ینای مەجید پاشای بابان بەکۆنترین بیناکانی شارۆچکەی کفری دادەنرێت و بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان ئەو بینایە لەساڵانی 1800 درووستکراوە، واتا تەمەنی نزیکەی 200 ساڵ دەبێت و ئێستا مەترسی ڕوخانی لێدەکرێت.
ئا: ئیحسان مەلا فوئاد
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان شکور حەمەی هەیەر لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە باسی درووستکردنی ئەو بینا مێژویی و ئاسەوارییەی کرد ئەو بینایە لەسەر دەستی هەندێ وەستای ئێرانی درووستکراوە، ئەو سەردەمە کە عوسمانییەکان دەسەڵاتداری ناوچەکە بوونە و مەجید پاشای بابان حوکمڕانی شارۆچکەی کفری کردووە، پێش هاتنیان بۆ کفری کاتێک ئیمارەتی بابانییەکان ڕوخێنرا، هەموویان لە ناوچەکانی خۆیان دەرکران و هێنرانە کفری و دەسەڵاتیشیان پێدرا، واتا پێش ئەم خانوە خانویەکی دیکەیان هەبو، دواتر ئەو خانوەیان لەروبەرێکی گەورەدا بەدو نهۆم درووستکرد.
ڕوبەری خانوەکەی مەجید پاشای بابان لەروبەری نزیکەی 1000 مەتر درووستکراوە و نزیکەی 20 ژوری گەورە و بچوکی تێدایە و قەبری ناوبراویش هەر لە تەنیشتی بیناکەوە دانراوە.
بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان کاتێک لەناوەڕاستی 1750 هەندێک لەبازاڕی کفرییان درووستکرد کە یەکێکە لەبازاڕو قەیسەرییە کۆنەکانی ئێراق، کاروانسەرای نێوان بەغداو سلێمانی هاتونەتە ئەو بازاڕە و شوێنی بازرگانی توتن و خوری و شتومەکی ڕۆژانەی خەڵک بووە، دوای درووستکردنی بازاڕەکە بینای ماڵی مەجید پاشا درووستکرا.
بەهۆی کۆنی و تەمەنێکی زۆری ئەو شوێنانەوە مەترسی داڕوخان و لەناوچونیان لێدەکرێت، شکور هەیەریش دەڵێت بەدڵنیاییەوە هەموو بینایەک ئەگەر کۆن بێت مەترسی ڕوخانی لێدەکرێت و ئێستاش ئەم بینایە ئەو مەترسییەی لێدەکرێت.
هەرچەندە لە ساڵی 2009 فەرمانی نۆژەنکردنەوەی دراو بڕی 180 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکرا، کەچی هەر
بەکاولیی مایەوە و نەتوانرا بەتەواوی لەمەترسی ڕوخان ڕزگاربکرێت.
- 05-10-2014