سپاس بۆ دایکم فێری کردم بە زمانی ئەو بدوێم، سپاس بۆ یەکەم مامۆستام فێری کردم بە زمانی خۆم باس و خواسی ژیانی خۆم بنووسم.
$ژیاننامە$
ناو سەلاح عەبدووڵڵازادە ناسراو بە (نیساری) و ناوی باوک محەمەد کوڕی ڕۆستەم و ناوی دایک حەلیمە کچی کەریم. باوکم لە تەمەنی هەژدە و نۆزدە ساڵی لە بەر ئەوەی نەیگرن بە سەرباز لە کۆتایی دەسەڵاتی حەمەڕەزا شادا، لەگەڵ برایەکی لە خۆی گەورەتر بەناوی حەسەن، ئاوایی بەردەزەدی فەیزووڵڵابەگی لە نزیک شاری #بۆکان# بەجێ دەهێڵن و ڕوودەکەنە ناوچەی گەورکان و لە گوندی قالوێ ڕەسووڵ ئاغا لە لای خاڵیان بەناوی سۆفی شوکرە دەگیرسێنەوە و باوکم، هەر لە لای ئەو خاڵەی فێری پیشەی بگێڕی واتە هەلاجی دەبێت. باوکم کەسێکی دەنگ خۆش و مەجلیس خۆش بوو. هەمیشە پێی خۆش بوو منداڵەکانی لە ژیاندا بێجگە لەوەی خوێندەوار بن، پیشەیەک بزانن.
لە دووی خەرمانانی 1344هەتاوی (1965)زایینی، لە ئاوایی قالوێ ڕەسووڵ ئاغا، سەر بە شاری بۆکان، چاوم بە ژیان هەڵێناوە. دوو ساڵی سەرەتایی لە ئاوایی قالوێ بە زمانی فارسی دەرسم خوێندووە، یەکەمی سەرەتایی لە ئاواییەکەمان دەرسم خوێند و بڕوانامەی قەبووڵیم وەرگرت، هەر لە منداڵییەوە گڕ و تینی خوێندن و خوێندنەوە لە دەروونمدا کڵپە و بڵێسەی سەند و خۆم ئامادەکرد بۆ ساڵی داهاتوو. لە پۆلی دووەمدا ناونووسی بکەم، بەڵام! هەرئەو ڕۆژەی کارنامەی قەبووڵیم هێنایەوە ماڵێ و مزگێنی سەرکەوتنم دابە دایە و باوە، مامم ئەو سەعاتە لەگەڵ بابم لە گوێی تەندوور دانیشتبوون، هەڕەشەی لە باوکەم کرد: ئەگەر بێتوو کوڕەکەت بنێریە مەدرەسە و دەرزی شەیتان بخوێنێت، لە برایەتی من دەشۆرێیەوە و بەبرای خۆمت حیسێب ناکەم! هەر ئەو کاتە کارنامەیان لەدەست وەرگرتم و شۆڕیان کردەوە بۆ نێو گڕە پێچەی تەندوور و دەرخۆنەیان لە سەر ئاواتی شلک و ساوای منداڵیم دانا؛ مانگ و ساڵ هاتن و چوون، هاوپۆلەکانم پێنجی سەرەتاییان تەواو کرد و باوک پەشیمان بۆوە و ئیزنی پێدام بچم بۆ قوتابخانە! بەڵام ئەوجار بەهۆی ئەوەی تەمەنم چووبووە سەرێ، لە قوتابخانە وەریان نەگرتم. لەو ڕۆژگارەدا بە دەستووری وەزارەتی فەرهەنگی ئێران بۆ خوێندەوار کردنی بێسەوادان و ئەوانەی تەمەنیان لەدەورانی سەرەتایی ژوورتر بوو؛ کەلاسی (پیکار با بیسەوادی) شەڕ لە دژی نەخوێندەواری، دامەزرا بوو. زستانێک لەو کەلاسەدا بەشداریم کرد و بێ ئەوەی بڕوانامەی سەرکەوتن وەربگرم لە بەر کار و کوێرەوەری لادێ، تێکەڵ بە ژیانی چەوسانەوە و کوڵەمەرگی بووم. با ئەمەشم لە بیر نەچێ، لەو ماوەیە کە لە دێ دەژیام وەک کەسێک لە دووی ئەشقی ونبووی دەسووڕێتەوە منیش بە خەڵووز و تەباشیر درگا و تەنەکەی ژەنگاوی نەمابوو شتی سەیری و سەمەرەی لە سەر نەنووسم. نەک هەر خۆم تەنانەت خەڵکیش ئەوانەی لەو گوندەدا بۆرە خوێندەواریەکیان هەبوو نەیاندەزانی ئەوە چییە بە خەتی ڕەش و سپی نووسراوە!
