گوتەبێژی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی شاری #هەڵەبجە#یە.
من ناوی تەواوم (کامیل عەبدولقادر وەیس محەمەد خانە) یەو لە گوندی زەمەقی خوارووی سەر بە شارۆچکەی هەڵەبجەی ناوەندی پارێزگای هەڵەجە لە 1973/7/1 لەخێزانێکی جوتیار لەدایک بووم.
بەچەند ناوێک ناو دەبرێم : (مامۆستا کامیل هەڵەبجەیی، مامۆستا کامیل ی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران، مامۆستا کامیل ی برینداری کیمیایی، شەهیدی زیندوو و سومبوڵی بریندارانی کیمیایی).
باوکم لە گوندێکی سەر بە شارەدێی مەیدان یان باوەنور لە ساڵی 1923 لە دایک بووە(هەرچەندە لە پێناسی باری کەسێتیدا بە 1913 نووسراوە)، نەخوێندەوار بوو، جوتیار بوو،
دایکیشم (جەیران عبدولرەحمان محەمەد مەحمود) ٫ لەدایک بووی ساڵی 1943 گوندی حەسەن ئاوای هەڵەبجە، ژنە جوتیارو ژنی ماڵەوە بوو، ئەویش بەداخەوە نەخوێندەوار بوو،
هەردووکیان لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەگەڵ برایەک و پێنج خوشک و خوشکەزایەکمدا بە چەکی کیمیایی شەهید بوون.
براوخوشکەکانم ئەوانەیان کە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا پێکەوە بووین و بەگازی کیمیایی لەگەڵ باوک و دایکمدا شەهیدبوون:
(جەمیل 1969، گوڵاڵە 1971، ڕۆشنا 1975، #شنۆ# 1978، شەهێن 1982، شلێر 1985).
ناوی ئەو براو خوشکانەم کە لەژیاندا ماون و لەبەر ئەوەی لە ماڵی خۆیاندا بوون و لەگەڵمان نەبوون لە کیمیابارانەکەدا شەهید نەبوون:
(بەدیعە 1945 هەڵەبجە، ڕابیعە 1950 هەڵەبجە، جەلال 1956 هەڵەبجە، هەڵاڵە 1967 هەڵەبجە).
لەساڵی 1998 ەوە خێزانم پێکهێناوەو باوکی 3 کوڕو 1 کچم.
هاوسەرەکەم : (شیلان مەجید عەزیز ئەمین، لەدایک بووی 1977 #کفری#، پیشەی مامۆستای دواناوەندی).
ناوی منداڵەکانم:
1/ شیار : 2002/1/15 لەدایک بووە لە هەڵەبجە، خوێندکارەو دەرچووی پۆلی دوانزەیەمی زانستییە.
2/ ئەشکان : 2004/3/31 لە هەڵەبجە لەدایک بووەو خوێندکارەو دەرچووی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییە.
3/ جینان : 2006/3/31 لە هەڵەبجە لەدایک بووەو دەرچووی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتییە.
4/ ئارون : 2013/6/10 لە هەڵەبجە لەدایک بووەو منداڵەو هێشتا نەخراوەتە خوێندنگە.
سەبارەت بە زانیاری زیاتری خۆم:
لە ساڵی 1979 دەستم بە خوێندن کردووەو تا شەشەمی سەرەتای لە قوتابخانەیەی گوندەکەی خۆم بەسەرکەوتوویی خوێندوومە.
تا پۆلی سێەمی ناوەندی لە دواناوەندی دیراساتی ئیسلامی هەڵەبجە خوێندوومە بەڵام لەو ساڵەدا بەهۆی کیمیاباران و ئاوارەبوونەوە بۆ ئێران وەک هەزاران قوتابی و خوێندکاری هاوشاریم نەمتوانی ئەو پۆلە ببڕم.
ساڵی خوێندنی 1988 1989 بەبڕیاری حکومەتی عێراقی وەک هەزاران هاوشاریم سزا دراین و لەهیچ خوێندنگەیەکی پارێزگای #سلێمانی# نەیانهێشت بەردەوامی بەخوێندنەکەم بدەم!.
ساڵی دواتر ڕێگایان پێداین و لە دواناوەندی دیراساتی ئیسلامی سلێمانی لەپۆلی سێیەمی ناوەندی وەرگیرام و لەو ساڵەدا لە تاقیکردنەوە وەزاریەکاندا وێڕای نەخۆشی سەخت و لەدەست دانی باوک و دایک و براو خوشکەکانم و ئازیزانم سێیەمی هەموو عێراق بووم لە دواناوەندی دیراساتی ئیسلامیەکانی عێراقدا !.
