ناوی مۆزەخانە: دیوەخانەی پاشای گەورە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
هاووڵاتییەکی خەڵکی #ڕواندز#، کە ئێستا دانیشتووی شاری سۆرانە، چەندین پارچەی کەلەپووری و شوێنەواری و مێژوویی و ڕەسەنی کۆکردوونەتەوە و لە ژوورێکی ماڵەکەی، وەک مۆزەخانەیەکی بچووک، پاراستوویەتی و ناویشی ناوە دیوەخانەی پاشای گەورە.
شەهلا ساڵح، مامۆستا لە زانکۆی سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: کەلوپەلە کەلەپووری و شوێنەوارە مێژووییەکان ناسنامەی گەلانن و ئەرکە هەر تاکێکی ئەم وڵاتە پارێزگارییان لێ بکات، کە لە سەردەمی باپیرانمان وەک پێداویستیی ڕۆژانە بەکار هێندراون، هەروەک (ساڵح عەبدوڵڵا) ی باوکم، چەندین ساڵە بەدوای کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی ئەو جۆرە کەلوپەلە کەلەپوورییانەوەیە و توانیویەتی لەم ڕێگەیەوە ژمارەیەکی زۆریان بەدەست بهێنێت و لە ماڵەکەی کۆیان بکاتەوە.
وتیشی: باوکم ئەو کەلوپەلە کەلەپووری و شوێنەواری و مێژوویی و ڕەسەنایەتییانەی بەدەستی هێناون، زۆربەیانی لە هاووڵاتییان کڕێیوەتەوە، تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە ئۆتۆمبێلی خۆی فرۆشتووە و ژورێکی ماڵەکەی کردووە بە مۆزەخانەیەکی بچووک و ناوی ناوە دیوەخانەی پاشای گەورە.”
لای خۆیەوە، ساڵح عەبدوڵڵا، ناسراو بە وەستا ساڵح ئاکۆیی، لەدایکبووی سنووری شارۆچکەی ڕواندز و دانیشتووی شاری #سۆران#، بۆ (باسکورد) ئاماژەی بەوە دا: ساڵانێکە خواستی زۆرم هەبووە لەوەی بتوانم، ئەگەر بە کڕینەوەش بێت، ئەو کەرستە کەلەپوورییە ڕەسەنانە کۆ بکەمەوە، کە سەردەمانێک لەم دەڤەرە بەکار هاتوون و کاریان پێ کراوە، وەک شمشێر و ڕم و چەکی کۆن، تا دەگاتە ئەو کەرستە و کەلوپەلانەی، کە ڕۆژانە وەک ئامێر و ئامرازی ماڵەکان بەکار هاتوون، دواتریش قەوان و ئامێرەکانی بیستن و گرامافیک و سینەما کۆنەکان و ڕادیۆ و فانۆسی سەردەمی گەشتی وانەکان، کە کاتی خۆی بۆ هێمای بەرانبەرەکان و ئاگادارکردنەوە بەکار هاتووە، بەمەش ئەو کەلوپەلانەی لەلای خۆم پاراستوومن، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر، بگرە زیاتریش.
دەشڵێت: هەرچەندە کۆکردنەوەی ئەم کەلوپەلە کەلەپووری و مێژووییانە کارێکی وا ئاسان نییە، بەڵکوو هەوڵی زۆری دەوێت تا بەدەستی دەهێنیت و ئینجا لە ماڵەوەش بیانپارێزی، بۆ نموونە، من زۆربەی ئەم شتانەم بە پارە کڕیون، یان لە ڕێگەی برادەر و کەسوکار پێم بەخشراون، چونکە هەندێکیان زۆر دەگمەنن، کۆنترین ئەو شتەی بەدەستم هێناوە، بریتییە لە سەرەڕمی ئەسپسواری، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، هەروەها شمشێری سەردەمی پاشای گەورەی ڕواندز، کە کاتی خۆی ئەویش بۆ بەرگریکردن لە دەستی سوارچاکەکانی میرنشینی سۆراندا بووە و بۆ بەرگریکردن لە میرنشینەکە بەکار هاتووە، لەگەڵ چەند جۆرە چەکێکی دیکەی کۆنی سەردەمەکانی پێشوو.
ئەوەشی خستە ڕوو: جگە لەو چەک و ڕم و شمشێرانەی باسم کردن، چەندین جۆر کەلوپەلی دیکەی کۆن و مێژووییم کۆ کردوونەتەوە و لە ماڵەکەمدا پارستوومن، کە کاتی خۆی لەلایەن باب و باپیرانمانەوە بەکار هاتوون، وەک کووپە و قاپ و پیاڵە و ئەو جۆرە شتانە، کە هەموویان لە مس و چەند ماددەیەکی تایبەت درووست کراون و بەرگەی مانەوە دەگرن، بەمەش هەوڵم داوە بتوانم کەلەپووری باب و باپیرانمان بۆ ئێستا و نەوەی دوای خۆم بپارێزم.“[1]