ناونیشان: ئایینی #زەردەشت#ی و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا-بەشی 10
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$جۆری دووەمی ئاسەوارە بە جێماوەکان لە ئایینی زەردەشتی$
دووەم- جۆری دووەمی ئاسەوارە بەجێماوەکان لە #ئایینی زەردەشتی# ئەوانەن، کە بنیات نراون، واتا بە کەرەستەوە و لەسەر زەوی لە لایەن وەستای شارەزا و کارامە درووست کراون و بە بینا ناویان دەهێنرێت، ئەم جۆرە بینایانە زیاتر بۆ لایەنی ئایینی بەکار هاتوون، وەک پەر ستگە، کە پەر ستگەی تایبەتی ئایینی زەردەشتیی (#ئاتەشکەدە#)ی پێ دەگوترێ.
وشەی ئاتەشکەدە بە مانای شوێنی داگیرساندن و پاراستنی ئاگری پیرۆزی ئایینی زەردەشتییە، کە لە لایەن پیاوانی ئایینی بە ناوی (مۆغ) دادەگیرسێت و دەپارێزێت، زۆر جار ئەم شوێنە بێجگە لە مەبەستی ئایینی، وەکوو فێرگە یان شوێنی کۆبوونەوە یان تیمارکردن، بەتایبەت بۆ نەخۆشە دەروونییەکان بەکار هاتووە.
بەپێی بەڵگە شوێنەوارییەکان، مێژووی درووستبوونی ئاتەشکەدە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە و وا باس دەکرێ، کە پێشتر ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لە شوێنی بەرز و کراوە جێبەجێ دەکران.
ئاتەشکەدە لە ڕووی دیزاین و هەیکەل، بینایەکی سێجای گومەز دارە، کە لە چەندین ژووری جیاواز پێک هاتووە و هەر یەکەی بۆ مەبەستێک بەکار هاتووە، پیرۆزترین شوێنی ئاتەشکەدە ئەو ژوورەیە کە ئاگری تێدا دادەگیرسێت و دەپارێزرێت و دیوارەکانی بە شێوازی کون کون درووست کراون، بۆ ئەوەی سەردانکەرەکان لە دوورەوە بتوانن ئاگری پیرۆز ببینن. بە وتەی سەرچاوە کان، ئاگرە پیرۆزەکان لە ڕووی گرنگییەوە دابەشی سەر سێ گرووپ دەبن:
ا- (ئاتەش بەهرام) کە پێک هاتووە لە شازدە ئاگری جیاواز، وەکوو ئاگری ناو ماڵ، یان ئاگری کوورە و هتد، کە لەپاش جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمێکی ئایینیی پاکوخاوێن دەکران و بۆ ئەنجامی فەریزەی ئایینی گونجاو دەبوون.
ب- ئاگری (تەقدیس ئادۆران) کە پێک هاتووە لە هەڵبژاردەی چوار ئاگر و ڕێوڕەسمی پیرۆزکردن و لە ئاتەشکەدە دانان.
ج- ئاگری (دادگا)یە، کە تەنیا ئاگرێکی نێو ماڵە، کە لە لایەن پیاوانی ئایینی پیرۆز کراوە، جیاوازییەکەی ئەمەیە، کە لە لایەن هەر کەسێک دەپارێزرێت و دەکرێ دار و بۆنی خۆش لەسەری دابنرێت، ئەم ئاگرە لە دوو شوێن هەڵدەگیرسێت، یەکیان ئاتەشکەدە گشتییەکانە و دووەم ژوورێکی بچووک، کە پاسەوانی تایبەتی هەبێت.
یەکێک لە نموونەکانی ئاتەشکەدە لە #هەرێمی کوردستان#، شوێنەواری (#خانی دەربەند#، یان ئاتەشکەدەی زەردەشتییان)ە، کە دەکەوێتە قەزای #دەربەندیخان#، لە کەنار #ڕووباری دەربەندیخان#ە و نزیکە لە #بەنداوی دەربەندیخان#، کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکە بە (#کەمپی خواروو#) ناسراون، بەڵام ئێستا بە ناوی (خانی دەربەند) ناسراوە.
سەبارەت بە وشەی خانی دەربەند، شوێنەوارناس شوان محەمەد هەورامی، ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی پاش هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکانی ژێر کاریگەریی ئایینی زەردەشتی دەکات و دەڵێ: لەگەڵ هاتنی ئایینی ئیسلام و ڕوودانی گۆڕانکاری لەسەر سیاسەتی ناوچەکە، بێ گومان هەندێ لەم پەرستگایانە گۆڕدراون بۆ مزگەوت و ئەوانەی کە گەورەترن دەکرێن بە شوێنی مانەوەی سوپا و کاروانسەرا و خان و هەندێکیشیان کراون بە موڵکی گشتی، ئەم شوێنەوارەش بێبەش نەبووە لەم بابەتە و دیارە وەکوو خان سوودی لێ وەرگیراوە، بۆیە ناوی گۆڕاوە بە خانی دەربەند.
مێژووی ئەم ئاتەشکەدەیە بۆ سەردەمی #ساسانییەکان# دەگەڕێتەوە و بەشێکی زۆری شوێنەوارەکە وەکوو خۆی ماوەتەوە، هەرچەندە بە بۆنەی ئەو نۆژەنکردنەوەیەی کە بۆ کراوە، کە بە شێوازی تەواو زانستی نەبووە، هەندێ دەستکاریی کراوە، بەڵام هەر لە و بەشەی کە هی سەردەمانی کۆنە و وەکوو خۆی ماوەتەوە، لە هێڵکارییەکەی تەواوی تایبەتمەندییەکانی بینایەکی ئایینی زەردەشتی تێدا بەدی دەکرێت.
[1]