پارێزگاری #سلێمانی#
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی کوردۆساید و دادگای باڵای ئێراق بەشداریی پڕۆسەی #ئەنفال#ی کردووە.
شێخ جەعفەر، ساڵی 1938 لە #قادر کەرەم# لەدایکبووە. لەشەستەکانی سەدەی ڕابردودا بووە.بە پێشمەرگەی ئەیلول، ساڵی 1969 کاتێک لەهێزی ڕزگاری فەرماندەیی شەڕێکی کردووە و تێکشکاوە لە ناوچەی گەرمیان، #مستەفا بارزانی# بۆ ماوەی دوو ساڵ خستوویەتییە زیندانی #ڕایات#ەوە. ساڵی 1974 کە شەڕی نێوان سوپای بەعس و پێشمەرگە دەستپێدەکاتەوە، شێخ جەعفەر دەچێتە پاڵ حکومەت.
شێخ جەعفەر لە سەرەتادا دەکرێت بە سەرۆکی شارەوانی
#پێباز#، پاشان دەبێت بە سەرۆکی شارەوانی #دوکان#، پاش ئەوەش بۆ ماوەی چەند مانگێک بەوەکالەت دەبێتە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی. ساڵی 1977 تا 1980 کە #ئەرشەد زێباری# پارێزگاری سلێمانی دەبێت، شێخ جەعفەر بەرزنجی دەکرێت بەجێگری پارێزگار.
ساڵی 1980 کە ئەرشەد زێباری دەکرێت بە وەزیری حکومەتی ئێراق، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەشێخ جەعفەر دەسپێردرێت. ئەو 10 ساڵەی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی دەبێت (1980 تا 1990)، بە ڕەشترین و تۆقێنەرترین و پڕ لەکوشتارترین 10 ساڵی شاری سلێمانی و سنووری ئەم پارێزگایە دادەنرێت.
لەم 10 ساڵەدا لەپاڵ شەڕی ئێراق و ئێراندا، شەڕی نێوان پێشمەرگە و سوپای بەعسیش بەردەوام دەبێت، هەڵمەتی تۆقاندن و ڕاوەدونان و ڕەشبگیریی و زیندان و کوشتارو ڕاگواستن و تەختکردنی گوندەکان دەستپێدەکات. لە ساڵی 1987 و 1988دا کە #عەلی حەسەن مەجید# لەلایەن مەجلیسی قیادەی سەورە و قوتری بەعسەوە دەکرێت بەئەمینداری نووسینگەی باکووری حزبی بەعس، لەلایەن سەدام حسێنەوە تەواو سەرپشک و دەستکراوە دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هەموو توندوتیژیی و تاوانێک، ئەم کوشتار و دڵڕەقییە لە پارێزگای سلێمانی بەتایبەتیی و لە هەموو کوردستاندا بەگشتی دەگاتە ترۆپک و پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی #هەڵەبجە# دەستپێدەکات. ئەم توندوتیژیی و جەللادییەش بە هاوکاری و چاوساغی ژمارەیەک لەکورد ئەنجام دەدرێت، کە شێخ جەعفەر بەرزنجی یەکێکیانە.
ئەرشیفی تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە کوردی و عەرەبییەکانی سەردەمی بەعس دەیان لێدوانی شێخ جەعفەریان لەخۆگرتووە کە چۆن لەو ڕۆژگارە ڕەشەدا بەوپەڕی ئەمەکدارییەوە دڵسۆزی خۆی بۆ سەرۆکی فەرماندە و حزبی پێشڕەوی بەعس و سوپا دلێرەکەی ئێراق دوپات دەکاتەوە، سەرۆک و حزب و سوپایەک کە مەگەر تەنیا #نزار خەزرەجی# سەرۆک ئەرکانی پێشوی ئێراق لەیاداشتەکانیدا وێنای کردبێت چۆن بەوپەڕی قین و ڕقئەستوورییەوە ئاگریان بەسەر شار و شاخ و گوند و دەشتودەری پارێزگای سلێمانی دا باراندووە.
