٭ناوی تەواوی محەمەد ساڵح
٭لە ساڵی 1916 لە شاری #سلێمانی# لەدایک بووە.
٭ساڵی 22-6-1973 لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە #گردی سەیوان#ی شاری سلێمانی بەخاک سپێردراوە.
٭فاتمە خانی هاوسەری کچی نووری ئەمین قاسم بوو کە پیاوێکی ئاریز و ناوداری شار بوو.
٭حەمە زلە
پیاوێکی کەمێ قەڵەو و قسەخۆش و لەبز خۆش بووە.
خاوەنی دوو پیشەی بەناوبانگ بووە.
سەرەتا بەرگدروو بوو، دوکانەکەی لە تەنیشت دەرگای خوارەوەی سینەما سیروان بووە.لە بەردەم دوکانەکەی کۆمەڵێ کورسی دادەنا و هاوڕێکانی لەدەوری خۆی کۆدەکردەوە. خاوەنی ئوتویەکی خەڵوز بوو..
کار وپیشەی دووەمی کاری کوشنچێتی هەبووە. کە دواتر کوڕەکانی لەسەر هەمان کار بەردەوام بوون.
٭هاوڕێکانی حەمە زلە.
هاوڕێی زۆر نزیکی هەر شاعیری بەناوبانگی کورد
مەدهۆش و شێخ نووری شێخ ساڵح و گۆران بووە.کە ئەوان زۆربەی کات لە لەدانیشتن و گەیشتەکانیدا لەگەڵیدا بوون.
زۆر لە پیاوە ناسراو و ناودارەکانی شار و ئەفەندییەکانی ئەوکات دەچوونە دوکانەکەی ئەو و دادەنیشتن بۆ قسەی خۆش و گێڕانەوەی بەسەرهاتە خۆشەکان، یان بۆ دوورین و ئوتوکردنی پۆشاکەکانیان.
ئەوکات خەیات و ئوتوچییەکان زیاتر ئوتووی ئەم جۆرە پۆشاکانەیان دەکرد..
(چاکەت و پانتۆڵی کەیفە و یەلەگ و ساقۆ و پاڵتۆ و قاپوتی درێژ و کوورت و فێست و سدارەی سەر درووستکردنی بۆینباخ و ئوتودانی و کاری چنینەوەی کون و قەڵبە و ڕەوافی دەکرد.
ئەکرمی مەحمودی ساڵحی ڕەشە
لە نووسینێکدا باسی شوێنکاری حەمە زلەی ئوتوچی دەکات و دەڵێیت:
حەمە زلە دوکانی خوار دەرگای خوارووی (ساڵۆنی چللی) سینەما سیروان بووە.
بەڵام زۆر لە پیاوە بەتەمەنەکانی شار دەڵێن کە حەمە زلەی ئوتوچی شوێنێکی دیاریکراو و جێگیری نەبووە هەتا ساڵانی شەستەکان.
حەمە زلە لە سەرەتایی شەستەکان سلێمانی جێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە شاری بەغدا و تا دواساتی تەمەنی لەوێ ژیان دەگوزەرێنێت و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.
وەک دەگێڕنەوە لە ساڵی چلەکان هەتا پەنجا و شەستەکان زۆر شوێنکاری گۆڕیوە و دوکانی لە زۆر شوێنی سلێمانیدا هەبووە.
جارێک دوکانەکەی لای گەرماوی سوورەت بووە، جارێک ئوتوە پڕ خەڵوزەکەی لەناو بازاڕی خومەینی بووە، جارێکی تریش لای مزگەوتی دوو دەرگاوە لە ئەسحابە سپی.
٭بەسەرهاتی ئوتوەکەی حەمە زلەچییە؟
ئەو کاتە کارەبا وەکوو ئێستا نەبوو، یان ڕوونتر بڵێین ئوتووی کارەبایی نەبوو و تەکنەلۆژیا وەکوو ئێستا لە پێشکەوتوو نەبوو، لە هەموو شاری سلێمانیدا چەند کەسێک هەبوون کە ئوتویان هەبێت و کاری ئوتوچێتی بکەن.
ئوتوی ئەوکاتیش هەموو بە خەڵوزی گەشاوە و پشکۆ کاریان دەکرد.
حەمە زلە
ئوتوەکەی لە بەردەم دوکانەکەی خۆی دادەنا و پڕی دەکرد لە خەڵوز ئیتر هەتا خەڵوزەکە دەگەشایەوە و پشکۆکانی سوور دەبوون، کاتی زۆرزۆر دەخایاند و زۆری پێدەچوو.کەسێکیش هاوکاری دەبوو بۆ گەشانەوە و سووربوونەوەی پشکۆکان و گەرمکردنی ئوتوەکەی.
جا هەر کەسێک قاپوتێک یان پانتۆڵ و کراسێکی بۆ ئوتوکردن بهێنایە بۆی، لە هۆش خۆی دەچوو ئەوندە چاوەڕێی دەکرد، چونکە ئوتوەکەی زۆرزۆر درەنگ گەرم دەبوو، کە گەرمیش دەبوو ئیتر بەهیچ سارد نەدەبووەوە.
ئیتر ئەم گوزارەیە لە سلێمانیدا بۆ کەسێک بەکاردێت، کە زۆر خاو و تەمەڵ و تەوەزل بێت.یەکسەر پێی دەڵێن بوو بە ئووتوەکەی حەمە زلە هەر گەرم نەبوو، یان کە شتێک خاو کار بکات هەر دەڵێن بوو بەئوتوەکەی حەمە زلە..
ئامادەکردنی: داناز عەبدولڕەحمان.[1]