سەعدی عەزیز، ناسراو بە سەعدی گچگە، ساڵی 1946 لە دێی (سێبیران)ی نزیک قوشتەپە لە بنەماڵەیەکی هەژار و نیشتیمان پەروەر چاوی بە دونیا هەڵێناوە. هەر لە منداڵیەوە وریا و بزۆزو چاونەترس بووە، بەهۆی دەست کورتی و بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی هەر لە قۆناغی سەرەتاییدا وازی لە خوێندن هێناوە، هەر لە تەمەنی لاویەتیدا هەستی بە چەوسانەوەی گەلەکەی کردووەو بیری شۆرشی کوردایەتی لە مێشکیدا خەمڵیوە ساڵی 1963 ڕیزەکانی سوپای عێراقی جێهێشتوە و پەیوەندی بە شۆرشی ئەیلولەوە کردووە سەرەتا لە ناوچەی دەشتی کۆیە و دوای ئەویش لە چەمی ڕێزان و پاشان لە ناوچەی خۆشناوەتی و باڵەک، درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە بەهۆی ئازایەتی و لێهاتوویی لە شەڕ و نەبەردیەکاندا هەرزوو پلەی سەرپەل و پاشان سەرلق و دواجاریش فەرماندەی بەتالیۆنی بەدەست هێناوە.
لە زۆربەی شەرەکانی دەشتی #هەولێر#، کۆیە، خۆشناوەتی، باڵەکایەتیدا بەشداری دیار و کاریگەری هەبووە لە ساڵی (1974)دا یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی شەڕەکانی چیای #ماکۆ#ک بووە، دوای (3) مانگی ڕەبەق لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا بریندار بووە.
هەرەس هێنانی شۆرشی ئەیلول (1974) ورەی پێ بەرنەداوە و بەڵکو هەر زوو خولیای دروستکردنەوەی مقاوەمەت و سەر لەنوێ تێهەڵچوونەوە بووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە مانگەکانی هەوەڵی دوای هەرەس، لە مهاباد و ئورمیە لەگەڵ تێکۆشەران عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید، عەلی هەژار، کاردۆ گەلاڵی، یاسین قادر، سەید کاکە، قادر عەزیزدا لە مشوری دروستکردنی ڕێکخراوێکی تازەدا بووە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەکیان گەراونەتەوە عێراق و ئەو لە بەغدا نیشتەجێ کراوە.
لەگەڵ دامەزراندنی (بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان) لە سەرەتای ساڵی (1976) پەیوەندی بە ڕیزەکانی بزوتنەوە کردووە بە پێی بڕیارێکی هاوبەشی یەکێتی و بزوتنەوەی سۆسیالیستی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێی گەلەکەمان لە ڕۆژی (#08-08-1976#)دا لەگەڵ تێکۆشەران عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید، ملازم تایەری عەلی والی، یاسین قادر، سەید کاکە، قادر عزیز، جەعفەر ئەسوەد و چەندین کادیر و پێشمەرگەی تری بزوتنەوە گەیشتونەتە #قەندیل# و دەستیان بە دروستکردنی مەفرەزە سەرەتاییەکانی پارتیزانی کردووە، لە دوای هاتنە دەرەوە لە دوای چەند مانگێک بووە بە ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوە و ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، فەرماندەی هەرێمی دەشتی هەولێر بووە، سەرکردایەتی یەکەم مەفرەزەی پارتیزانی بۆ ناوچەکانی خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر کردووە و یەکەم چالاکی پێشمەرگانەشی لە 04-01-1977 لە جادەی نێوان بەستۆرە و مەلا ئۆمەر کە بووە هۆی کوشتنی بەرێوەبەری ئەمنی پیرمام و پارێزەرەکانی لە ناوچەکەدا ئەنجام داوە و هەر لەو چالاکیەشدا بریندار بووە.
شەهید سەعدی یەکێک بووە لە سەرکردە هەرە ئازا و شارەزاکانی شەڕی پارتیزانی و لە ماوەی ساڵێک و حەوت مانگدا، لە دەستپێکی هەڵگیرساندنی شۆرشەکەدا سەرکردایەتی چەندین شەری قارەمانانەی دژ بە ڕژێمی ڕەگەز پەرستی بەغدای کردووە، لەناویاندا شەرەکانی : خانزاد، هەورێ، سەفین، دێدەوان، حاجی قەلا، لە شەری حەسەن موتربی دیدەوانیش جارێکی تر بریندار بووە.
رێگەی سەرکردایەتی
شەهید سەعدی لە ڕێگەی چوونی بۆ سەرکردایەتی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ڕۆژی (08-03-1978) لە دیارترین و بەناوبانگترین شەری دەستە و یەخە کە بە شەری (دەشتێو) ناسراوە لە ناوچەی قەلادزێدا لەتەک (12) کادیر و پێشمەرگەی تردا شەهید بووە بە شەهید بوونی زەرەر و زیانێکی گەورەی لە شۆرشەکە کەوت.
لە شەری (دەشتێو)دا وەک پاشان (اسماعیل تایە النعیمی) سەرکردەی ئەوسای فەیلەقی یەکی عێراقی، لە کتێبەکەیدا (تجربتی مع القیادە) باسی لێوەکردووە، (410) ئەفسەر و سەرباز و دەرەجەداری سوپای عێراقی تێدا کوژراو و برینداربووە، ئەمە جگە لە خستنە خوارەوەی (3) فرۆکەی هەلیکۆپتەر لە شەرەکەدا.
شەهید سەعدی لە دوای خۆیدا ژنێک و چوار مناڵی بە ناوەکانی (هێرش و هێمن و لەنجە و ماکۆک) بەجێ هێشتووە.
شەهیدانی شەڕی (دەشتێو)یش ئەمانەن :
سەعدی عەزیز ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوە و ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فەرماندەی هەرێمی دەشتی هەولێر، فاروق ێدیق ئەندامی پێشکەوتووی کۆمەڵە و ڕابەر سیاسیی هەرێم، فەرخ قادر (پێشمەرگە)، فەریق هەمزە (پێشمەرگە)، شاهین عیزەدین (پێشمەرگە)، تاهیر محەمەد عەلی (پێشمەرگە)، جبار اسماعیل (پێشمەرگە)، عوسمان باوە (پێشمەرگە)، عەزیز باپیر (پێشمەرگە)، سامی عوبێد (پێشمەرگە)، ێباح جمیل (پێشمەرگە)، ئەحمەد محەمەد امین (پێشمەرگە)، ئەحمەد محەمەد (پێشمەرگە).
هەروەها هەر لەو شەرەدا (4) پێشمەرگە بە برینداری بەدیل گیران کە پاشان لە ڕۆژی (#21-06-1978#) لە زیندانی موێل لە سێدەرەدران :
جەعفەر ئەسوەد، حسین عبدالرحمان، جواد کریم، کەمال واحد.