ناونیشانی بابەت: بازاڕێکی مێژوویی لە شاری شوێنەواریی دارا (کوردیس) دۆزرایەوە
لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، لە درێژەی کاری هەڵکۆڵینە شوێنەوارییە بەردەوامەکان کە بۆ #شاری دارا#ی مێژوویی لە باکووری #کوردستان# جێبەجێ دەکرێت، بازاڕێکی کۆن کە لە 10 دووکانی مێژوویی پیکهاتووە دۆزراوەتەوە. بە
وتەی سەرچاوەکان ئەم دووکانانە شوێنی فرۆشتنی کەلوپەلی درووستکراو لە شووشە و سیرامیک و کانزا بووە.
دکتۆر دێڤریم حەسەن مێنتێشی بەڕێوەبەر لە موزەخانەی #ماردین#، ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی (2012) ەوە دەستیان بە هەڵکۆڵین لەم شوێنەوارە کردووە و لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 10 دووکانیان دۆزیوەتەوە. هەروا دەڵێت: ئێمە هەمیشە (دارا) مان وەک شارێکی سەربازی ناسیوە و بەشێکی گرنگی مێژووی سەدەی شەشەم بووە، ئەم شارە لە کۆنەوە بە شارێکی سەربازی بەناوبانگ بووە، بەڵام ئێستا زیاتر لەوە تێدەگەین بەتایبەت دوای دۆزینەوەی ئەو بازاڕ دووکانانە لە ناوەندی شار و لەبەر ئەوەی چەندین دووکانی شووشە و کانزایان تێدایە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە کاری بازرگانی زۆری تێدا کراوە و ئەم شارە (دارا) لە سەدەی شەشەمدا ناوەندێکی گرنگی بازرگانیش بووە.
هەڵکۆڵینەکان لە شاری دێرینی دارا، لە ساڵی 1986 دەستی پێ کردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە ئەنجامی ئەو هەڵکۆڵینانەش تا ئێستا چەندین کڵێسا، کۆشک، بازاڕ، زیندان، تۆپخانە و بەنداوی ئاو دۆزراونەتەوە، هەروەها زیاتر لە 10 هەزار سەری تیر و گڵۆپی ڕۆن و شووشەی سیرامیک و کەلوپەلی دەستکردی سیرامیک لە ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە.
شاری شوێنەواریی دارا، دەکەوێتە نزیک گوندی دارا، بە دووری 30 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ماردین و 20 کیلۆمەتر لە شاری #نسێبین# دوورە. هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم شارە، بێجگە لەوەی پێگەیەکی سەربازیی ڕۆمییەکان بووە، بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لەو سەردەمە دادەنرێت، هەروا شوێنی بەیەکگەیشتنی کاروانە بازرگانییەکانی ئاسیا و ئەورووپاش بووە.
شاری دارا لە ڕووی جوگرافییەوە، ڕێک دەبێتە خاڵی کۆتایی دەشتی #میزۆپۆتامیا#، یان وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و دەستپێکی چیاکانی توور ئابدین. ئەم شارە لەسەر شاخێک درووستکراوە، لە دوو لایەوە ڕووبارێکی پێدا تێدەپەڕێت، کە تا 20 ساڵ لەمەوپێش ئاوی پێدا ڕۆیشتووە، لە کۆنەوە بەم شارە گوتراوە کوردیس.
مێژووی درووستکردنی ئەم شارە بۆ دەوروبەری ساڵی 505ی زایینی دەگەڕێتەوە، لەسەر داوا و بیرۆکەی پاشای ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای ڕۆژهەڵاتی (ئاناستاسیوسی یەکەم 491-518 زایینی) بە مەبەستی بەرگری لە بەرانبەر سوپای ئیمپراتۆریەتی ساسانی دامەزراوە.[1]