ئامادەکردنی: شێرزاد عومەر مەحمود
ەموو ساڵێک لەیەکەمین چوارشەممەی مانگی نیساندا کە هاوکاتە لەگەڵ مانگی ئەپریل، پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لەدۆڵی لالەش لە کوردستانی باشوور لەدەوری یەک کۆدەبنەوەو یەکێک لەمەراسیمە سەرەکییەکانی ئایینی خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئێزدییەکان میراتی شارستانییەتی مێژوویی میزۆپۆتامیان و هەر لەو خاکەش نیشتەجێ بوون شان بەشانی گەلانی ئێران و هیندوئێرانییەکان. ئایینی ئێزدی هەر وەک لەسەرچاوە ئێزدییەکانیشدا ئاماژەی پێکراوە، کۆنترین ئایینە لەناو گەلی کورددا. زۆرجار بەهەڵە یاخود بەهۆی لێکدانەوەی چەوت یان بەئەنقەست بەئێزدییەکان دەوترێت "شەیتان پەرست" یان "پەیڕەوانی یەزید کوڕی معاویە"، بەڵام سەرجەم ئیماندارانی ئەم ئایینە هەر دوو پێناسەکە ڕەت دەکەنەوە و تەنانەت تۆمەتی پەیڕەویی لەیەزیدی کوڕی مەعاویە دەگەڕێننەوە بۆ پڕوپاگەندەی سەردەمی سەفەوییەکان. هەروەها ڕژێمی بەعس و شیعە توندڕەوەکانیش لەهەوڵێکی بەردەوام دان بۆ ئەوەی ئایینی ئێزدی وەک میراتێکی "یەزید" بەخەڵک بناسێنن و لەکوردەکانیان جیا بکەنەوە. یزیدیەکان یەکتاپەرستن و "مەلەک تاوس" هێمای پیرۆزیی ئەوانە کە لەڕوانگەی خۆیانەوە، لەسەرووی هەموو فریشتەکانەوەیە. ئێزدییەکان بڕوایان بەهێزی ئیلاهی هەیە و دەڵێن پەروەردگار، خۆی بەشێوازی جۆراوجۆری مرۆیی پێشان دەدات کە هەر کامیان بەرپرسیارێتی بەشێک لەکاروبارەکانی دنیا دەگرنە ئەستۆ. ئەوەش چەندین لایەنێکی وێکچووی هەیە لەگەڵ ئایینەکانی ئاسیای دووردا. یەکێک لەو تاک و هێما ئیلاهییانەی کۆمەڵگای ئێزدی شێخ هادییە کە گۆڕەکەی لەپەرستگای ئێزدییەکانە لەگوندی لالەشی کوردستانی عێراق. مەلەک شێخ حەسەن، مەلەک شێخ فەخرەدین، شێخ شەمس، پیر حەسەن و مەلەک نەسرەدین چەندین نمونەی ترن. ئایینی ئێزدی یەکێکە لەکۆنترین ئایینەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کرۆکی دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ 2000 ساڵ پێش زایینی مەسیح. ئایینی ئێزیدی لەناو ئایینە جیهانییەکاندا دانی پێدا نەنراوە، چونکە بەجۆرێک لەجۆرەکان نکۆڵی لەبوونی تاکخوایی دەکات و زیاتر گرنگی دەدات بەسروشت.
ئێزیدییەکان خۆیان بەسەرەکیترین ئایینە تەوحیدییەکان دەزانن، ئێزیدی بڕوایان بەتەکخوایی هەیە و خۆیان بەیەکەمین خواپەرستانی جیهان دەزانن. پێیان وایە لەجیهاندا خودایەکی خێر و خودایەکی شەڕ بوونی نییە، بەڵکە تەنها یەک خودا بوونی هەیە کە هەم خێرە و هەم شەڕ. دوو جەمسەربوونی سرووشت، چاکە و خراپە، نور و تاریکی لەسروشتی مرۆڤیشدا هەیە. کەواتە هەر ئێزدییەک هەڵگری هەر دوو لایەنەکەیە، کە ڕەنگدانەوەی دوو جەمسەربوونی سروشتە وەک ڕۆژ و شەو، مانگ و خۆر. کەواتە ئێمە دەڵێن هیچ خوایەکی خراپ یان بوونەوەرێکی نگریس بوونی نییە کە مرۆڤ بەرەو خراپە ڕێنوێنی بکات و هەموو شتێک پەیوەندیی بەخودی مرۆڤەوە هەیە."
ئەمجۆرە تێڕوانینە نکۆڵیکردن ناگەیەنێ لەبوونی خودا، بەڵکو جۆرێکە لەتێڕوانینی پڵۆرالیزمانە کە بوونی خوا لەجیهان و شتەکانی ناو سرووشتدا دەسەلمێنێ. هەروەها دەرباەرەی پیرۆزبوونی خۆر لەناو ئێزیدییەکاندا "دەڵێن هێمای پیرۆزی خوا خۆرە. خۆر بۆ ئەو کەسانەی پەیڕەوی لەمەلەک تاوس دەکەن، نیشانەی نورە و ئەگەر سەرپێچیشی لێ بکرێت ئەوا ئاگرێک دەیانسوتێنێ". سەبارەت بەمەلەک تاوس دەڵێن "تاوس مەلەک یەکێکە لەناوەکانی خودا. بەر لەدەرکەوتنی ئایینەکانی جیهان، خۆر سیمبۆلی خوا بوو و هێماکەشی تاوس بووە. ئەم بڕوایە هێشتا لەناو ئێزدییەکاندا ماوەتەوە." هەندێک کەس ئێزیدییەکان بەشەیتان پەرست دەزانن، بەوتەی شارەزایانی ئایینی، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ مەلەک تاوس کە شەیتانە. بەڵام بەوتەی جەمال نەبەز نوسەر و زمانناسی کورد، ڕای وایە کە وشەی تاوس ڕیشەیەکی یۆنانی هەیە کە ئەو وشەیەش واتە زئۆس یان نئۆس کە مانای خودا دەگەیەنێ.
