قەزای مێرگەسۆر
قەزای مێرگەسوور یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای هەولێر، کە لە پێنج شارەدێی (بلێ و بارزان، گۆرەتوو، مەزنێ، پیران، شێروان مەزان) و 67 گوند پێکدێت، کە ناوەندەکەی شارەدێی مێرگەسوورە. قەزاکە ناوچەیەکی شاخاوی سەختە و دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی، لە چیا بەناوبانگەکانی وەک (شێوان، پیران، قەلەندەر، برادۆست) . هەروەها لەو قەزایەدا سێ ڕووباری گرنگ هەن، (زێی سەروو، چامە، باڵندە) .
قائیمقامیەتی شارۆچکەی مێرگەسوور لە ساڵی 1956 دامەزراوە، لە ئەنجامی گواستنەوەی شارۆچکەی زێبار بەهۆی نەگونجانی قائیمقامیەتی شارۆچکە لەو ناوچەیە و گرنگی مێرگەسوور و گەلێک هۆکاری دیکە. یەکەم قائیمقامی قەزاکە ناوی (کانەبی) بوو کە خەڵکی هەولێر بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوچەکە و بەڕێوەبردنی سەرکەوتوو بێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ڕژێمەکان هەمیشە کێشەیان لەگەڵ بزاڤی شۆڕش لە ناوچەی بارزان هەبووە، ویستراوە کەسانێک کارەکان بەڕێوە ببەن کە خزمەتی خەڵکە دەڤەرەکە بکەن، بەڵام هەمیشە کێشە درووست بووە بەهۆی پابەند نەبوونیان بە داواکارییە هەڵەکانی دەسەڵاتی ئێراقی داگیرکەر. یەکێکی دیکە لە گواستنەی یەکە ئیدراییەکانی شارۆچکەی زێبار بۆ مێرگەسوور دوای کوژرانی کەسێک بەنای (ولۆ) لەلایەن جەیشی ئێراقی بوو، بۆ ئەوەی ئالۆزی درووست نەبێت و هێزی پۆلیسیش دامەزرا. دواتر بە هۆکاری پەیماننامەی جەزائیر و بزاڤی شۆڕش لەو ناوچەیە، ڕژێم هەستا بە ڕاگواستنی خەڵکی سنووری مێرگەسوور لە دەڤەری (درێ و ستوون) بۆ ناوەندی شارۆچکەی مێرگەسوور بۆ ئەوەی پاڵپشتی شۆڕش نەکەن.
مێرگەسوور بە درێژایی مێژوو پێگەی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی گەلی کوردستان بووە. بۆیە بەردەوام لەلایەن حکومەتەکانی ئێراقی داگیرکەرەوە چەندین جار دوچاری ڕاگواستن و چۆڵکردنی شارەدێکانیان و جینۆساید بوونەتەوە بۆ ئەوەی زیان لە هێزی شۆڕگێڕان بدەن.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای مێرگەسوور دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر لە بەشی باکوور. لە باشوور لەگەڵ شارۆچکەی ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە باکوور لەگەڵ شارۆچکەی شەمزینان لە سنووری باکووری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتیش لەگەڵ شارۆچکەی سۆران، لە ڕۆژاوا لەگەڵ شارۆچکەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک هاوسنوورە.
ئاو و هەوا:
کەشوهەوای ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی مامناوەندییە. هاوینی گەرم و وەرزی زستانی زۆر ساردە و هەندێک جار پلەی گەرمی دەگاتە خوار 15 پلە. لە وەرزی زستاندا بەفر و بارانێکی زۆر دەبارێت، کە ڕێژەی بارانبارینی دەگاتە 1100 ملم، ڕێژەی بەفربارینی دەگاتە 150 سم.
ڕووبەر:
ڕووبەری شارۆچکەی مێرگەسوور 1100 کم چوارگۆشەیە، 1180 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
ژمارەی دانیشتووان:
ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی مێرگەسوور بەپێی نەخشەی ژمارەی دانیشتووانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کودستان بۆ ساڵی 2018 لە 56، 147 کەس پێکدێت.
[1]