ساڵی 1354 هەتاوی باوک ماڵ و کۆچی پێچاوە و بارگە و بنەی تێکنا و بە سواری خاوەرێک شۆفیرەکەی ناوی (ساڵەیارە) بوو بەرەو موکریان شۆڕ بووینەوە و لە شاری بۆکان گیرساینەوە. هەر ئەو ساڵە چوومەوە مەدرەسە و لە قوتابخانەی شەوانە ناونووسیم کرد و وەک دەڵێن دیسان تێهەڵچوومەوە. ئەوساڵەش لە فێرگەدا ئەگەر یەکەم نەبووبێتم دووهەم بووم، بەڵام دەمەو بەهار نان نەک هەر بۆ ئێمە بەڵکوو بۆ هەژاران چووە پشتی شێر، وەک مەلان چلە بڕمان کرد و بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک بە خاوو خێزانەوە ڕوومان کردە کورەخانەی خشت پێژی و لە پێتەخی بنەچەکەمان واتە شاری هەمەدان پێنج قالبیان دایەدەستم و ملم نا لە خشت پێژی و ئارەقەی نێوچاوانیم کەوتە سەر خشتی کاڵ و لە کورەی ئاوردا سوور کرایەوە.
لە ساڵی 1357 بۆیەکەم جار کتێبی خورشیدی خاوەر بە زمانی کوردی ڕێچکەی خوێندنەوە و نووسینی نیشاندام و تامەزرۆیانە ڕووم کردە گوڵجاڕی زمانی دایکی و لە هەر لایەک پەڕتووکی کوردیم وەدەست دەکەوت وەک پەڕ پەڕۆکی ئەویندار چڵ بە چڵ و گوڵ بە گوڵ بەرامەم هەڵدەمژی و بە ڕووپەڕی کتێبان باوەشێنی ڕۆحی تاسەباری خۆم دەکرد.
زستانی 1357 لە بەر ئەوەی هیچ بڕوانامەیەکم نەبوو دیسان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی ناونووسیم کرد و بۆ چوارەم جار ئەوەی خوێندبووم هەموویم هێنایەوە کاوێژ و لە کۆتایی دەورەدا دیسان وەک گیسکەکەی هەیاس گورگە شینیان نیشاندام و ئەم جارەش کارنامەم وەرنەگرت.
زستانی 1368 هەتاوی لەگەڵ خانم خەدیجە قوربانی زماوەندم کرد و بەر هەمی ئەو زەماوەندە دوو کچ و کوڕێکە بە ناوەکانی فاتمە و ئازاد و ئاڵا.
ساڵی 1369 هەتاوی ناوی پیکار با بیسوادی گۆڕا بۆ(نهزەت سواد آموزی) هەوڵمدان شەوانە بخوێنم، بڕیار بوو ناونووسی بکم بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی، بەڵام دیسان بە هۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەکم بەدەستەوە نەبوو ڕازی بوون لە پۆلی دووی سەرەتایی نهزت دا ناوم بنووسن.
لێرەدا جێی خۆیەتی نەختۆکەیەک بۆ دواوە وەگەڕێم و ئەو ڕاستیە بدرکێنم کە لەساڵەکانی 57تا 69 ئەو ئەزموونەی بە دەستم هێنابوو، لە لای مامۆستایانی نهزت، نەمدرکاندبوو. من لەو ماوەیەدا زۆر بە باشی بە سەر خوێندنەوە و نووسی زمانی دایکیدا زاڵبووم. دوای ئەوە هەر وەک ئەزموونی موتاڵام زۆر بوو ملم لە بەر ملی خوێندنەوە نا. چی لە سەر کاغەز نووسرا بوو بەو مەرجەی دەستم پێی ڕاگەیشتبا ئاشقانە دەمخوێندەوە. بەتایبەت چیرۆکی فارسی لە بەر ئەوەی کەمتر چیرۆک و ڕۆمانی کوردیم دەست دەکەوت. هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، لەگەڵ چیرۆکەکانی (سەمەد بێهڕەنگی) ئاشنا بووم و تێیدا تووامەوە. دوای ئەو، نووسراوەکانی عەلی ئەشرەف دەروێشیان و مەنسوور یاقووتی، قسەکانی سوبحی و کتێبەکانی هوشەنگی موراد کرمانی، پەنجەریەکی بەر فراوانیان بەڕوودا کردمەوە و بۆلای خۆیان ڕاکێشام. بەڵام