مامۆ عوسمانی ئەندام پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ئەم بانگەشە و پێناسە نێگەتیڤانە لەسەر ئێزیدییەکان هەیە کە دوورن لەڕاستییەوە. ئێمە شەیتان پەرست نین. ئێمە تەنها دەڵێین خوداییەک نییە کە بەرپرسی خراپە بێت. ئایینەکانی تر دەڵێن هەم خوا هەیە و هەم شەیتان و ئەگەر مرۆڤ کارێکی خراپ بکات ئەوا بەرپرسیارەکەی شەیتانە. ئێمە بڕوامان بەمە نییە." ئایینی ئێزدێتی، ئاینێکی تەبشیری نییە، بۆیەش هیچ کەسێکی نوێ وەرناگرێت کە بێتە سەر دینەکەیان واتە هەموو ئێزیدییەکان پێویستە ئێزیدییانە لەدایک بن. لەوانەشە هەر بەهۆی ئەم داخران و سنورداربونەی کۆمەڵگای ئێزدیتی بێ کە بۆچوونی هەڵەی وەک "شەیتان پەرست"یان دراوەتە پاڵ.
لەم ئایینەدا کوشتن قەدەغەیە. ئێزدییەکان ڕێز لەسروشت دەگرن. زیانی پێ ناگەیەنن و دەیپارێزن. یەکێک لەمانگە پیرۆزەکانیان نیسانە کە هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکی بەهار. مامۆ عوسمان لەمبارەوە دەڵێت "لەمانگی نیساندا زەواج ناکرێت، نابێ ژینگە پیس بکرێت یان دارو درەخت ببڕدرێت و زەوی بکێڵدرێ. لەم مانگەدا، زەوی و سرووشت بەگشتی ئاوسە. ناکرێ دەستکاری بکرێت و پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت و بپارێزرێ.".
مامۆ عوسمان دەڵێت لەئایینی ئێزیدیدا مرۆڤ ناوەندی سەرنج و تەرکیزە و هەر مرۆڤێک لەناخی خۆیدا، پەرستگایەکی پیرۆزە. لەناو ئێزیدییەکاندا مرۆڤ هەرەمە، هەرەمێکە و دەتوانێ لەنێوان چاکە و خراپەدا هاوسەنگی دروست بکات. مرۆڤ وەک کۆلکەزێڕینەیەک وایە لەنێوان ئاسمان و زەویدا. بۆیەش مرۆڤ زۆر گرنگە."
پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بەسەر سێ دەستەدا دابەش دەکرێن: مورید، شێخ و پیر. دکتۆر خەلیلی جیندی یەکێکە لەشێخەکانی ئێزیدی. ناوبراو دەربارەی ئێزیدی و مەراسیمەکانیان لێکۆڵینەوەیەکی زۆری کردوە و چەندین کتێبی لەمبارەوە بەزمانی کوردی چاپ و بڵاو کردۆتەوە، دەربارەی خاڵە هاوبەشەکانی ئایینی ئێزدی لەگەڵ ئایینەکانی تردا دەڵێت "بەبەراورد لەگەڵ ئایینەکانی تردا خاڵی هاوبەشی زۆرە. بۆ نمونە پەرستنی خۆر، خاڵی هاوبەشە لەنێوان ئایینەکانی بوداییزم، میتراییزم و زەردەشتییەکاندا." ئەو دەڵێت "ئێزیدییەکان لەکاتێکدا کە ڕوو بەخۆر دەوستن دوعایەکی تایبەت دەخوێننەوە یان بەپیرۆز زانینی خۆر وەکچۆن لەئایینی زەردەشتدا هەیە، لەم ئایینەشدا هەیە: بەتایبەت پیر و شێخەکانی ئێزدی ڕۆژانی چوارشەممە و هەینی ئاگری پیرۆز لەماڵەکان و پەرستگا و شوێنەکانی تردا دەکەنەوە." خەلیل جیندی زیاتر دەدوێت "یەکێکی تر لەخاڵە هاوبەشەکانی ئێزدییەکان لەگەڵ موسڵمانان، مەسیحییەکان و یەهودییەکان ئەوەیە کە باوەڕیان حەوت مەلائیکە هەیە. بەبۆچوونی ئێزیدییەکان، باڵاترین مەلائیک کە هەمان مەلەک تاوسە، پێگەیەکی تایبەتی هەیە.".
بەوتەی ناوبراو، بڕوا بەسەروەریی مەلەک تاوس لەئایین و مەزهەبە سامییەکاندا بوونی نییە و تەنها لەناو ئایینە هیند و ئێرانی و ئێزیدییەکاندا بوونی هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، هەندێک ناوی پیرۆز لەدەقە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان و ئایینەکانی غەیرەسامیشدا هەیە: وەک ماسی و مانگا. وەکچۆن لەهەندێک ناوچەی هیندستان مانگا بەپیرۆز دەزانرێت و کەس بۆی نییە بێ ڕێزی لەبەرامبەری بکات. دەربارەی ژمارەی ئێزیدییەکان دکتۆر خەلیل دەڵێت "ژمارەی ئێزیدییەکان نزیکەی 500 هەزار کەسە لەعێراقدا و لەجیهانیشدا بەگشتی ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس. دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ئێمەی ئێزدی لەعێراق دانمان پێدا نراوە و توانیومانە لەرەوتی بونیادنانەوەی عێراقدا بەشداری بکەین. لەکوردستانی عێراق ئایینی ئێمە لەروانگەی ژمارەوە دەکەوێتە پلەی دوهەم پاش ئیسلام." لەدکتۆر خەلیل جیندی ڕەشۆ دەپرسم ئێستا پاش ئازادی عێراق چ چاوەڕوانییەکتان لەدەوڵەت هەیە سەبارەت بەئایینی ئێزدی؟ ناوبراو لەوەڵامدا دەڵێ "راستە ئاسایشی کوردستان لەچاو ناوچەکانی تری عێراق زۆر پارێزراوە، بەڵام هێشتا هەندێک یاسا و بەند لەم ناوچانەدا پەیڕەو نەکراون وەک یاسای پەیوەندیدار بەکەمینە ئاینییەکان.
