#مومتاز حەیدەری#
2018
حەیدەرینامە چیە؟ لە لایەن بە تەمەنترین ڕۆژنامەنووسی کوردەوە بڵاو کرایەوە
حەیدەرینامە، کتێبی چوار بەرگیی مێژوویی، دیکیۆمێنتاری، بەڵگەیی و ڕۆژنامەنووسی، لە ئامادەکردنی نووسەر و ڕۆژنامەنووس مومتاز حەیدەری، بە چاپ و دیزاین و کوالێتێکی بەرز و بە ئەژماری 1250 دانە و لە دووتوێی 1928 و بە قەبارەی A4 و لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانە و ئەرشیڤی مومتاز حەیدەری و بە ژمارە 3 مانگی 5ی ساڵی 2018 لە چاپخانەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.
مومتاز حەیدەری، کە بە بەتەمەنترین ڕۆژنامەنووسی دیاری کوردستانە، بەرهەمە دیکیۆمێنتی، وێنەیی و بەڵگەییەکە ماوەی دوو ساڵ و دوو مانگ پێوەی ماندوو بووە و لە یادی 80 ساڵەی تەمەنیدا بڵاوی کردووەتەوە و کاری دیزاین و کۆمپیۆتەری لەلایەن هیوا عەباس و بۆتان مەعرووفەوە جێبەجێ کراوە.
حەیدەرینامە، هەر لە یەکەم ڕوانین و لاپەڕە هەڵدانەوە، جیاواز و دەگمەن دێتە پێش چاو و لە هیچ کتێب و نامیلکەیەکی دیکە ناچێت و هەر خۆی لە خۆی دەچێت. واتە ناوەڕۆک و نێواخنی حەیدەرینامە دەقاودەقی هەڵوێست و ڕەفتار و هەست و بیروباوەڕی نووسەر و ئامادەکارەکەیەتی، کە ئاشق و مشووخۆرێکی پشوودرێژی وشە و پەیڤی ڕەسەن و ئەرشیڤی ڕابردوو و ئەمڕۆی کوردستانە.
کە حەیدەرینامە هەڵدەدەیتەوە هەست بە شکۆ و قورسایی مێژوو، دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان دەکەیت، کاتێک لە دووتوێی لاپەڕە ڕەنگاڵە و نەخشێنراوەکاندا مەدالیای فەخر و ئیفتیخار بەخشراوە بە نووسەر، کەسایەتی، شاعیر، هونەرمەندانی نەتەوەکەمان لە سەرجەم کوردستانی گەورە، بەبێ جیاوازی بە دوو ڕەگەزەوە.
لە هەر کام لە بەرگەکانی حەیدەرینامەدا سەدان وێنە و سیما و ڕوخساری کەسایەتییە سیاسی، ڕووناکبیری و کولتووری، ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی نەتەوەکەمان دەبینی، کە هەر کامەیان لە قۆناغ و بڕگەیەکی ژیانی ئەم نووسەرە دەروەستەدا ژیاون و لەگەڵیدا بیرەوەری و یادەوەرییان تۆمار کردووە.
کە دانیشتم و بەکاوەخۆ سەرلەبەری لاپەڕەکانی هەر چوار بەرگی حەیەدەرینامەم هەڵدایەوە، بینینی سیما و وێنەی کەڵەپیاو و مێرخاس و شێرەژنان و ئافرەتە بوێر و ڕووناکبیرەکانی نیشتمانەکەم، ئۆخژن و شادییەکی لەڕادەبەدەر بە دڵمدا گەڕا و شانازیم کرد کە گەلەکەمان دڵسۆزێکی ئەرشیڤ و دۆستیکی وشە و کتێبی وەک (مومتاز حەیدەری)ی هەیە.
