ئامێرەکانی ژیانی کوردەواری؛ مەشکە 04
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=چۆنییەتی مەشکە ژاندن=KTML_End=
ماست و ئاو دە مەشکە دەکەن و بە دووانان دەیژێنن، ژن بە مەشکە هەڵدەڵێن و باوەڕیان وایە هەتا زۆرتری پێ هەڵبڵێی زیاتری ڕۆن دەکەوێتێ. زۆر جاران ئاوی چەند کانییان بۆ مەشکە دەهێنن و دەڵێن: فڵانە کانی ئاوی بەڕۆنە جار هەیە ئاوی شەوی تێدەکەن یانی ئەو ئاوەی کە ئی دۆینێ شەو بووبێ و شەوی بەسەردا هاتبێ. مەشکە تا سێ جاران ئاوی تێ دەکرێت و ئەگەر ڕۆنەکەی خڕ بووەوە ڕۆی دەکەن و ڕۆن و دۆیەکە لێک جیا دەکەنەوە. دۆی ئەو ڕۆژە ناخۆنەوە و پێی دەڵێن: دۆی ڕۆژێ.
ڕیحانە و شویت و گەڵامێو و قەزوان و گوڵ لە دۆیەکە دەکەن و هەتا سێ ڕۆژان لێی دەگەڕێن بۆ ئەوەی ترش بێ.
=KTML_Bold=ئاو ماستاو/ ئاوی هەوەڵێ=KTML_End=
یەکەم ئاوێک کە لە کاتی مەشکەژاندندا دە مەشکە دەکرێ.
=KTML_Bold=ئاوەورکە/ ئاوی ورتکەی=KTML_End=
ئەو ئاوەی کە دە ناوەڕاستی مەشکە ژاندندا دە مەشکە دەکرێ، نێوەکەی لەوە وەرگیراوە کە ماستاوەکەی نێو مەشکەکە بەهۆی ژاندن ورکەڕۆنی دەکەوێتێ.
=KTML_Bold=ئاوە وردە=KTML_End=
ئەو ئاوەی دوای پەیدابوونی وردەڕۆن، لە کاتی مەشکەژاندندا دە مەشکە دەکرێ.
=KTML_Bold=ئاوی چەوری=KTML_End=
ئەو ئاوەی دوای چەوربوونی مەشکە، لە کاتی مەشکەژاندندا، دە مەشکە دەکرێ.
=KTML_Bold=ئاوی یەگجاری/ ئاوی خڵاسەی/ ئاخرئاو=KTML_End=
دوایین ئاوێک کە دە مەشکە دەکرێ.
=KTML_Bold=ئاوی هێدی/ ئاوی نەرم=KTML_End=
ئاوی نەسارد و نەگەرم، ئەگەر ساڵ سارد بێ، بە ئاوی هێدی نەبێت مەشکە ناژێ.
=KTML_Bold=ئاوی دڕ=KTML_End=
1. جۆرە ئاوێکی ناپەسند کە پێستی مرۆڤ قەڵشت قەڵشت دەکا.
2. ئاوی سارد. بۆ مەشکە پەسند نییە.
=KTML_Bold=کەف و ڕۆن=KTML_End=
کەفی تێکەڵ بە ڕۆن کە سەرەتای ڕۆن دانەوەی مەشکەیە.
وە کەف و ڕۆن گەڕان: بە مانای پەیدابوونی کەف و ڕۆن لە مەشکەدا کە بەواتای سەرەتای ڕۆن لێ پەیدابوونی.
=KTML_Bold=کەف و ڕۆنەی گەورە=KTML_End=
پەیدابوونی کەف و ڕۆنی درشت لە مەشکەدا کە بەواتای نزیکبوونەوەیەتی لە ژان. دوای کەف و ڕۆنەی گەورە، دەبێتە وردێکی گژنیژی.
=KTML_Bold=کەفە چرچە=KTML_End=
ئەو کەفە سیس و نابەرچاوەی کە مەشکە، بەر لە پەیدابوونی کەفەڕۆنە، هەڵیدەدا.
=KTML_Bold=کەفە چەورە=KTML_End=
کەفی چەور.
بەشێک لە گۆرانی ژنان تایبەتیی مەشکە
مەشکەم مەشکەی مانگایە/ لۆلەپ داری خورمایە
هەوارم گۆڕمووسایە/ بێری شەم و زارایە
مەشکە بژێ نادری/ هانامە شێخ قادری
چیغی لە ڕووی چادری/ کابان ڕۆنی بگری
ڕەببی مەڕمان لێ نەمری/ کابان زەمبێ هەڵناگری
مەشکەم دەژێ بەیانە/ کاک برایمم میوانە
بە خۆ و بە چریکانە/ قەدری لەسەر چاوانە
نێوڕۆژی بە هێلکانە /هەر شامی شەک بەرانە
ئاوی سێ خڕ و سێ دۆڵان
مەشکێ بژێنن بە کچۆڵان
ڕۆن خۆشە بە بابۆڵان
مەشکێم لە دارهەنارە/ کابان دەسرۆکەی لارە
دۆی زۆر، ڕۆن بە تەغارە/ مەشکێم، زێڕی نێودارە
مەشکێم بژێ لە بناری / لە بنەی برایم جەڵاڵی
بە بای پشوێی شەماڵی
هەچی مەشکێم هەڵکاڵی/ جا سەری بنێ دە تاڵی
مەشکەم مەشکەی جانداران / ڕۆنی دەگرین بە باران
کاکم دەیبا بۆ شاران / بۆم دێنێ ئاڵقە و گواران
کاکم سەرکردێ سواران / میوانێ جاروباران. [1]
*سەرچاوەکان: فەرهەنگی خۆرد و خۆراکی موکریان، (ئەدەبیاتی زارەکی موکریان، بەشی ژنان سەڵاح پایانیانی).