ئەو بەردەوام دەبێت "ئەگەر لەیاسای عێراق و تەنانەت کوردستاندا، ئایینی ئیسلام وەک گەورەترین و باڵاترین ئایین پێناسە دەکەین، ئەمە خۆی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ ئایینەکانی تر وەک مەسیحیەت و یەهودی و ئێزدی. بەبڕوای جوندی ڕەشۆ "ئێمەی ئێزدی هیوادارین ئایین لەدەوڵەت جیا بێتەوە و ئایین هیچ کاریگەرییەکی نەبێت لەسەر یاسا و هەروەها حکومەتێکی عیلمانی لەکوردستاندا سەقامگیر بێت" بەوتەی دکتۆر خەلیل جوندی ڕەشۆ، لەرۆژئاوای کوردستانی سوریا نزیکەی 30 تا 40 هە زار ئێزدی دەژین و "ئێزدییەکانی تورکیا لەشەستەکان و هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەئەنجامی گوشاری دەوڵەتدا کۆچیان کردوە بۆ ئەوروپا و لەئێرانیش نزیکەی 6 گوند لەویلایەتی کرماشان سەر بەئایینی ئێزدین".مامۆستا هەژاری موکریانی لە پەرتووکەکەی خۆیدا(چێشتی مجێور) پێی وایە کە باشترین کەسێک بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە و دروست لەبارەی ئاینی ئێزیدی نووسیبێتی(مەلا خەلیل مشەختی)بووە.
ئێزدی و ئێزدیاتی..
ئازاد ئێزیدی نووسەر وا دەڵێت:
تێبینیێەکی کورت و پێویست:
لە سەرەتا دا دەمەوێت ئاماژە بە دوو خاڵ بدەم وەکو دەروازەیەک بۆ چوونە ناو بابەتەکەم، یەکەم" ڕاستە من دان بەو ڕاستیە دائەنێم ئەم زانیاری ولێکۆڵینەوەی بەردەستتان زیاتر نییە لە پێناسە ودەستپێکردنێک بۆ بابەتێکی زۆر دوور ودرێژ لەوانەیە بگرە بە دەیان و سەدان پەرتووک ونامیلکە هەموو ئەو کەلتوور ومێژوو وچاندی ئەدەبی دینی ئێزدیان وداب ونەریت وجەژن وهەڵکەوت و میتۆلۆژیا وهتد.. لە خۆ دا نەگرێت کە چی ئێمە بە چەند لاپەڕێک دێین وتەنیا وەکو پێناسە بۆ ئەوانەی زنیاریان نەبێت دەربارەی ئایینی ئێزدیان یاخود زانیاری هەڵەو تێگەیشتنی وچەوتیان دەربارەیان هەیە، خاڵی دووەم" ئەوی هانیدام بەم شێوەیە بێمە ناو بابەتەکەدا ئەوەیە بەراستی ئەمە بۆ ماوەی چوار ساڵە لە هەولێری پایتەخت دا دەوامی حکومی لە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکەم، کەم لە کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینار هەیە من بەشداریم تیا نەکردووە کە لێرە (لە هەولێر) دەبەسترێن وسازئەدرێن، ڕاستە زۆر ڕۆشەنبیر ونووسەر ومێژوونووسمان هەیە، ئێمە وەکو میللەتی کورد، ئەو بەرێزانە زۆر زانیاری ودێکۆمێنت وبەڵگەی مێژووییان پێیە دەربارەی ئاییناسی و دێرینە بیر وباوەڕکانی گەلی کوردستان لە دێر زەمانەوە، بەڵام لە هەمان دەمدا زۆر خەڵک وهاوڵاتی هەیە لە شار وگوند ودێهاتەکانی کوردستاندا دەژین یان زنیاری تەواویان دەربارەی ئێزدیان وئایینەکەیان نییە یان ئەوەی هەیانە زۆر کورت وکێماسی وجاران هەڵەی مێژووی گەورەن، لە بەر ڕۆشنایی ئەم تێبینیانەدا وبۆ ئەوەی بتوانین هەر هیچ نەبێت هەندێ زانین وزانیاری دەربارەی ئێزدیان کە هاوڵاتی دێرینی ئەم نشتیمانەن، وبیر وباوەڕ و فەلسەفەی پەیڕەویش دەکەن ئێستا کە پاشماوەی ئەو بیر وباوەڕ و فەلسەفەیە کە میللەتانی سەر دەمی کۆن لە سەر زەوی میزۆپۆتامیادا دەژیان وەکو سۆمەری و بابلی ومیدی وهۆری و هتد.. باوەڕیان پێبو و پەیڕەویان دەکرد..
ئێزدی (ئێزدیاتی).