ساڵی 1990، پلەی شێخ جەعفەر بەرز دەکرێتەوە و دەکرێت بە سەرۆکی مەجلیسی تەنفیزی حوکمی زاتی، بەڵام زۆر ناخایەنێت کە لەبەهاری 1991دا، بەهۆی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای ئێراق و هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی کەنداوو هێرشی هێزەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ سەر ئێراق، خەڵکی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ ڕاپەڕن و دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان ڕابماڵن.
شێخ جەعفەر بەرزنجی وەک سەرۆکی مەجلیسی تەنفیزی حوکمی زاتی کوردستان، لە ساڵی 1991ەوە تا 2003 کە ڕژێمی بەعس دەڕوخێت لە #بەغدا#ی پایتەخت دەمێنێتەوە، #سەددام حسێن# لەو ماوەیەدا خانویەکی لەپایتەخت پێدەبەخشێت، کە دوای ڕووخانی ڕژێم دەیفرۆشێت.
پاش ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003دا، شێخ جەعفەر ڕودەکاتەوە #هەولێر# و پاشان دەچێتەوە شاری #کەرکووک# و لەماڵەکەی خۆی دادەنیشێت و لەلایەن کەسوکارەکەیەوە پاسەوانی دەکرێت. بەڵام هەواڵی گەڕانەوەی بۆ هەولێر و کەرکووک، ڕای گشتی کوردستان لە دژی ئەم کۆنە پارێزگارەی سلێمانی و سەرۆکی پێشوی ئەنجوومەنی تەنفیزی حوکمی زاتی و بەعسیە، دەهەژێنێت.
لە دادگای سلێمانی، کەسوکاری چەند خوێندکارێکی شەهید داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن بەتۆمەتی ئەوەی لە بەردەم ئامادەییەکی شارەکەدا و بە بەرچاوی خەڵکەوە شێخ جەعفەر وەک پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە، فەرمانی گوللەبارانکردنی ئەو خوێندکارانەی داوە و لە کاتی گوللەباران کردنیاندا لەخۆشیدا چەپڵەی لێداوە و وتویەتی دەستی ئەوە دەشکێنم چەپلە لێ نەدات.
دادگا بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ دەردەکات، بەڵام بەرلەوەی بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، شێخ جەعفەر کەرکووک بەرەو دیمەشقی پایتەختی سووریا بەجێدەهێڵێت، کە لەو ڕۆژگارەدا ببووە.مەڵبەندی کۆبوونەوەی بەعسیە هەڵاتوەکانی ئێراق.
ناوبراو تا ئەو کاتەی سووریا شۆڕش و نائارامی تێدەکەوێ لە #دیمەشق# دەمێنێتەوە، پاشان بۆ ماوەیەکی کەم دەچێتە تورکیا و لەوێشەوە پەنا دەباتە بەر عەممانی پایتەختی ئوردون، کە زۆرێک لەبەعسییەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کردوویانەتە پەناگەو حەشارگەی خۆیان.
شێخ جەعفەر ماوەی چەند ساڵێکە لەشوقەیەکدا کە دەکەوێتە یەکێک لەگەڕەکە ڕاقیەکانی عەممانی پایتەختەوە، لەگەڵ گوڵاڵەی هاوسەری سێیەمی و سێ کچەکەیدا ژیان بەسەر دەبات.
شێخ جەعفەر سێ ژنی هێناوە، دوو کوڕ و کچێکی هەیە لە ژنەکانی پێشوی، سێ کچیشی هەیە لەگوڵاڵەی هاوسەری سێیەمی کە ئەندازیارەو خوشکی #شەوکەت ڕەشید#ی هونەرمەندە. ئێستا کوڕێکی لە هەولێرە و لەکۆمپانیای کار کار دەکات، کوڕێکیشی لە کەرکووکە.
شێخ جەعفەر کە هەشت برای هەبووە. دوانیان شەهیدن، شێخ مارف و شێخ حسێن ساڵی 1963 لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی ئێراقەوە لەسێدارە دراون. هەرچەندە شیوعییەکان شێخ مارف و شێخ حسێن بەشەهیدی خۆیان ناودەبەن، بەڵام کەسوکارەکەیان نکوڵی دەکەن لەوەی شیوعی بوبێتن و دەڵێن دوو کەسایەتی دیاری کۆمەڵایەتی و خوێندەوار و نیشتمانپەروەری سەردەمی خۆیان بوون. [1]