کوڕی محەمەد فەیزی کوڕی میر ئەحمەدی کوڕی حەسەن بەگەو بەڕەچەڵەک ئەچێتەوەسەر بابا سڵێمانی میری بابان. نازناوی (زەهاوی) یان بۆیەبەسەردا بڕاوەچونکەحەسەن بەگی باپیرەگەورەیان ماوەیەک لەناوچەی (زەهاو) ژیاوە. جەمیل سدقی ساڵی 1863 لەبەغدا لەدایک بووەو هەر لەوێ خوێندنی تەواوکردووە.
هێشتا زۆر گەنج بووەکەکرا بەئەندامی ئەنجوومەنی مەعاریفی بەغداو سێ ساڵ پاش ئەوەبوو بەبەڕێوەبەری چاپخانەی ویلایەتی بەغداو بەبەڕێوەبەری ڕۆژنامەی (زەورا) .
پاشان کرا بەئەندامی دادگای ئیستئناف. لە تەمەنی 25ساڵیدا تووشی نەخۆشییەکی سەخت هات و قاچی چەپی ئیفلیج بوو. ساڵی 1896 دەعوەت کرا بۆ ئەستەمبول و ئەم بەرێگەی میسردا ڕۆیی و لەوێ لەگەڵ نووسەر و ئەدیبەبەناوبانگەکانی ئەو وڵاتەدا ئاشنایەتی پەیدا کرد. لەسەر هەڵوێستی سیاسی، لەئەستەمبوڵ گیروگرفتی زۆری هاتەرێ و پاشان دوور خرایەوەبۆ یەمەن و ماوەی ساڵێکی لەوێ بردەسەر و پاشان گەڕایەوەبەغدا.
دوای ڕاگەیاندنی مەشروتییەتی دەوڵەتی عوسمانی بوو بەنوێنەری بەغداو لەئەستەمبوڵ نیشتەجێ بوو. کەجەنگی یەکەمی جیهانی دەستی پێکرد گەڕایەوەبەغداو خەریکی خوێندنەوەو نووسین و ئەدەبیات بوو. پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق ساڵی 1925 کرا بەئەندامی ئەنجوومەنی ئەعیان و لەم پۆستەدا مایەوەتا خانەنشین کرا.
جەمیل سدقی شاعیرێکی گەلێ بەتواناو پەخشان نووسێکی لێهاتوو بووە، جگەلەزمانی کوردی، دەسەڵاتێکی تەواوی بەسەر زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیدا هەبووەو بەهەموویان شیعری نووسیوە. لەگەڵ شێخ ڕەزای تاڵەبانیدا شەڕەشیعری زۆری هەیە. ئەم پیاوەهەڵکەوتووەکەبەهاوتای (ئەحمەد شەوقی) لەقەڵەم ئەدرا ساڵی 1935 لەبەغدا کۆچی دوایی کردو لەمەرقەدی ئیمامی ئەعزەم بەخاک سپێردرا. خوالێخۆشبوو لەپاش خۆی پانزەبەرهەمی چاپکراوی بۆ بەجێ هێشتووین.[1]