ناوی فایەقی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی محەمەدی کوڕی مەلا ڕەسوڵه، واتە کوڕی شاعیری ناسراوی کورد زێوەرە (1875-1948) ، لە ساڵی 1908دا لە شاری #سلێمانی# هاتۆتە ژیانەوە.
وەک پێشبینییەکی بەرچاو گەشانە و نوقڵانە بۆ لێکدانێکی دڵخۆشکەرانە باوکی ناوی ناوە فایەق، ئەوەی سەرکەوتوو دەگرێتەوە و هیوای سەرکەوتنی لە ژیاندا بۆ خواستوە و تەنانەت خۆیشی لە سەرەتای هۆنراوە وتندا بەم ناوی سەرکەوتووەوە و بەرهەمی بڵاو دەکردەوە و لە پاشان نازناوی بەختیاری بۆ خۆی هەڵبژاردووە و هۆنراوەی بەو ناوەوە بڵاو دەکردەوە و لە جیهانی وێژەی کوردیدا بە بەختیار زێوەر ناوی دەرکرد.
سەرەتای دەستپێکردنی خوێندن، لەو ڕۆژگارەدا کە حوجرە و لای مەلا بووه، لە خزمەت باوکیدا خوێندویەتی و دوایی تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی بڕیوه، لە دواییدا بە کاری برینپێچی ڤیتەنەری دامەزراوه. لە ماوەی ئەم کارەیدا زۆر لە ناوچەکانی سلێمانی و #هەولێر# گەڕاوە و سۆز و ئەوینی خۆشەویستی و جوانی دیمەنی کوردستانی چەشتوه، هەر لە ژیانی کارەکەیدا، پاش ئەوەی قوتابخانەی ناوەندی شەو لە سلێمانی دەکرێتەوه، وەک خولیایەک و هەستێکی تەواو قوڵ بە پێویستی خوێندن و لەسەر ڕۆیشتنی، بێگوێدانە نەخۆشی و تەمەن گەورەیی و ئەرکی فەرمانبەری و گیروگرفتەکانی ژیان، سەرلەنوێ ڕوو دەکاتەوە قوتابخانەی شەو و بڕوانامەی سێی ناوەندی وەردەگرێت. چواردە ساڵ و شەش مانگ تەمەنی فەرمانبەری بووه.
بەختیار، هەر لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە گیرۆدەی نەخۆشی مێشک بووە و بە دەست ئەم دەردەوە زۆر نالەبار و پەریشان بووه، بە تایبەتیی لەو کاتەنەدا کە زۆری بۆ هێناوه، تا ساڵی 1948دا، بەهۆی کۆچی باوکییەوه، تەواو بە دەست ئەم نەخۆشییەوە کز و سەرگەردان بووە و ناچار لە بەغدا نەشتەرگەری مێشکیان کردووە و کاسەی سەریان هەڵگرتووه، بەڵام بێسوود بووه، چونکە دوای ئەو نەشتەرگەریە بە شەش مانگ لە ڕۆژی 1952.12.31 کۆچی دواییکردووە و لە گۆڕستانی گردی جۆگا لە سلێمانی، لە تەنیشت گۆڕی زێوەری باوکییەوە نێژراوه.
با ئەوەش لە یاد نەچێت هەر لە منداڵییەوە لە بەهرەی ڕووناکی چاوێکی بێبەشبووه. پێش مردنی بە دوو ساڵ ژنی هێناوە و هیچ منداڵی لە پاش بەجێنەماوه.
سەرەتای هۆنراوەوتنی بەختیار زێوەر بۆ ساڵی 1925 دەگەڕێتەوه، واتا لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوه، بەم پێیە هاوچەرخی شاعیرانی ئەو سەردەمە بووه، ئەو شاعیرانەی کە لە دەستپێکردنی بزووتنەوەی هەڵبەستییانەوە لەسەر تان و پۆی عەرووزی عەرەبی و کەرەستە و چەشنی دەربڕین و شێوەی کلاسیکی بەرهەمی هەڵبەستییان دادەڕشت و لە ساڵی 1920 و 1925 بە دواوە وردەوردە کەوتنە گۆڕێن و نوێکردنەوەی شێوە و ناوەرۆکی هۆنراوەی کوردی ناوچەی سلێمانی بەرەو ئاسۆی ڕۆمانێتک.
هەر کەسێک بەوردی گەشتێک بە باخچەی ڕەنگینی دیوانە بەجێ ماوە بێنازە دەستنووسەکەی شاعیر خۆیدا بکات، بە ئاسانی دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە جێپەنجەی پەیڕەوی زێوەری باوکی بە تابلۆی هۆنراوەکانییەوه، کەم و زۆر، بە تایبەتیی لە قۆناغە سەرەتاییە پێشوەکەی هۆنراوە دانانیدا، دیارە. دەشبێتوابێ، چونکە زێوەر جگە لەوەی کە شاعیرێکی بە توانای بەرهەمی کلاسیکی بوو، زانایەکی ئایینی و مامۆستایەکی دیاری قوتابخانە و پێشەوایەکی کۆمەڵایەتی و هەتا بڵێی زانست پەروەر و کورد خۆشەویست بوو، هەمیشە کۆڕ و کۆبوونەوەی وێژەی و کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ڕۆشنبیری لە جۆش و خرۆشدا بوو.
بەختیاریش زادەی ئەو مەڵبەندە و گۆش کراوی ئەو شییر و بییر و بارە وێژەییەیه، لە زۆر سەرەوە ناچار بوو پەیڕەوی ئەو ڕێگا و ڕێبازە هۆنراوە بکات و لە سەری بڕوات.
پاش ئەوەی خەم و پەژارە زۆری بۆ دێنێت، دیمەنە ناسۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و جیاوازی چینایەتی ناو نەتەوەکەی تەنگی پێ هەڵدەچنێت، وەک تەقینەوەیەکی بێزاری و دەربڕینی نائومێدی بەرانبەر بە چارەسەرکردنی گیروگرفتە خەستەکان، خۆی پێ ناگیرێت و هەموو ئەو کەفوکوڵ و ناسۆری و دڵسۆزی و بێ هیواییە دەڕێژێتە پارچە هۆنراوەی سکاڵای دڵ بۆ ئەستێرەیەکی هاوڕێم و بەڕێگا ڕۆمانسییەکەیدا سەری خۆی هەڵدەگرێت و داوای یارمەتیی و دەربازبوون و فڕین دەکات.[1]