەڵای حەسەن ئاباد، لە ڕووی کەرەستەی بەرگرییەوە، سێ تاوەری پاسەوانیی هەبووە، کە هەریەکەیان 400 مەتر لە شوورەی سەرەکیی قەڵاکەوە دوورە.
قەڵای حەسەن ئاباد، بەدووریی پێنج کیلۆمەتر لە شاری #سنە# لە باشووری گوندێک بە ناوی حەسەن ئاباد، هەڵکەوتووە.
مێژوونووسان باس لەوە دەکەن، بنیاتنانی قەڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانی و ساسانی، لە بەشی ڕۆژاوای ئێران وەک ناوەندی حکوومەت بەکار هاتووە.
ئەمیر حەسەن خانی ئەردەڵان لە ساڵی 746ی کۆچیدا (1345-1346 زایینی)، قەڵایەکی بەهێزی بۆ ناوەندی حکوومەتەکەی لەسەر لوتکەی چیایەک لە باشووری گوندەکە درووستکرد. لە سەرەتای سەدەی 10یەمی کۆچیدا، هەڵۆخانی ئەردەڵان، پارێزگاری ئەوکاتی کوردستان، ئەوەی کرد بە بارەگای سەرەکیی حکوومەت. ڕەنگە پێش دامەزراندنی شاری سنە (سنندج) شارۆچکە و قەڵای حەسەن ئاباد ناوەندی پارێزگای کوردستان بووبێت.
پارێزگای کوردستان هەزار و 520 شوێنەواری مێژوویی دەستنیشانکراوی تێدایە، کە بریتین لە شوێنەوارە کۆنەکان، ئەشکەوتی سرووشتی، دارە کۆنەکان، میراتی جوڵاو، کانیاوی ئاو و شوێنی سرووشتی.
ئەم بابەتە لەلایەن #ڕۆیا سەردار# نووسراوە.[1]