دوای خوێندنەوە و بەسەرکردنەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی حەیدەرینامە، هەستم کرد جارێکی دیکە بە کۆڵانەکانی چێشتی مجێوری مامۆستا هەژاری گەورەدا پیاسەم کردووە، هەڵبەت بەو لێکچوونەی کە حەیدەرینامە لە هەموو جۆرە سیما و کەسایەتی و نوخبەکانی بە هەموو بیروبۆچوون و ئایدیایەکی جیاواز تێدایە. لە دووتوێی بەرگەکانی حەیدەرینامەدا، کە زیاتر وێنە و ئەرشیڤ و بەڵگەی جۆاوجۆری لەخۆ گرتووە، وێنەی نووسەر لەگەڵ زۆر کەسایەتیی نیشتمانی کوردان بەرچاو دەکەوێ، هاوکات بە سەدان بەڵگەی مێژوویی، نامە و سوپاسنامە و ڕێزلێنانی جیاواز لەگەڵ نووسراوە و دەق و دیمانەی نووسەر بەرچاو دەکەون. لایەنی بەرجەستەی پەرتووکی حەیدەرینامە ڕێزدانان و گرنگیدانە بە ژنان و کچانی نووسەر، سیاسی، ڕۆژنامەنووس و شاعیر و ئافرەتە چالاکوانەکانی بوارە جیاوازەکان، کە بە بڕوای من سەرتۆپی بابەتگەلی ئەم کتێبەیە، کە لووتکەی ئەم ئافرەتانە شەهید لەیلا قاسم و لەیلا زانای بوێرە.
سروودی ئەی ڕەقیب، ئاڵا و نەخشەی کوردستانی گەورە، نەخشێنەری بەرگی یەکەمی شاکارەکەی مومتاز حەیدەرین. گرنگی دان بە کەسایەتی و سەرکردە و شەهیدە نەمرەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور، باکوور و ڕۆژئاوا و شەهیدانی کۆبانێ، خاڵێکی دیکەی بەرجەستەی ئەم کتێبە بەنرخەیە.
(باس) چۆن بووە میوانی خوانی حەیدەرینامە؟
هەفتەنامەی (باس) لە ئێوارەیەکی بەهار و لە کاتێکدا کە سێبەر خەریک بوو بەسەر پیرە هەولێردا لار ببێتەوە، بووە میوانی پیرەپیاوێکی باڵابەرزی، سەروسیما سپی، بەڵام پڕ لە هیوا و وزە و هەتا سەر ئێسقان خاکەڕا، پێشوازیی لێ کردین، هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ماڵی لێوانلێو لە کتێب و ئەرشیڤ و ڕازاوە بە بەرهەمی جوان و وێنەی یادەوەریی ڕابردوو و ئەمڕۆی کوردستان، بۆنی وشە و پەیڤی دڵسۆزانەی ئەم ماڵە خاکەڕایە و کتێبی هەڵچنراو سەرمەستت دەکەن، پیاوێک کە وەک دەڵێن ڕەنگی کتێبی گرتووە. میواندارییەکەی بە پەرداخێک ئاو و شەربەتێک، هێندەی دیکە کەشەکە بۆ گفتوگۆی خۆمانە و کوردانە خۆشتر دەکەن.
لەگەڵ پیری بەمشوور و دنیادیدەی مەیدانی وشە و پەیڤی ڕەسەن و خاوەن و دانەری حەیدەرینامە دەکەومە گفتوگۆ، هەرچەند دەم بە گلەییە و دەیەوێ لەم دیمانەیەدا زۆر وشە و هەست و قسەی دڵی بکات، بەڵام وشەکانی پڕن لە دڵسۆزی، خەمخۆری و هەوڵدان بۆ ئاوڕدانەوە لە دوێنێی کوردستان، خەمەکانی ڕازاندنەوەی ئەمڕۆیە هەتا کوردستانی داهاتوو کە سەربەخۆیی کوردستان ئاواتە گەورەکەیە، ڕازاوەتر بێت.