پۆلی چوارەمیشم هەر لە سلێمانی تەواو کرد، پۆلی پێنجەم و شەشەمی ئامادەییم لە دواناوەندی دیراساتی ئیسلامی هەڵەبجە تەواو کردوو یەکێک بووم لە دە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری خوێندنی ئیسلامیدا.
لە ساڵی 1994 لە زانکۆی سلێمانی/کۆلیژی زمان/ بەشی خوێندنی ئیسلامی وەرگیرام و پاش چوارساڵ بە پلەی زۆرباشە ئەو قۆناغەشم بڕی و یەکێک بووم لە دە یەکەمەکانی ئەوبەشەی خۆم.
پاش تەواو کرنی زانکۆ گەڕامەوە بۆ هەڵەبجەو لە 1997/9/28 دەست بەکاربووم لە خوێندنگەی دواناوەندی #شارەزوور# لە هەڵەبجە وەک مامۆستاو پسپۆڕی زمانی عەرەبی و پەروەردەی ئیسلامی.
لە 1997/7/25 بووم بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە کۆمیتەی داکۆکی لەمافی کەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەو پاش چەند ساڵێک کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاییمان (بە شێوەی فەرمی) دامەزراند(دواتر لەسەر پێشنیاری من و لە یەکەمین کۆنگرەماندا ناوەکەیمان گۆڕی بۆ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە) وە یەکێک بووم لە ئەندامانی دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە.
لەکاری ڕێکخراوی ناحکومیدا ئەندامی دەستەی باڵاو وتەبێژی فەرمی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەم، لە کاری حکومیدا مامۆستاو یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەم، 32 ساڵ زیاترە ململانێمە لەگەڵ کاریگەریە درێژخایەنەکانی گازی کیمیایی لەسەر کۆئەندامی هەناسەو چاوم، ئەوە 5 ساڵە بەتەواوی زۆری بۆ هێناوم و بەردەوام لەجێگەو لە نەخۆشخانەکاندا کەوتوم و بەستراومەتەوە بەچەند ئامێرێکی هەناسەدانەوەو هەناسەتوندی یەخەم بەرنادات و ناتوانم بە ئەرکەکانی سەرشانم بگەم !.
وێڕای دەیان ووتار بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەکان و سازدانی هەزاران دیمانەی ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕادێۆو تەلەفزیۆنی ناوەو دەرەوە دوو کتێبیشم بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوە سەبارەت بە کیمیابارانی هەڵەبجە (1988/3/16 ئەو ڕۆژەی هەموو شتێکیان لێ سەندمەوە !)، (1988/3/16 الیوم الذي سلبوا مني کل شيء !).
لەچەند فیلمێکی دیکۆمێنتاری و سینەمەیی تایبەت بە هەڵەبجە بەشداریم کردووە وەک (بەلەنجە، نفس تنگ، کامیل بەدوای هەناسەدا دەگەڕێ، هاوزام...هتد)، بەشداری چەندین کۆنگرەو کۆنفرانسی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و چەندین چالاکی مەدەنیم کردووە.
وەک سکاڵاکارو شایەتحاڵ بەشداریم کردووە لە دادگایی کردنی سەرانی بەعسدا.
بەشداربووم لەسکاڵا تۆمار کردن لەسەر چەندین کۆمپانیای بیانی هاوکاری حکومەتی صدام.
22 ساڵە بەشێوەیەکی خۆبەخش وێڕای نەخۆشی سەخت و گرانم لە خزمەتی نەتەوەکەم بەگشتی و پارێزگای هەڵەبجەو قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەدام بە تایبەتی و بەشداربووم لەچەندین کارو خزمەتی بەپێزدا بۆیان کە لێرەدا بوار نییە یەک بەیەک باسیان بکەم.
ئێستا بۆ چارەسەری نەخۆشیەکەم کە پێویستیم بە چاندنی سیەکان هەیە ڕووم لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووەو، ئەوە بیست مانگ زیاترە بە دڵ لە هەڵەبجەو بە جەستەش لە ئەڵمانیا نیشتەجێم !.
ناونیشانی زیاترم:
facebook.com/کامل عبدالقادر
ژمارەی مۆبایل:
00491630039113
e-mail: kamilwais73@gmail.com
whatsapp : kamil wais mohammed
تیلیگرام: کامیل ویس محمد هەڵەبجەیی