شەهید محەمەد عەبدولوەهاب فەتحوڵڵا (1965-1996)
نووسینی: #ئاراس ئیلنجاغی#
ناوى تەواوى (محەمەد عەبدولوەهاب فەتحوڵڵا کاوێس مەلاک) ە، ناسراو بە (محەمەد بڕنۆ) ، ساڵى 1965لەخانەوادەیەکى نیشتمانپەروەرى کوردپەروەرى #ئیلنجاغى گەورە# چاوى بەژیان هەڵهێناوە، تاوەکوو پۆلى یەکەمى ناوەندى لە قوتابخانەى ئیلنجاغى گەورە خوێندووە، بەهۆى باروگوزەرانەوە نەیتوانیووە درێژە بەخوێندن بدات لەگەڵ خێزانەکەى بەکاروکاسبیەوە خەریک بووە، لەساڵى 1981پەیوەندى دەکات بەڕێکخستنەکانى شۆڕشى نوێ-ەوە، لەکۆتایى ساڵى (1982) دەبێتە پێشمەرگە لەکەرتى (2) ى تیپى 86ى دەشتى هەولێری #یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان# لاى فەرماندەى کەرت شەهید #ئەحمەد قەمبەرى# ، بەشدارى چەندین نەبەردى و قارەمانێتى سنوورى تیپ وکەرتەکەى کردووە، لەنێوان #هەولێر# و #کۆیە# و #تەقتەق# و #کەرکووک# و هەروەها لەدەیان چالاکى ناوشارو شارۆچکەکان ڕۆڵى کاریگەرى هەبووە، لەکۆتایى ساڵى 1986بۆماوەى یەک ساڵ لەهێزى بەرگرى سنوورى کێڵگەى نەوتى تەقتەق لەلاى محەمەدئیلنجاغى دەبێت و لە هەموو شەڕەکانى ئەو سنوورە بەگرتنى شارۆچکەى تەقتەقیشەوە بەشداربووە، محەمەد بڕنۆ بە یەکێک لەپێشمەرگە قارەمانەکانى (12ى سوارەى مێرجاڕ) ى ئیلنجاغى گەورە دادەنرێت کە بەهاوکارى هێزێکى حزبى شیوعى ئێراق توانیان لە#26-04-1987# گەورەترین داستان وسەروەرى لە کوردستان و ناوچەکە تۆماربکەن و دوژمن بەپاشەڵى دۆڕاوەوە ئیلنجاغى گەورەى بەجێهێشت.
لە ڕاپەڕینى بەهارى 1991ى گەلى کوردستان بەشداربووە لەڕزگارکردنى شار و شارۆچکەکان، ساڵى 1993 لەسکرتارییەت و سریەى تایبەتى هەڤاڵ #مام جەلال# بووە، لەساڵى 1994کراوە بەسەرتیپ لە بەتاڵیۆنى تەقتەق، دواتر وەک پێشمەرگەی پاسەوانى لەکێڵگەى نەوتى تەقتەق دەست بەکاربووە، لە زۆربەى شەڕەکانى پاراستنى دەستکەوتەکانى ڕاپەڕین و حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەشداربووە، بەداخەوە دواى چەندین ساڵ خەباتى پێشمەرگایەتى لە شەڕى نەگریسى ناوەخۆ لە (1-10-1996) لەڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ هێزەکانى #پارتى دیموکراتى کوردستان# لەبنارى چیاى هەیبەسوڵتان دەچێتە کاروانى شەهیدانەوە، بەهۆى سەختى بارودۆخەکە بۆماوەى (3) ڕۆژ بە (ئەمانەت) لەشارۆچکەى (#دوکان# ) دەینێژن ودواتر دەگوازرێتەوە گۆڕستانى زێدەکەى خۆى ئیلنجاغى گەورە و بۆیەکجارى ڕاسپاردەى خاک دەکرێت و دواى خۆى (6) جگەرگۆشەى بەجێهێشتووە (کاروان و کاردۆ و کەیوان و خەندە و ڕێژاو وڕێژین) . [1]