دەڵێم بۆچی حەیدەرینامە؟
مومتاز حەیدەری دەستبەجێ ئەچێتەوە ناو کۆڵانەکانی مێژووی کوردستان و دەڵێت: هەر لەو شەڕی چاڵدێرانەوە کە بڕگە و سەردەمی دابەشکردنی کوردستانی گەورەیە، بە هەزاران تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و کەسایەتی و کەڵەپیاوی نەتەوەی کورد گیانی خۆیان بەخت کردووە و دەریایەک خوێن لەبەر چووە، هەتا ئەوەی کورد بگاتە سەروەری و مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە کە ئەم هەموو حزب و ڕێکخراوە سیاسییە، بەو هەموو فکر و ئایۆلۆجیا جیاوازەوە دامەزراون و خاوەنی دەیان سەنتەر و ناوەندی ڕۆشنبیری و میدیا و کەناڵی ڕاگەیاندنن، بەڵام ئەم حزب و دەزگا ڕۆشنبیرییانە هیچ ئاوڕێکیان لە خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانی ئەو مرۆڤە گەورانەی نەتەوەکەمان نەداوەتەوە و فەرامۆش کراون، بۆیە حەیدەرینامە هەوڵێکە لەپێناو زیندووهێشتنەوە و بەسەرکردنەوەی خەباتی ئەو مرۆڤە تێکۆشەرانەی نەتەوەکەمان.
مومتاز حەیدەری گوتیشی: لە کوردستانی باشوور و بەتایبەتی شاری هەولێر، کۆمەڵێکی بەرچاو مرۆڤی ئازا و ڕووناکبیر هەڵکەوتن، لەوانە ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە حەیدەرییەکان، وەک (ساڵح، ئاسف و جەمال حەیدەری) هاتنە مەیدانی ڕۆشنبیرییەوە. پێش ئەوانیش لە دەیان بنەماڵەی دیکە کۆمەڵە گەنجێکی دیکەی وەک (مستەفا عوزێری و ڕۆستەم جەبار و دڵداری شاعیر و بنەماڵەکەی) هاتنە مەیدان، کە حزبی هیوایان دامەزراند. دوای ئەوانیش حزبی ڕزگاری دروست کرا و دواتریش حزبی شیوعی لە کوردستان دامەزرا و دوای هەموو ئەوانە ئینجا (پارتی دیموکراتی کورد) کە دواتر بوو بە (پارتی دیموکراتی کوردستان) دامەزرا، کە ئەمانە هەموویان بناغە و دامەزرێنەری جۆرێک لە بزاوتی سیاسی و ڕووناکبیریی گەلەکەمانن، کە سەدان کەسایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نووسەر، شاعیر، هونەرمەندی ناوداری نیشتمانییان تێدا هەڵکەتووە، کە بەداخەوە لەبیر کراون و دەبێ ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و لاپەڕەی تێکۆشانی ئەو کەسانە لەو قۆناغانەدا بە دیکیۆمێنت بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: هەر باس و لێکۆڵینەوەیەک ئەگەر لەبارەی مێژووی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە باشووری کوردستان، لە ماوەی نزیکەی یەک سەدەی ڕابردوودا بکرێت، دەبێ ناوی کەسانێکی وەک: (ساڵح حەیدەری، جەمال و عاسم حەیدەری، نافیع یوونس، عەلی عەبدوڵا، نووری شاوێس) فەرامۆش نەکات.
