( محمدئاغا مێرگەسۆری و ڕۆڵی لە کۆماری مەهاباد)
زۆر تر بەناوی حەمەد ئاغا بانگ کراوە.لەساڵی 1902 لەدایک بووە.
چوار ژنی هێناوە و 3کچ و 10کوڕی هەبوە.
ڕابردویەکی نیشتیمان پەروەرانەی هەیەو هەمیشە لە ڕێزی گەل دا بووە لە دژی داگیر کەران.ڕۆڵی کاریگەری لە شۆڕشەکانی بارزان هەبووە. ساڵی 1930 لە گوندی ئەلموش بریندار بووە.ساڵی 1932 سەرپەرشتیاری ئەو هێزانە بووە کە بەرگریان لە بارزان کردوە.لە ساڵی 1940 حکومەتی عێراق لەسۆنگەی جموجۆل و چالاکیەکانیەوە 3ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە. لە ساڵی 1945 دا لە کاتی شۆڕشی بارزاندا پردی خەلانی تەقاندۆتەوە بۆ ئەوەی ڕێ لە پێشڕەوی هێزێکی سوپای عێراق بگرێت.لە ساڵی 1946 دا لە کۆماری مەهاباد پلەی کۆلۆنێلی پێ بەخشراوەو کراوەتە لێپرسراوی بەرەی سەقز.دوای ڕوخانی کۆماری مەهاباد، لەگەڵ بارزانیەکان گەڕایەوە بۆ عێراق و ماوەیەکی کەم لە دیانا مایەوە.دواتر خۆی و شێخ ئەحمەدی بارزانی و وەهاب ئاغای ڕواندزی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گیران و هەرسێکیان درانە دادگاو حوکم دران.محمدئاغا مێرگەسۆری بە شەش ساڵ زیندانی حوکم درا.لە ساڵی 1953 حوکمەکەی تەواو کرد، ئازاد کراو گەڕایەوە بارزان.
زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی لە بیرەوەریەکانیدا باسی محمدئاغا مێرگەسۆری دەکات و لە بەشی سێیەمدا لە ژێر سەردێری تێکچونی کۆماری کوردستان نوسیویە: کاتێک زانرا کوردستانیش شەڕ ناکات، ئاڵۆزی پەیدابوو.ئەو ماڵە بارزانیانەی لە مەهاباد و دەوروبەریشی بوون، باریان کردو ڕۆیشتنە شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری نەغەدەو شنۆ و زارزا.لەگەڵ گرتنی تەورێز، سەربازەکانی ئازەربایجان ئەوانەی لە کوردستان لەگەڵ لەشکری کورد لە بەرەی ناوچەی سەقز بوون، گەڕانەوە خۆیان دایە دەستی سوپای شای ئێران. لە دوای ڕۆیشتنی سوپای ئازەربایجانییەکان، لەشکری بارزانییەکانیش ناچار بوو بەرەو میانداو بگەڕێنەوەو لە گەڕانەوەیاندا لە ڕێگا نۆکەرانی شاپەرست ویستبویان ڕێگایان لێ بگرن و چەکیان بکەن، پیاوانە هاتبونە ەست و بەرنگاریان بوون، خۆیشیان نەیان زانی بۆ کام لا ڕابکەن ئەوان وایان دەزانی وەک سەربازەکانی ئازەربایجان پێشمەرگەکانی کوردیش چەک دەکەن کەچی توشی هەلاکەتێک بوون مەگەر تەنها خۆیان بزانن چییان بەسەر هات. ئەو لەشکرەی بارزانیەکان کە لە سەقز گەڕایەوە، بەسەرپەرشتی محمدئاغا مێرگەسۆری و سلێمان بەگی دەرگەڵەیی بەرەو سابلاغ دەهاتن کە تۆپەکانیشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو لەوێوە تا نەغەدە بە ڕاکێشان بەهۆی گاو گامێش.