ئایینێکی کۆن ودێرینە زۆربەی ئەو پاشماوەیانەی کە میللەتانی دێرین لەسەر خاکی کوردستان دەژیان وبیر وباوەری ئایینەکانی پابەند بە پیرۆز ڕاگرتنی دیاردەی سروشتی (وەکو خۆرپەرستی، ستێر وبا وبارن..)، دیسان زۆر لەو باوەر وپیرۆزیەکانی ئایینەکانی کۆن ودێرین کە دێر زەمانەوە لە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان و لە میسۆپۆتامیای کۆن وزۆربەی شوێنی میللەتانی هیندۆ ئیرانی پەیرەویان دەکرا (وەکو میترای، زەردەشتی، مانوی، مزدکی، ئەزدایی..)، بە واتایێک دەتوانین بلێین ئایینی ئێزدی-ئێزدیاتی کۆنتر ودێرینترین پاشمەوی ئایینەکانی کە میللەتی کورد لە دێر زەمانەوە پەیرەویان کردبێت، ئایینێکی (تەوحیدی) باوەر بە خودایێکی تاک وتەنیا هەیە، ئەو بیرۆکەی هەیە دەربارەی ئێزدیان گوایە هێزی شەر دەپەستن وپیرۆز ڕائەگرن هیچ بنیات وئەساسێک نییە لە متۆلۆچی ئێزدیان دا دیسان بە دوور ونێزیک ئەم بیرۆکەیە بوونی نییە لە ناو داب ونەریت ورێ ورەسمە ئایینەکەیان دا، ئەوەی ئێزدی-ئێزدیاتی جیادەکاتەوە لە ئایینەکانی تر ئەوەیە فەلسەفەکەیان لە دەربارەی خێر وشەر ئەوەیە، بە باوەریان تەنیا یە سەرچاوە هەیە خێر وشەر وهەردووکیش لە دەرگای خودا وە دێن بۆ سەر ژیانی مرۆڤ، ئێزدییەکان وا باروەر دەکەن کە ناسینەوەیان لەسەر ناوی ئێزدان کە یەکێک لە ناوەکانی خودایە دێت، ئەمە بەلگەیە بۆ بیر تەوحید ویەک خودایی لایان، دیسان ئێزدییەکان ڕێز وپیرۆزیێکی تایبەتی دە دەن بە ملیاکەتەکان ولە سەرووی هەمووشیان سەرۆکی ملیاکەتەکان کە ناو دەنێن (تاووس مەلەک) دیسان ڕێز وپیرۆزی دە دەنە زۆربەی پێخەمبەر وخاس وبابچاکەکان وبەتایبەتیش (شیخادی)، ئایینێکە باوەریان بەوە نییە کە کەسانێک هەبێت وەکو هاوکار یان یارمەتیدەر لە ناو بەینی ئادەمیزادەکان وخودا دا بەلکو بە بیر وباوەریان پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆیە وهیچ یارمەتیدەرێک بۆ ئەم مەبەستە پێویست ناکات، لە بەر ئەم هۆیانە دەرێشایەتی وبیری سۆفیگەری بەلاوە لە ناو جڤاکی ئێزدیان دا، ڕۆژ(خۆر) لە هەرە گرنگترین هێزە لایان، هەلبەت ڕۆژ سەرچاوەی هەموو ژیان ومانەوەیە لە سەر ڕووی ئەم گەردوونەدا، بە بوچوونی ئێزدیان خۆر(رۆژ) گەورەیی وتوانایی خودا دەنوێنت، ئێزدییەکان باوەریان هەیە بە ڕۆژی ئاخرەت وکراس گهۆرین یەکێکە لە دیاردەکانی کە تا ئێستاش مرۆڤی ئێزدی باوەری پێیە ئەویش کە ڕاستە لەشی مرۆڤ لە مادە ئەساسییەکان پێکدێت (ئاخ-ئاڤ-با-ئاگر) ودووبارە کە ئەمرێت ئەم جەستەیە دەگەرێتە شێوەی جارنی خۆی بەڵام هەرگیز (روح) گیان زێندووە ونامرێت بەلکو چەند جارێک لە جەستەیێک دەچێتە ناو جەستەیێکی تر بە پێی ئەو پێگە ودەرەجەی کە خاوەن ئەو گیانە لە ژیان دا کردیتی، بە واتیێکی تر هەکە هات خاوەن گیانەکە لە ژیان دا مرۆڤێکی باش وخاوێن بت، هەموو ژیانی بە دوعا ونوێژ وخێر بێت، دوور لە هەر کار ورەوشتێکی نامرۆڤانە ئەو کات کە خاوەنی ئەو گیانە دەمرێت (کراس دەگوهێرت) گیانەکەی بە ئەمری خودا دە ڕۆتە ناو ئادەمیزادیێکی پایە بەرز ورەوشت جوان ترولە ژیان دا ئاسوودە دەبێت، پێچەوانەش کە خاوەن گیانەکە مرۆڤێکی ڕەوشت پیس وکرێت بێت یاخود هیچ پێگریێک نەبێت لە ناو بەینی ئەو ئاییەنەکەی دا، بێ دوعا ونوێژ، هەموو فەرزەکانی حقیقەت ومەعریفەت کە گەرەکە پیاوی ئێزدی پەیرەو وجێبەجێبکات کە چی ئەو نەیکات، بەلکو هەموو خرابی ورەوشتەکانی دوور لە مرۆڤایەتی وەکو(دزی، زینا، دەرەو..) ئەو کاتە گیانی لە دووایی مردن وکۆچکردنی دەچێتە ناو ئاژەلیێک یان ئادەمیزادیێکی تاوانبار وهەرگیزنەفرەت لێکراو پر مەینەتی لە ژیانی خۆ دا، ئایینێکی داخراوە کە واتا مرۆڤی ئێزدی کە دایک دەبێت ئەبێ لە دایک وباوکێکی ئێزدی بێت، پەسەندناکرێت کەسی بێنێتە ناو ڕێزەکانی خۆیدا، دیسان کە مرۆڤێک چ مێر بت یان ژن کە لە بنەماو ورەوشت وپیرۆزییەکانی ئێزدیاتی لای دا ئەبێ لە ناو ڕێزەکانی ئێزدیان دا نەمێنت، کوشتن، زینا، سەلەف(ریبا) لایان حەرامە وبەهیچ جۆرێک خاوەنەکەیان پاک ناکرێت ودۆزەخ چارەنووسییێتی ڕۆژی قیامەت..
