خشڵی ژنانی موکریان؛ بەشی 10
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=دەرزیی پاشەسەر=KTML_End=
خشڵێکی زێڕ یان زێوە، قووببەیەکی دەرزییەکی گەورەی پێوەیە کە لەسەر چارەکە لە کۆچکە دەدرێ و چەند ئاڵقەیەکی بە قووببەکەیەوە شۆڕ بووەتەوە کە قەفە گوڵینگەیەکی دە ئاڵقەکانی دەکرێت و پێیدا شۆڕ دەبێتەوە. دوو لاگیرەی هەیە سەریان بەقولاپە و لەملاوئەولای کۆچکە قایم دەبن. لاگیرە دەکرێت ساکار یان بە پێلک بێ.
برایم دەڵێت: خاتوونێ کەڵەگەتێ کێلگەردنێ، زەردئەسمەرێ/ خۆ قەراری ئاشقان هەروا بوون، هەر کەسانێکی زێڕوزیووان وەگێڕێ، دەبێت بیانداتێ تۆق و تەلەسم و گوارە و کرمەک و دەرزیلەی دە پاشەسەرێ.
(ڕەسووڵ باڵەکی: برایمۆک)
=KTML_Bold=دەرزیی زێڕ=KTML_End=
خشڵێکە لە دەرزییەکی وەک تەبەنە، سککەیەکی بە سەرەوەیە و ڕاستەو ڕاست لە سەرێ بۆ خوارێ لە یەخە دەدرێ. ( تایبەتیی بەشی دادڕاوی یەخەی کوردییە): دەرزی بەرۆک، دەرزی بەرکۆژە.
نووکی دەرزییەکە دەکەوێتە خواروو و سککەکە دەکەوێتە دەوری یەخە. ئەم دەرزییە لەجیاتی بەرکۆژە و دوگمە بووە و تایبەتیی سامانداران بووە.
دەبێنه لە بۆم بترازێنە دەرزی سنجاخێ، هەڵکێشە سەر زەردی بەرچێڵێ، لەبۆم وەدەرخە باغچۆڵێ...
(ڕەسووڵ شیرمۆخ: حەیران)
=KTML_Bold=دەرزیلە/ دەرزیلەی سەران/ دەرزیلەی زێڕ=KTML_End=
سنجاغێکە تەختی ئەولاوئەولای سووڕەتە و نێوەڕاستەکەی قوببەیەکی بچووکە لە جۆری تەختی سەرپشێند کە زنجیرێکی پێدا شۆڕ بووەتەوە و سێ یاقووتی پێوە. جۆری تری تەختی سێ سووڕەت یا قڕانە، زنجیری پێ هەڵواسراوە و یاقووت یا سووڕەتێکی پێوەیە. دەکرێت هەر ساکاریش بێ و بێ زنجیر بێ. جۆرێکیشی تەختەکەی لە چەندین گوڵی لە چەشنی سەرپشتێند پێک هاتووە و چەند زنجیر و یاقووتی پێوەیە و گەورەترین جۆری دەرزیلەیە.
قەدیم کە تاسکڵاو یا کۆچکەیان لەسەر دەنا لە پێشەوە تەنیا ئەگریجەیان دیار بوو و ئەو دەرزیلەیان لە ئەگریجە دەدا.
=KTML_Bold=دەرزیلەی زێڕ=KTML_End=
لەبەر دەرکێیان دارە، هەنجیرە یان هەنارە/ خەم لەشکری کێشاوە بۆ سەر ئەمنی بێچارە/ یا خوا لێی مبارەک بێ ئاڵقە و دەرزیلە و گوارە
(مەلا حسێن عەبدووڵڵا زادە)
حەیرانێ وەرە لە کانی شێخی/ دەرزیلەی زێڕە و ڕیشووان تێکدێخی/ دەبەر ئەو مەلایەی دەمرم دڵی من و کوڕەحەیرانێ ڕێکدێخی
دەرزیلەی سەرم لەسەت مسقاڵی/ کراسی ببەم لە سەت ڕیاڵی/ ئەگەر دڵ لێی نەبێ/ چ بکەم لە ماڵی؟
(پایانیانی، ئەدەبیات زارەکی ، بەشی ژنان)
=KTML_Bold=دەرزیلەی سەرشان=KTML_End=
سنجاخێکە لە زێڕ یان زێو بۆ قایم کردنی دەسماڵ لەسەر شان، زێڕەکەی سێ جۆرە.
1. تەختەکەی سێ قووببەی چکۆڵەی وەک یەخەوبەرۆکە.
2. تەختەکەی سێ گوڵی وردە نێوەڕاستی نەقیمێکی چکۆڵەی پیرۆزەیە.
3. سێ سووڕەت بەدوای یەکتردایە، دەکرێت لە جیاتی سووڕەت قڕانیش بێ.
=KTML_Bold=دەستەوانە=KTML_End=
ئەو ڕیزە مووروویەی کە پێوە دەکرێت و بە دەست دەکرێ.
=KTML_Bold=بەردەسماڵ=KTML_End=
خشڵێکە بە وێنەی گوڵ یان گوڵ و گەڵا، کە لە بەرگەردن، لە پێش دەسماڵی دەدەن.
=KTML_Bold=پێش دەسماڵ=KTML_End=
جۆرە خشڵێکە لە زێڕ، زێو یا زەنگیانەی هۆنراوە کە بۆ قوورس بوون و جوان ڕاوەستانی دەسماڵ بە پێشی دەسماڵ دەکرێ. [1]