ناوی تەواوی لەیلا قاسم حەسەن کەڵهوڕە، ساڵی 1950 لە گوندی (بانمیل) ی سەربە شاری #خانەقین# لە خێزانێکی هەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە. قاسم حەسەنی، باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەن بوو. دوای ئەوەی ناوبراو خانەنشین کراوە، ساڵی 1971 لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا. هەموو خوشک و براکانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەڵاح) خەریکی خوێندن بوون و لە قوتابییە زیرەکەکانی ئەو سەردەمەی کوردبوون. سەرباری خوێندن هەریەکەیان لەپای خوێندنەکەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاریان کردووە. بنەماڵەی لەیلا قاسم لەگەڵ ئەوەی لەنێو ڕەوشێکی هەژاریدا دەژیان، بەڵام زۆر بەختەوەربوون.
لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1958 لە شاری خانەقین چووەتەبەر خوێندن و قۆناخەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواوکردووە. لەیلا لە ساڵی 1971دا لە بەشی کۆمەڵناسی/ کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە. لەیلا کەهەر لە تەمەنی منداڵییەوەی هەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەکیش و ستەم و زۆرداری ڕێژیمی داگیرکەری ئێراق لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێکۆشانی لەلای لەیلا قاسم درووستکردبوو.
لەیلا هەر زوویش ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکردبوو. ساڵی 1970 لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بەبزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابییانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان. لە کاتێکدا کەدەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لەشاخ و لەدێهاتەکاندا خەبات بکات، لەیلا بەپێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بەنایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش کەبۆ خودی خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و زۆر باش لەڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورددا تێگەیشتبوو.
لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لەهاوڕێکانی خۆی بەناوی جەواد هەمەوەندی کە بە یەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، زۆر یەکتریان خۆشدەویست. ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، وەلێ خۆشەویستییەکی بێسنووریان لەنێواندا هەبوو. لەیلا هەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوه. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.
لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی هەردووکیان هاوبیر و کۆک بوون لەپرسەکاندا لە پێناو سەرکەوتنی دۆزی ڕەوای گەلەکەیاندا. لەیلا و جەواد ئەوینی خۆیان تێکەڵ بەئەوینی کوردستانی نیشتمانەکەیان کردبوو. لەیلا بە خەبات و تێکۆشانی خۆی سەلماندی کەژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەیان بەڕێوەببەن.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/217/0002.JPG=KTML_ImageCaption_Title=لەیلا قاسم ساڵی 1959=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=لەیلا قاسم ساڵی 1959=KTML_ImageCaption_End=
لە سەرەتای ساڵەکانی 1970 کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بەقۆناخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و هاوڕێکانیان سەرباری نکۆلیکردنی ڕێژیمی داگیرکەری بەعس لە هەبوونی گەلی کورد، ئەوان سووربوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەیان. هەروەها لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی 1974 بە یەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لەدەرفەتێک دەگەڕان کەبڵاوی بکەنەوە. بەڵام بەهۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕێژیمی ئێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەهۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و هاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی ئێراقەوە لەناوبردرابوو.
لەئاداری 1974دا دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و هێرشکردنەوەی ڕێژیمی ئێراق بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان، ڕێژیمی داگیرکەر دەستیکرد بەکۆچبەرکردنی هەزاران کورد و بۆردومانکردنی هەردوو شاری #قەڵادزێ# و #هەڵەبجە# و ڕاوەدوونان و گرتنی ڕۆشنبیران و قوتابییان و ئازادیخوازانی کورد. هەر لەو کاتەدا هەزاران کەسیش لەتاکەکانی کۆمەڵ بۆ بەرگریکردن لەمافی نەتەوەکەیان ڕوویان لەشاخەکان کرد و چەکی پێشمەرگەیاتییان هەڵگرت. لەو کاتەدا لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی و نەریمان فوئاد و هەندێک لەهاوڕێکانی تریان پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لەشاخ بەس نییە، بەڵکوو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناخەیە، بۆیە ڕوویان نەکردە شاخەکان و لە بەغدای پایتەختی ئێراق بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان مانەوە.
لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی 1974دا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعسی ئێراق بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک بەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی 1974.04.28دا لەیلا قاسم و چوار لەهاوڕێکانی (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەرەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی هەڵمەتێکی بەرفراوانی هێزەکانی ئاساییش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیر کران. ڕۆژنامەی الثورەی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی ئێراق، لەیلا قاسم و هاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.
لەیلا قاسم کچێکی چاونەترس و زیرەک بوو؛ لەڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بەعسدا بێباکانە ڕایگەیاندبوو: بەکوشتنی من هەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کەگیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم. هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بەلەیلا دەربڕێت.
ڕێژیمی بەعسی ئێراق بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابییان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بەلەیلا قاسم و هاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. ڕێژیمی ئێراق لەزیندووبوونی ئەو پێنج لاوە کوردە زۆر دەترسا، بۆیەهێشتا دوو هەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 1974-05-12 لەیلا قاسم و هەر چوار هاوڕێکەی لە سێدارە دران. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بەماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا هەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە شەهیدکرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کەوێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابییانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەهۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، هەر زوو بەکۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.[1]