ئێزدی ڕامان و واتا :
ئێزدی وەکو ووشە وئیدیەم واتای (یەزدان-خودا) دەگەینێت، لە پەرتۆکی پیرۆزی (ئاڤێستا) ی زەردەشت پێخەمبەر دا (یەزتا) وەکو کرنۆشی وعیبادەت دێت، دیسان لە زمانەکانی بەهلەوی، سەنسکریتی ئێزدی دێت بەمانای ئۆلپەرست وئاییندار، لە زمانی سۆمەری دا (ئێ-زی-دی) بە مانای ئەوانەی پاک وخاوێن وپارێزراو یان ئەوانەی لە سەر ڕێگای ڕاست دەرۆن دێت.. شوێنی نیشتەجێبوونیان هەر لە دێر زەمانەوە خاکی پیرۆزی کوردستان ومیزۆپۆتامیای کۆن بووە، دیسان لە ڕۆژهەلات (ئێران وهیند..) ژیاون وەکو مێژوو وسەرچاوەکان ئاماژە پێددەن..
ژمارە و شوێنی نیشتەجێبوونی ئێزدیان:
ئێستا زۆربەی زۆری ئێزدیان لە باشووری کوردستان دەژین ژمارەیان لە شەشسەد هەزار بترە وقیبلەکەیان کە پەرستگای پیرۆزی لالشە لە نێزیک قەزای شێخانە، لە باکووریش ژمارەیێکی ئێکجار زۆر ئێزدی لێبووە(پەنجا هەزار کەس) بەڵام لە چەرخەکانی بۆرین بە دەیان فەرمان وکوشت وکوشتار بە سەریان دا هاتووە، ئێستا زۆربەی خەلکە ئێزدی لە دێهات وشارەکانیان لە باکوور لە ئەوروپا وبەتایبەتیش لە وەلاتی ئەلمانیا نیشتەجێن ورەڤەندیێکی زیاتر لە 000 150 کەس لێ دەژین، لە ڕۆژئاڤاش (سوریا) ژمارەکا باش ژ ئێزدیان لێ هەنە نێزیکی (پەنجا هەزار کەس)، لە ئەرمەنستان وگورجستان وروسیا دیسان ڕەڤەندێن ئێزدی لێ نیشتەجێبوونە هەر چەند ئاماری فەرمی ژمارەیان نییە بەڵام بە هەر حال زیاتر لە (دووسەد هەزار ئێزدی بترە) هەوە ژ کاودان وبارودۆخێن پێش وپاش شەرێ جیهانێ یێ ئێکەم ئێزدی تووشبوونیێ، کێم وەلات ل سەانسەری جیهانێ نەمانە ئێزدی نە گەهاینێ، هۆسانێ هەژمارا ئێزدیان ل سەرانسەری جیهانێ ئێک ملیۆن تێپەراندیە وبترە..
چین و توێژەی ئێزدیان:
جڤاکی ئێزدیان لە سستمی چین وتوێژەی جیاجیا پێکهاتووە هەلبەت ئەمەش باوک بۆ باوک بەجێماوە، ئایینی ئێزدی لەم چەند چینانە پێک تێن (شێخ، پیر، مرید) نابت ژنئینان دناڤبەرا وان دا، وجارانیش لە ناوبەینی یەک چین دا ژنینان ناکرێت، ئێزدییەکان جڤاتێکی ڕوحانی بالا هەیە کە بە ئەرکی ڕێوەبردن ورێکوپێک کردنی ڕەوشی ژیان وپێشهاتەکانی تایبەت بە ئێزدیان، ئەم جڤاتەش لە (میروباباشێخ وشێخێ وەزیر وپێشیمام وسەرۆکێ قەوالان)، ئێزدیان لە مێژووی پر کارەسات وفەرمان ونەهامەتی دا زۆر لە دیکۆمێنت ونوسراوی سەر پێست وبەرینی لە دەست داینە وەکو زۆربەی شوێنەکانی تری کوردستان، بەڵام ئەوەی بە جێماوە هەردوو پەرتۆکی (مسحەفا ڕەش وجیلوە) کو هەردوو لە دانانی شێخ حەسەنی کوری شێخ ئەبوئەلمەفاخر موسافری هەکاری نە لە سالەکانی (1184-1246ز).
کەسایەتی و ناودارانی ئێزدی:
لە مێژووی ئێزدیان دا کەسایەتی ناودار هەبووینە، دەتوانین ئاماژە بە ڕۆلی شەرفەدین ومیر جەعفەری داسنی ومیر ئامادین ومیر هەسلمەمان وپیر ڕەشی حەیران ئێزدی میرزا بدەین کە هەرموویان میریاتی وبەرپرسیارەتی لە شوێنەکانی کوردستان دا کردوونە لە سەر دەمی چەرخەکانی دە و یازدە وپازدە وشازدەی زایینی دا ژیاون، دیسان بابێ شێخ ناسر کە لە سالەکانی 1810-1880 ژیاوە وزۆربەی ئەو مێژووناسانە ورۆژهەلاتناسانە کە ڕووی کوردستان کردوونە سەرەدانی ئەم شێخ پر توانا وزانستە ئایینە کراینە، دیسان ڕۆلی ژنانی ئێزدیش گەشاوە دەبینین لە مێژووی ئێزدیان دا، نموونەی هەر بەرز وبلند (خاتوونا فەخرا یە کە وەکو خاس لە لایەن ئێزدیان ناسراوە، خانزادی پیر مام ومەیان خاتوون)..
