ناونیشانی بابەت: قوتابخانەیەک بۆ فێربوونى زمان و خوێندنى کوردى لە وڵاتى نەرویج دەکرێتەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
لەپێناو خزمەتکردن بە زمان و کولتوورى کوردى لە هەندران، م. برهان فارس گەردى، کە مامۆستایەکى کوردە، بە هاوکاریى ستافێک قوتابخانەیەکی لە وڵاتى نەرویج کردووەتەوە، هەوڵیش دەدەن قوتابخانە لە شارەکانى دیکەش لق بکەنەوە.
سەنار ستوونی، مامۆستاى زانکۆ، بە (باسکورد)ى ڕاگەیاند: ئەرکە ئێمەى کورد لە هەر شوێن و وڵاتێکدا بین، پەرە بە خوێندن بە زمانى دایک بدەین بۆ منداڵان و نەوەى داهاتوومان، بەتایبەتیش بۆ کوردانى هەندەران، چونکە ئەو منداڵانەی لەوێ لەدایک دەبن، لەنێو سروشتێکى جیاوازدان و زیاتر تێکەڵاوى زمان و کولتوورى بیانى دەبن و پێویستە لەسەر دایک و باوکان و مامۆستا و کەسانى ئەکادیمى، هەوڵی ئەوە بدەن، کە چۆن و بە چ ڕێگایەک فێرى خوێندن و نووسین و زمانى کوردییان بکەن.
گوتیشى: ئەوەى جێگەى دەستخۆشىییە، مامۆستایەکى کوردى هاوڕێ و هاوپیشەم (م. برهان فارس گەردى)، بە مەبەستى خزمەتکردنى بە زمان و کولتوورى کوردی، قوتابخانەیەکی لە وڵاتى نەرویج بە هەر سێ زاراوەی سۆرانی، بادینی و لاتینی کردووەتەوە و وانەکان دەنووسرێن و دەگوترێنەوە، نزیکەی 500 قوتابی لە سێ شارە جیاوازەکانی Oslo, Mysen, Sandvikaیش تیایدا دەخوێنن و قوتابخانەکەی سێ لقی هەیە و نزیکەی 30 مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەییشیان هەیە، هەروەها چاویان لەوەیە لە چەند شاری دیکەى ئه و وڵاتە قوتابخانە بکەنەوە، تا هیچ ڕۆڵەیەک بێ بەش نەبێت لە خوێندنی زمانی شرینى کوردی، ئەمەش جێگەى دەستخۆشىییە.
دەشڵێت: کردنەوە و دامەزراندنى ئەم قوتابخانەیە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەى نەوەی داهاتووی ڕەوەندی کوردی زمان و کولتووریان بپارێزن، هەروەک پڕۆگرامی خوێندنیان بریتییە لە مێژوو و جوگرافیای کوردستان، ڕێزمانی کوردی، ئایین و…هتد و زۆر نزیکە لە پڕۆگرامی خوێندنی #کوردستان#، بەڵام ڕەنگە شێوازی فێرکردن هەندێ جیاواز بێت، هەروەها قوتابخانەکەیان لە بۆنە نەتەوەییەکاندا ئامادەبوونێکی بەرچاوی هەیە، ساڵانە لە بۆنەکانی نەورۆز، سەری ساڵ و نیوەی ساڵ ئاهەنگی خێزانیی فراوان بەڕێوە دەبەن، لەم بۆنانەدا سروودی نیشتمانی لەلایەن قوتابییانەوە دەگوترێتەوە و ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە.
ئەم مامۆستایە دەشڵێت: بەپێى زانیارییەکانمان، ئەگەرچى ئه و بەڕێوەبەر و کارمەند و مامۆستایانەى لە قوتابخانەى کوردى لە نەرویج وانە دەڵێنەوە و خزمەت دەکەن، بڕە مووچەیەکى کەمیان دەست دەکەوێت، بەڵام لەپێناو خزمەتکردن بە کولتوور و خوێندن و زمانى کوردى، ئامادەن تەنانەت بە خۆبەخشییش خزمەت بکەن، ئەمەش جێگەى دەستخۆشییە بۆ ئەو مامۆستایە و بۆ ستافی قوتابخانەکەش بەگشتی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=