لەبارەی ئامانج لە نووسینی حەیدەرینامە ئەوەشی خستە ڕوو: ئێمە وەک بنەماڵەی حەیدەری کە شەش براین، دوویان شەهید بوون و دووشیان کۆچی دواییان کردووە و من و دکتۆر جەمشید ماوین، بیرم لەوە کردەوە ئەمن کۆمەڵێک ئەرشیف، دەستنوووس، بەڵگە و وێنەم هەیە و ئاگاداری ڕەوتی خەباتی کورد هەم و لە تەمەنی دە ساڵییەوە تێکەڵی ئەم ڕەوشە بووم، بۆیە بڕیارم دا هەر چۆنێک بێت پێش لە ماڵاوایی لە کتێخانە و نیشتمان و نەتەوەکەم، کارێکی جیاواز ئەنجام بدەم، بۆیە ئەوە هاتم ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ ئەرشیڤەکانم هەڵدایەوە و لەبارەی هەر برایەکم چی نووسراوە، لەبارەی خۆم، هەندێک لە نووسینەکانی ئەوان و بەشێک لە نووسینەکانی خۆم لەم پرۆژە کولتووری، نەتەوەیی، سیاسی و فکرییەدا گونجاند. هیوادارم نەوەی نوێ زیاتر بە ڕابردووی گەشی کوردایەتیمان ئاشنا بێت و بە ڕابردووی ئەو ئینسانە گەورانە کە ئەو ڕۆژگارەیان بنیات نا، هەتا ڕەنج و خەباتی ئەوان و خوێنی شەهیدان و فرمێسک و ئاهی دایک و خوشکی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریمان بەفیڕۆ نەچێت
ڕاشی گەیاند: لە حەیدەرینامەدا سەرەتا بە ئاراستەیەکی جیهانی دەستم پێکرد و سێ کەسایەتیی وەک (تۆماس ئەدیسۆن، نێلسۆن ماندێلا و مەلالە یووسفزای) و پاشان بە وێنەی خاتوو (نادیە موراد) ڕازاندوومەتەوە، پاشان بە نەخشەی یەک کوردستان و دوایی سروودی دوژمنشکێنی (ئەی ڕەقیب) و وێنەی پێشەوای مەزن یەکە سەرکۆماری کوردستان و شەهیدانی نەمری نیشتمان دەستم پێکردووە و دوایی ناو و وێنەی گەورە نووسەر و شاعیرانی ڕابەری بزاڤی شیعر و ئەدەبی کوردیی تێدا نەخشێنراوە و مەدالیای شانازی و ئیفتخارم پێ بەخشیون و بەم چەشنە کۆمەڵێک ڕەمز و هێما و ناوم بە زیندوویی هێشتووەتەوە.
لە کۆتاییدا گوتی: هیوادارم تێکڕای دەزگا میدیایەکانی کوردستان، سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان و بەتایبەتی دەسەڵات و حوکمڕانیی کورد، ئاوڕ لە ڕابردوو بدەنەوە، ئاوڕ لەو خوێنە ڕژاوەی کە بە ئەندازەی دیجلە و فورات خوێنمان لەبەر چووە، بدەنەوە. ئەگەر دەیانەوێ بەرەو دەوڵەتی کوردستان بڕۆین و ئەگەر دەیانەوێ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی دیموکراتخواز و یەکسانیخواز بنیات بنێن، دەبێ کتێب بکەنە ڕووگە، چونکە پیرۆزیی کتێب کۆمان دەکاتەوە، چونکە کتێب هەر لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە پێش پێنج هەزار و 500 ساڵەوە هەتا ئێستا گەورەترین ئامرازی تێکۆشانی مرۆڤایەتی بووە.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر بمانەوێ هەر چوار پارچەی کوردستان یەک بگرێت، دەبێ کتێبخانەیەکی گەورە و ئەرشیڤی نیشتمانیمان هەبێت. دەبێ وانە و دەرس و بیروباوەڕی ئەو گەورە مرۆڤانەی کە ناویان لە حەیدەرینامەدا هاتووە، با بکرێنە سەرچاوە و بەرنامەی خوێندنی خوێندگە و زانکۆکان.
ئەوەشی خستە ڕوو: ئەگەر لە ساڵی 1906 کە شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە دژی عوسمانییەکان ڕاپەڕی و داوای دەوڵەتی ئۆتۆنۆمیی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا کرد، ئەگەر لەسێدارە نەدرابایە و ئەو ئۆتۆنۆمییەی هەبوایە، دواتر لە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆدا دەبووە دەوڵەتی کوردی و وەکوو ڕەفیق حیلمی دەڵێت، ئیدی تورکیا دروست نەدەبوو. ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ مەترسیداین، هەر چوار دەورەمان بە داگیرکەرانی کوردستان تەنراوە، چونکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە شەو پیلانمان لە دژ دەگێڕن و بە ڕۆژ بە ڕووماندا پێ دەکەنن و ئێمەش خۆشباوەڕین و کاتێ دەچینە پایتەختەکانیان (بەغدا، ئەنقەرە، دیمەش و تاران) خۆمان بە گچکە دەزانین، نابێ شکۆی کورد بشکێنین.