(72) فەرمان:
وەکو ئێزدییەکان دەلێن زیاتر لە (72) فەرمان وهێرشی جینۆسایدی لە سەریان کراون، لە شنگال بۆ چەندین جار هێرش وپەلامار، لە شێخان وباعەدرێ، لە خەتارێ..باشیک وبەحزانێ وهەموو شوێنەکانی تر، ئێزدی ئەلێن چیایی مەقلوب دەکەوتە ناوەراست ومەلبەندی ئێزیدخان کە ئێستا جگە لە باشیک وبەحزان نەبێت هیچ گوند ودیێکی ئێزدی لای نەماون، کوشندەترین ئەو حەملە وفەرمانانە (فەرمانی میری کۆرە، فەرمانی فریق پاشا، فەرمانی حافز پاشا....) کە بە سەدان هەزاران نەوەی ئێزدی، کور وکیژ ومنال وکالی ئێزدی تێیدا نەماون، هەلبەت بە بیانوی توند تیژی وبیری تەسک ونەزانین، ئەوانە ئێزیدیان بە کافر ولەرێ دەرچوون لە قەلەم دەدان، ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە زۆر لەو هێرش وفەرمانانە لەسەر دەستی هاونەتەوەیان (کوردی موسلمان) بووە، هەلبەت ئەم چەندەش بەشێک بوون لە دوژمنکاری وپیلان دژی میللەتی کورد ودۆزی پیرۆزی ئەوان بۆ ئەوەی بەردەوام ناوچەکەیان گرژ وئالۆز بێت وچارەنووسیان دیار ویەکلانەبێت، پاشەرۆژیان هەر پرت پرت بوون وناکۆکی وشەر وشۆربیت وبە ئامانجەکانیان نەگەن کە ئازادی وسەرخوەبوون بووە..
جەژن و بۆنەکانی ئێزدیان:
ئێزدیان زۆر بۆنە وجەژن ورێ ورەسمیان هەیە، لێرە تەنیا ئاماژە بە هەندێکیان ئەدەین، سەرسالی ئێزدیان کە بە چوار شەممەی سۆر ناسراوە بۆنەی سالی تازەیانە دەکەوێتە چوارشەممەی یەکەمی نیسانی ڕۆژهەلات، ڕۆژیێن ئێزدی دیسان بۆنە وجەژنێکی زۆر کۆنی ئێزدیانە، جەژنی چلەی زستانان وهاوینان کە پیاوانی ئایینی وئیماندارانی ئێزدی چل ڕۆژ لە هەموو زستانێک وچل ڕۆژیش لە هاوینی هەموو سالێک بە ڕووژو دەبن، جەژنا قوربانێ، خدرلیاس وگورگەگا وبێلندە، توافێن ئێزدیان وتاووس گێران وجەژنا جەمایێ وقەباغ، سەما، چرا وچەقلتوو، بەرات، تۆک وکراس، سمبێل، سەفرا نان وماستی، ڕست وقۆلکێشان، خەولێر وخانا ئێزی، کانیاسپی ومۆرکرن وبەرێ شبایکێ وشاز وقدوم وهتد... زاراوە وئیدیەمی تایبەت بە ئێزدیانن کە هەر یەک وبابەتێکە وکەسانی پسپۆر وپەیوەندیدار لە بواری کەلتوور وکەلەپوور دەتوانن زیاتر وقوولتر دەربارەیان لێکۆلینەوە بکەن کە هەموویان ڕەسەنایەتی کورد وەکو نەتەوە دەنوێنن وئێزدیاتیش وەکو ئایینی کۆن ودێرینی ئەم نەتەوە زێندووە...
قول و بەیت ودعای ئێزدیان کە بە حەدوسەد ناسراون سەرچاوەی دەستوور وپاراستنی ئایینی ئێزدیانن، ئەم حەدوسەدەش کە لە سەر دەمی شیخادی تازەکراونەتەوە، کەواتا ئێزدیاتی پێش هاتنی شیخادی هەبووە بەڵام زۆر لەو ڕێ ورەسم وداب ونەریتانە گۆراون وئێستا پەیرەوناکرێن بەڵام زۆر شتی تر کە تازەنە هاتۆنەتە ناو ئایینی ئێزدیان، ئەم قەول وبەیت ودوعا ودرۆزانە خاس وبابچاکی ئێزدیان لە دێر زەمانەوە نەوە بۆ نەوەی تر بە جێشتووە وبەردەوام ڕێزلێوەردەگرن وپەیرەو دەکن وپێگیری پێوەدەکەن..
بۆ وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار و سەردانی ناو برایانی ئێزیدیمان کرد و لە شارۆچکەی ئیسفنێ شێخان ئەو دیاردە جوانە و ئەو کلتورە ڕەسەنەی کوردانمان بینی کە ئێزیدی و موسڵمان و فەلە بەیەکەوە دەژیان لەو پەڕی ئاشتی و ئارامی و تەبایی، وەک بیستمان کە پەیوەندیەکی پتەوی کۆمەڵایەتیان هەیە و تا ئێستا بێ کێشە و گرفت لەو دەڤەرە ژیان دەگوزەرێنن، ئەگەرچی هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێم ئاوڕێکی ئەوتۆی لەو دەڤەرە ئێزیدی نشینانەوە نەداوەتەوە، بەڵام ئەوان هێشتا هەر لە پارێزگاری کردنی خۆیانن لە مانەوەی خۆیان لە هەموو ڕووەکانەوە، سەردانی گەلی لالەشمان کرد، وەکو نەریت پێویستە لە سەرەتای چوونت بۆ نێو ئەو پەرستگایە پێیەکانت خواس بکەیت و پابەندی پاک و خواێنی ئەو شوێنە بیت پابەندی ئەو ڕێنمایانە بیت کە پێویستە بۆ شوێنە پیرۆز و پەرستگاکان هەبێت، لە دەروازەی لالەشەوە لەلایەن دوو پیاوی ئایینی زۆر هێمن و بەڕێز پێشوازیمان لێکرا، یەکێکیان بە پیر سەعید وز ئەوەی تریان بە بابەچاویش دەناسرا، کە هەردووکیان پلەیەکی بەرزن لەنێو ئەم ئایینە، بابەچاویش دوایین پلەی ئەم ئایینەیە:
1- پێناسەیەکی کورتی ئایینی ئێزیدیمان بۆ بکە..؟
ـــ ئێزیدی کۆنترین ئایینی جیهانە، چونکە ئادەم لە لالەش هاتۆتە بوون، لە ڕۆژی یەکەمەوە ئێزیدی خودا پەرستن تاوەکو ئەمڕۆ و تا ئێستا ئەم ڕێبازەیان بەرنەداوە، داب و نەریتی خۆشیان بەرنەداوە، ئێزیدیاتی لە کوردستانی عێراقی سەریهەڵداوە و پاشان بڵاوبوەتەوە بۆ ئیران و تورکیا و سوریا، چونکە لالەش حەجە و سەنتەری ئێزدیان لالەشە، لە سەرەتاوە ئێزیدیاتی لەناو کوردا هەبووە و ئایینێکی ڕەسەنی کوردییە و تەنها ئێزیدی کوردییە، تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەک زمانی خۆیان نەگۆڕیوە، ئایینی ئێزیدی.
