ساڵی 1965 لە هەولێر لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و ماستەری لەم شارە تەواوکردووە. لە بەشی زمانی کوردی زانکۆی بەغدا دەرچووە.
لە پێش ڕاپەڕینی 1991 لە زیندانی بەعس بووە.
لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەستی بە نووسین و بڵاوکردنەوە کردووە. پێش ڕاپەڕینی کۆڤارێکی نهێنی بە ناوی (ژیلەمۆ) لە هەولێر چاپ و بڵاوکردووەتەوە. لە دوای ڕاپەڕین وەکوو سەرنووسەری (ئاڵای ئازادی) و (دەنگی میللەت) و (خاوەن ئیمتیازی یەکبوون) کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە.
لە دامەزرێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە و چەند ساڵێک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد بووە.
لە ساڵی 2000ەوە چووەتە ئەمەریکا.
خاوەنی پتر لە شانزدە پەرتووکە بەناوەکانی:
+ نان و ئازادی
+ سەرکوتی ڕۆژنامەگەری کوردی لەسێبەری یاسادا
+ خوێندەواری ڕێگەیەکی سەخت و درێژ
+ هونەری نووسینی ڕیکلام
+ منداڵی چکۆڵە و تەلەڤیزیۆن
+ ئۆتۆنۆمی بۆ منداڵان
+ گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان
+ گوتاری ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
+ گوتاری هەواڵ لە ڕۆژنامەی کوردی
+ گوتاری ناونیشان لە کوورتە چیرۆک
+ گوتاری سێکسی لە ڕۆمانەکانی کەمال سەعدی
+ گوتاری دەروونی لە ڕۆمانی کوێرەی چاوساخی سابیر ڕەشد
+ گوتاری گوتاری کۆمەڵایەتی لە ڕۆمانی تامەزرۆی خۆشەویستی ئاسۆ حەسەن
+ گوتاری فکری لە دەقی پیاوە زمانبراوەکە
+ گوتاری ڕۆشنبیریی
+ حەمە کەریم عارف پیاوێکی کوردستانی پرواپڕ لە جیهانی
بە دەیان وتار و بابەتی لێکۆڵینەوەی سیاسی و ڕۆشنبیریی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.
چەندین پەرتووکی دیکەشی ئامادەیە بۆ چاپ.[1]