بەهیلاکی وماندوبونێکی زۆرەوە ئەو تۆپانەیان گەیاندبوە نەغەدە. لە وێشەوە بۆ شنۆ... شەو داهات لە خوار گوندی قونقەڵا ماشێنەکەمان لە کار کەوت.لە وێ بەپێیان کەوتینە ڕێ.کاتێک گەیشتینە ئەوێ، سەرەتای لەشکر دەهاتنەوە.گوتیان (حەمەدئاغا) نزیکە و وا دێت لە وای ئێمەیە.لە دوای کەمێک بەیەک گەیشتین.حەمەد ئاغا گوتی : بگەڕێوە، باوکت وا لەدواوەیە، لەگەڵ تۆپەکان دێت. منی لەگەڵ خۆی گێڕایەوە. ڕۆیشتینە سابلاخ.کاتێک کەیشتینە ناو شار، شەوو درەنگ بوو... ئێمە ڕۆیشتینە ماڵی پێشەوا (قازی محمد). پێشەوا هەروەک جاران پێشوازیەکی گەرمی لێکردین و یەکە یەکە تەوقەی لەگەڵ کردین و.چەند جارێک گوتی یاخوا بەخێر بێن. لە حەمەدئاغای پرسی خۆ بەسەلامەتی گەڕانەوە ؟ حەمەد ئاغا مێرگەسۆری لە وەلامدا گوتی. بەلێ گەورەم.بەسەلامەتی گەڕاینەوە.له ڕێگا هەندێ کەسانی شاپەرست ویستیان ڕێگامان لێ بگرن، بەلام زو بڵاوەیان پێ کرا.حەمەدئاغا زیاتر دواو گوتی جەنابی پێشەوا من بۆ ئەوە لام داوەتە لای ئێوە کە بفەرمون لەگەڵ ئێمه بێن بەرەو سنور بڕۆین. بزانین لە دواییدا سەرمان بەچی دەگات پێشەوا گوتی زۆر سوپاسی هەستی پاکی ئێوە دەکەم.دەبێ نیگەران نەبن. من ناتوانم سابلاغ بەجێ بهێلم، لە بەر ئەوەی بەلێنم بەخەلکی ئەو شارە داوە بەجێیان نەهێلم و ناتوانم بەجێیان بهێڵم.
حەمەد ئاغا مێرگەسۆری زۆر هەوڵی دا بەڵکو ڕازی بکات، بەڵام هەر ڕازی نەبوو لەگەڵ ئێمە دەربکەوێت. لە دوایدا بە حەمەدئاغای گوت ئەگەر لە سابڵاغیش دەربکەوم، ناتوانم لەگەڵ ئێوە دەربکەوم.لەوانەیە بەخۆشت بزانی. لە دواییدا حەمەدئاغا مێرگەسۆری لەسەری ڕۆیشت و بێ هیوا بوو. لەو کاتەی دەمان ویست بڕۆین، پێشەوا بە حەمەد ئاغای وت بنێرە سەربازخانە ئەو چەکەی دەتانەوێ و پێتان دەچێت، بیبەن لەگەڵ خۆتان.
بەدڵێکی تەنگی تەزیوی سارد لە دیوان دەرکەوتین و ماڵئاواییمان لەو کەسە هەڵکەوتوە کرد و بەجێمان هێشت... حەمەدئاغا مێرگەسۆری گوتی تۆ بڕۆ بۆ سەربازخانە، ئۆتۆمبێلەکەت باربکە لە تفەنگ و فیشەک، وەرەوە قونقەڵا. من لەوێ دەمێنمەوە هەتا باوکت دەگاتە جێ.... له قونقەڵا لام دا لای حەمەدئاغا.لە خەوم هەڵساند، پێم گوت دوو ئۆتۆمبێلم بارکردوە لە فیشەک و کەلوپەلی سەربازی. ناوبراو گوتی بڕۆ بۆ شنۆ، لەوێ بیدە بەدەستی شێخ صادق بارزانی و بگەڕێوە. ئۆتۆمبێلەکانیش لەگەل خۆت بێنەوە.
دڵسۆزی حەمەدئاغا مێرگەسۆری بۆ نیشتیمان لەوەدا دەردەکەوێ کە کاتێک حسێنی کوڕی لە بارزان شەهید دەبێ، حەمەدئاغا لە چیای سەفین بووە. بەرگری دەکردو نەیدەهێشت هێزەکانی عێراق چیاکە بگرن.زۆر هەوڵیان لەگەڵی دابوو کە بۆ پرسەی کوڕەکەی بگەڕێتەوە، بەلام حەمەدئاغا مێرگەسۆری چەپەرەکانی شەڕی لەدانانی پرسە لا گرنگتر بوو.[1]