2- بە کێ دەڵێن ئێزدی..؟
ـــ ئێزیدی بریتییە لە برایەتی و ڕاستگۆیی و جوامێری و چاک ڕەفتاری و بێ جیاوازی و فیداکار بۆ دراوسێی خۆی، ئێزیدیاتی سمێڵ و ڕیش و گریڤان(کراسێکی سپییە و بەدەستی خۆیان دەدروون)، ئێزیدیاتی کوشت و بڕی تێدا نییە و تاوانێکی گەورەیە و لە ئاییندا زۆر حەرامە، ئێزیدیاتی ئابڕوومەندییە.
3- ئێوە چی دەپەرستن..؟
ـــ خودا و تاوسی مەلەک(سەرۆکی هەموو فریشتەکان).
4- پەرتووکی پیرۆزی ئێوە چییە..؟
ـــ مەسحەفی ڕەش و جەلوە.
5- بڕواتان بە ئایینەکانی تر و پەرتووکە پیرۆزەکانی تر هەیە..؟
ـــ بەڵێ...ئەوانیش ئایینن و پەرتووکی ئاسمانیینە و ئەوانیش ڕێز و بەهای خۆیان هەیە و تەواوی گووتەکان گووتەی خوداییە وەک پەرتووکی ئێمە.
6- نوێژکردنتان کەیە و چۆنە..؟
ـــ بەیانی پێش ڕۆژهەڵات ڕوومان دەکەینە هەتاو و ئێوارەش پێش ڕۆژئاوابوون ڕووی خۆمان دەخەینە ڕۆژئاوا، پێش خەوتنیش بۆ ئەوەی مرۆڤ حەلال بێت شەهادەی دینیمان دەڵێین، هاوکات نزاش دەکەین بۆ هەموو خەڵکی ئینجا بۆ خۆمان، تا بۆ خەڵکی دوعا نەکەین بۆ خۆمان ناکەین بۆ نموونە دەڵێین(یا خودێ تو ڤێ دنیایێ بسترینی، میللەتێ مە، گوندێ مە، جینارێ مە پشتی خۆ دبێژین).
7- مردو ناشتنتان چۆنە..؟
ـــ مردوو دەشۆین، جل و بەرگی لەبەر دەکەینەوە و قەرقارە(رووبێکی گەورەیە) و کفنی لەبەر دەکەین، پاشان دەیبەین بۆ گۆڕستان، یەک مەتر و نیو گۆڕێک دەکۆڵین و گرێی کفنەکە دەکەینەوە و ئینجا مردووەکە دەنێژین و پێویستە بۆ شووشتن و ناشتن شێخ و پیر و برای ئاخرەتێ ئامادەی بن(برای ئاخرەتێ: ڕۆژی پێش زەواجی ئەو کەسە کەسێکی تر دەکاتە برای ئاخرەتی خۆی بەهۆی بەردێکی خاکی لالەش و دەیخەنە ناو ئاوێک و دەیدەنە کەسێکی تر تا ببێتە برای ئاخرەتێ). پاشان دوعای سەرەمەرگێ بۆ دەکەن، پاشان تەلقین دەدرێ و هێدی هێدی گۆڕەکە پڕ دەکرێتەوە و کێڵی بۆ دادەنرێن مردووش سەری لە ڕۆژئاوا دەبێت و قاچی لە ڕۆژهەڵات، تەلقین بە وەزن و قافیەیە و نابێ بگووترێ تەنها لەسەر گۆڕی مردوو چونکە گوناهە.
8- نەریتی ژنهێنانتان چۆنە..؟
ــــ کوڕ بۆ خۆی لەگەڵ کچێک دادەنیشێت و تەفاهوم لەگەڵ یەکتر دەکەن و پاشان دەچنە خوازبێنی کچەکە، کاتێ چوونە ماڵی کچە هەموو خێزانەکە بە یەکەوە دادەنیشن و ئەگەر کوڕە و کچە بە یەکتر ڕازیبوون ئینجا زیاتر لەیەکتر دەچنە پێش. دوای خواستن کوڕەکە و کچەکە دەبەنە ماڵی شێخی گوندە کە پێی دەگووترێ(شێخی شێخ هەسن) لەیەکتریان مارە دەکەن.
