ناو: ئەحلام
ناوی باوک: مەنسوور
$ژیاننامە$
لە ساڵی 1951 لە شاری #خانەقین# لە دایکبووە.
لە ساڵی 1962 قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.
لە ساڵی 1970 ئامادەیی و لە ساڵی 1974 کۆلیژی ئەدبیاتی بەشی زمانی کوردی تەواوکردووە.
لە ساڵی 1981 کۆمەڵە چیرۆکی (پرد) ی چاپکردووە.
لە ساڵی 1999 ماجستیری لە کوورتە چیرۆکی کوردیدا وەرگرتووە.
ئەحلام مەنسوور ناوێکی دیارە لەنێوەندی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی. ئەو وەک ژنێکی بوێر و یاخی و دژەباو لە گەرمەسێرەوە وەک یەکەم ژن هاتە ناو خەباتی سەختی ڕۆشنبیری و شارستانی و شوێن پەنجەی بەخزمەتکردنی ئەو بوارانەوە دیارە.
ئەحلام ساڵی 1951 لە شاری خانەقین لە دایک بووە. لەو شارە و بەغدا خوێندویەتی و ساڵی 1974 بەشی کوردی کۆلیجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە و هەرلە هەمان شار بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە.
لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە وەک ژنێکی ئازا و پێشەنگ هاتۆتە ناو دنیای ئەدەب و نووسینەوەو وەک چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و نووسەر خزمەتی کردووە و بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی واقعی ژیانی کۆمەڵایەتی کوردەواری بەگشتی و شاری خانەقین بەتایبەتیی بووە.
کۆمەڵە چیرۆکی (پرد) بەنۆبەرەی بەرهەمەکانی دادەنرێت و دواتر بە ڕۆمانەکانی (ئامە ڕەش) و (ئەڵوەن) توانا و سەلیقەی بەرزی ئەدەبی خۆی سەلماند. چەند پەرتووکێکی تریشی بڵاو کردووەتەوە، وەک: (خەون و خوێن) ، هەروەها (دیس تۆپیا).
بێ لە چیرۆک و ڕۆمان، ئەحلام مەنسوور وتاریشی نووسیوە و وتارەکانی بەوپەڕی ئازایەتییەوە نووسیوە و ڕەخنەی لە دیاردە دزێوەکان گرتووە.
ئەحلام وەک کەسێکی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆش لە هەردوو زانکۆی #سلێمانی# و#کۆیە# خزمەتی بە رەوتی خوێندن و فێربوون کردووە.
ئەو ژنە هەڵکەوتووەی کورد لە ڕۆژی #10-01-2013# بۆ دوا جار لە شاری سلێمانی ماڵاوایی کرد و لە گۆڕستانی (خدر زندە) لە شاری خانەقینی زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. [1]