ساڵی 1953 لە بنەماڵەیێکی هونەرمەندی شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو و هەر لە منداڵییەوە ڕووی کردە هونەری مۆسیقا و ئاواز. بەداخەوە ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە بەهۆی باری نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونییەوە زۆر زوو کۆتایی پێ هات. بەڵام لەو تەمەنە کوورتەشدا توانی ڕۆڵێکی مێژوویی لە هونەری مۆسیقای کوردیدا ببینێ. ناوبراو یەکێک لە یەکەمین گۆرانیبێژانی ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە دواتر بووە ئیلهامبەخشی فرەیێک لە هونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاوی تر لە کوردستان.[1]
ناوی تەواوی: فەتانە محەمەد شەریف وەلیدی.
- لە ساڵی 1953 لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2095/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=فەتانە وەلیدی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2095/0003.JPG=KTML_Photo_End=
- باوکی ژەنیاری ڤیۆلۆن بوو، هەروەها دەنگبێژێکی سەردەمی خۆی بوو. هەر ئەویش یەکەم هاندەری بووە بۆ گەیشتن بەو پلەیە لە هونەر و مۆسیقای کوردیدا.
- لە ساڵی 1960 لە تەمەنی (7) ساڵیدا بەهۆی مامۆستا حەسەن کامکار باوکی کامکارەکان نێردراوەتە ڕادیۆ سنە و لەوێ سەرەتای دەستپێکردنی گۆرانی وتنی بووە.
- یەکەم ژنە گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە گۆرانی وتوە.
- لە خوێندنگەی باڵای میوزیک لە تاران خوێندوویەتی.
- ساڵانی حەفتاکان لە ڕێگەی حەسەن کامکار، باوکی گرووپی کامکارەکان و محەمەد شەریف وەلیدی، باوکی خۆی، ئاشنای جیهانی مۆسیقا بووە.
- یەکەم گۆرانییەکانی لە تەمەنی منداڵیدا و بە هاندانی حەسەن کامگار لە ڕادیۆی سنە تۆمار کردووە.
- هەر زوو سەرنجی ژەنیاران و موزیکییانە بەناوبانگەکانی وەک گریشا میکاییلزادە و موجتەبا میرزادەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.
- چەندین چیرۆک و گێڕانەوە سەبارەت بە هۆکاری دوورکەوتنەوەی فەتانە لە گۆرانی و میوزیک باس دەکرێن، بەڵام دیارترینیان چیرۆکێکی خۆشەویستییە کە بووەتە هۆی خراپی دۆخی دەروونی بۆی.
- زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا جارجارە هەندێک کەس و لایەن سەردانێکیان کردووە.
- لەو سەردەمەدا لەگەڵ گۆرانیبێژانی وەکوو ساڵح پیرزەهیری، بەهائەدین نەورۆزی، هەروەها هوشەنگ شگێرف، بێهروزی تەوەکولی لە ڕادیوی سنە چالاکی بووە.
- نزیکەی (56) گۆرانی لە ڕادیۆ سنە و #کرماشان# تۆمار کردووە کە تەنیا یەک ئەلبوومی لە بەردەستدایە و زۆربەی بەرهەمەکانی دیکەی بڵاو نەکراوەتە.
- دوای مردنی باوکی لە ساڵی 2017 و بەهۆی بێکەسوکاری و بێدەرەتانی، گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی خێرخوازی چاودێری و ڕاگرتنی نەخۆشە دەروونییەکان بە ناوی بەهار کە لە گەڕەکی بەهارانی شاری سنە.
- ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە بەهۆی باری نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونییەوە زۆر زوو کۆتایی پێ هات، بەڵام لەو تەمەنە کوورتەشدا توانی ڕۆڵێکی مێژوویی لە هونەری مۆسیقای کوردیدا ببینێ.
- خاوەنی سێ خوشک و برایەکە، کە براکەشی بەهۆی نەخۆشیی دەروونییەوە هەر لەو ناوەندەیە کە فەتانەی لێ بووە.
ڕۆژی #24-09-2024# لە تەمەنی حەفتا و یەک ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. [2]