سەمەد بێهڕەنگی بۆ من شتێکی دیکە بوو. هەر ئەوەش وای لێکردم پاشان کە لە خۆم ڕادی سەرجەمی نووسراوەکانی بێهڕەنگی بێنمە سەر زمانی کوردی. خۆم بە ئاشقێکی ڕێبازی وێژەی منداڵان دەزانم و پێموایە لەو بۆتەیەدا توواومەتەوە. مەبەستیشم ئەوەیە خۆم بە ئەوینداری ئەدەبیاتی منداڵان دەزانم و هەتا ماویشم خۆشەویستیم بۆی هەیە. منداڵان لە ڕوانگەی منەوە پەپوولە باڵ زێڕینەکانن لە مەزرای ئاژەڵاندان و بە داخەوە قوربانی شەڕ و ململانێی چاونەزێری و تێرنەخۆری گەورەکانن. من کە بە منداڵی پێخوستی ستەم بووم، بە حەول و تێکۆشانی بێوچان ئەو ڕچەیەم گرتەبەر کەوا ویستی دڵم بووە. بەڵام بۆ هەمیشە خۆم بە قەرزداری جگەرگۆشەکان دەزانم و هیوادارم باغەوانێک و خزمەتکارێکی باخچەی وێژەی منداڵان بم. چرایەکم لە شەقامی خەونی منداڵاندا هەڵکردبێ. ئەوەش بەرهەمەکانم بە وەرگێڕان و نووسراوەکانی خۆمەوە./ سەلاح نیساری/
$نووسراوەکانم:$
1-#ترووسکەیەک لە تاریکیدا#-چیرۆک، ساڵی چاپ1381تاران
2-ترووسکەیەک لە تاریکیدا- چاپی دوو، 2012#سلێمانی#
3-#لە چەشنی ژیان#-چیرۆک، 2013سلێمانی
4-خەزێنەی هەرمان-توێژینەوەی گۆرانی فۆلکلۆرچاپی زانکۆ1395
بۆمنداڵان:
5-خاڵخاڵۆکە- شێعر، چاپی مانگ، چاپی سێهەم 1398
6-بزەی چرۆ-چیرۆک، چاپی مانگ1397
7-شەکرەسێو-شێعر، 1390چاپی ماد
8-#سمۆرە کلکی زەردە#-چیرۆک، 2008وەزارەتی ڕۆشنبیری.
9-#بۆقە شین# چیرۆک، 2008وەزارەتی ڕۆشنبیری
10-بزەی پەپوولە-چیرۆک، 2013خانەی سمۆرە
11-سەیدەوان، چیرۆک 1390چاپی زانکۆ
12تەپی سازندان-ڕۆمان چاپی ماد/ 1390
$وەرگێڕان:$
13-ترووسکەیەک لە تاریکیدا-سەمەد بێهڕەنگی، دەزگای موکریانی2010
14-ئەفسانەی ئازەربایجان-سەمەد بێهڕەنگی، دزەگای موکریانی، 2011
15-سەمەدقەت نامرێ دەزگای موکریانی-2011
16-#لێکۆڵینەوە لەمەڕ چۆنیەتیی پەروەردە لە ئێراندا#، سەمەدبێهڕەنگی دەزگای موکریانی، 2011
17-بەڕێوەبەری قوتابخانە-جەلالی ئالی ئەحمەد دەزگای موکریانی، 2011
18-#مێردەکەی ئاسکەخاتوون - بەشی 1#-ڕۆمان، عەلی محەمەدئەفغانی، دەزگای موکریانی، 2011
19-#مادمازێل کەتی#-چیرۆک، میترا ئیلیاتی دەزگای موکریانی، 2008
20-#باب مردن#-چیرۆک ئاراس2007
21-#لوڕستان لە سەفەرنامەی گەشتیاراندا#، 2013 دەزگاسی موکریانی
22-#سیاحەتنامەی مسیۆ چریکۆف#، عەلی ئەسغەر عومران، 2013دەزگای موکریانی
23-#سەفەرنامەی عەشیرەتی بەختیاری#، ئەسغەرکەریمی، 2013دەزگای موکریانی
24-#سیاوەشان#-ڕۆمان، سیمین دانیشوەر، 2013دەزگای موکریانی
25-ئەفسانەی سیڕەنگ-ڕۆمان، مەنسووریاقووتی، دەزگای ڕۆشنبیری جەما
عیرفان، 2014
26- #بنەماڵەی پاسکۆئاڵ دوئارتە#-ڕۆمان کامیلۆخۆزێ سێلا، دەڕگای موکریانی، 2008
27-ڕاپەڕین لە باخچەی منداڵان، ڕۆمان-گۆرماندێر، #مەهاباد# چاپی ژیر1398
-دەیان وتار و لێکۆڵنەوەی ئەدەبی لە گۆڤارەکانی سروە، ئاوێنە، مەهاباد، بۆکان، هەڵاڵە، ڕامان، کاروان، سەردەم، بەیان، سیروان، ئاویەر و باقی حەوتەنامە و ڕۆژنامەکاندا بڵاو بۆتەوە.[1]