9- کەسێک لە ئایینەکەتان بچێتە نێو ئاینێکی تر و بە پێچەوانەوەش ئێوە هەڵوێستتان چۆنە..؟
ـــ ئێمە قەبوڵمان نییە کەس بێتە سەر ئایینی ئێمە و بە پێچەوانەش چونکە ئەوەی بە کەڵک ئایینی خۆی نێت بەکەڵک هیچ ئایینی تر نایەت.
10- ڕاستە دەڵێن ئێوە زۆر درەنگ خۆتان دەشۆن و گرنگی بە پاک و تەمیزی خۆتان نادەن..؟
ـــ ئەوە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە.
11- خۆشەویستی بە هەموو شێوازەکانیەوە لەنێو کوڕان و کچانی ئێوە ئازادە..؟
ــــ پەیوەندی خۆشەویستی ئاساییە و زۆر ئازادە، بەڵام نابێت سنوری ئەخلاقی تێدا ببەزێرێت و زیادەڕۆیی نابێت لێ بکرێت.
12- کەسێک لە ئاینێکی ترەوە دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئێزیدیەک بکات..؟
ــــ ئەوە لای ئێمە نییە.
13- پارەی مارەیی(شیربایی) وەردەگرن..؟
ــــ 75 گم زێڕە.
14- مەی خواردنەوە لای ئێوە سزای لەسەرە..؟
ـــ وەڵامی ئەم پرسیارە لای هەموومانە.
15- گوناهترین شت لای ئێوە چییە..؟
- کوشتن و زینا و درۆ.
16- چ جیاوازیەک هەیە لەنێوان ئێزیدیەت و زەردەشتیەت..؟
ـــ زەردەشتیەت لە ئێمە دابڕاون و جیاوازیەکی زۆری تێدا نییە.
17- چ خواردنێک لای ئێوە خواردنی گوناهە..؟
ـــ گۆشتی بەراز، خاس و قەڕنابیت و لەهانە.
18- ئێوە بە ڕۆژوو دەبن...؟ ڕۆژووەکە کەیە و چۆنە..؟
ـــ بەڵێ، لە کاتژمێر پێنجی بەیانی تاوەکو 5 و دە یان پانزەی ئێوارێ، لە 12/12 کە سێ ڕۆژە و فەرزە، پیاوانی ئایینی کە چەند کەسێکن لە 40ی هاوینێ و 40ی زستانێ هەر 40 ڕۆژ بەرۆژوو دەبن و ڕۆژی پاشانیش جەژنە.
19-پلەی ئایینی ناو ئێزیدیان چۆنە..؟
ـــ مورید، پیر، شێخ.
20-چ پرسیارێک هەیە حەزناکەیت لێتی بکەین..؟
ـــ نەخێر ئێوە ئازادن چ پرسیار دەکەن بیکەن چونکە ئایینەکەمان دەڵێت پرسیار بەخێرن.
21- لەکاتی خۆپاککردنەوە لەلەش پیسی چی دەڵێن..؟
ـــ بۆ هەموو کاتەکان خۆشوشتنمان هەیە و هەر کاتێک پێویست بکات بە خۆشووشتن ئەوا خۆمان دەشۆین.
22- بەلای ئێوەوە شەیتان چییە و بەکێ دەگووترێ..؟
ـــ ئەوانەی بە فریشتەکانی خودا دەڵێن شەیتان گوناهبار دەبن چونکە نابێت قسەی خراپ لەخۆت گەورەتر بڵێیت و قسەی ناشیرینیش هەر ناشیرینە، چونکە ئەوکەسانە بەناوی(تاوسی مەلەک) وا دەڵێن(تاوسی مەلەک)یش سەرۆکی هەموو فریشتەکانی خودایە بۆیە قسە پێگووتن گوناهبار دەبن.
23- گەنجانی ئێوە لە ئێستادا تا چەند پابەندن بە ئایینەکەیانەوە..؟
ـــ هەر کە دەستی ڕاست و چەپی خۆی ناسی ئینجا دەزانێ خێر و گوناه هەیە، ئینجا ڕێنمایی دینی دەکەوێتە سەر و پێویستە پابەندی ڕێنماییەکانی ئایینەکە بێت، ئێستاش لە هەموو ئاینەکان وا دیارە پابەند بوون کە بووە.
24- ڕیش و سمێڵ نەتاشین لای ئێوە مانای چییە..؟
ـــ ڕیش واتا ڕێگای ئایین، هەموو پیاوێک پێویستە ڕیش و سمێڵی هەبێت.
25- شەهادەی دینی ئێوە چۆنە..؟
ـــ شەهادەی دینی من یەک الله، مەلیک شێخسن حەق حبیب الله، هەر ئەوە هەر ئەوە نە خوارن دکەت نە خەوە، شەهادە دینێ من ناڤێ تاوسی مەلەک دێبیت ڕەوا....هتد).
26- بۆچی بە ئێوە دەگوترێ کوردی ڕەسەن..؟
- چونکە ئێمە ئایین و زمانی کوردیمان پاراستووە.
27- کێن ئەو ئێزیدیانەی کە خۆیان بە کورد نازانن..؟
ـــ کەسی وا نییە، ئەگەر هەشبێت ئەوا نوێژ و دوعا و شاهادەی دینییەکەی کوردییە.
28- مۆسیقا و گۆرانی و وێنەکێشان لای ئێوە گوناه نییە..؟
- نەخێر.
29-نەریتەکانی حەج کردن لای ئێوە چۆنە..؟
ـــ یەکەمجار خۆی تەواو بشوات و سێجار بچێتە پردی سراتێ و پاشان لە کانی سپی خۆی پاک بکاتەوە، دواتر دەچێتە کانی زمزم و ببێتە حاجی و پاشان دەچێتە سەر کێوی عەرەفاتێ(لە لالەش سێ چیای پیرۆز هەیە بەناوەکانی-عەرەفەت، مشەت، عەزرەت) دواتر دەبێت بچێتە سەردانی هەموو مەزارگەکان.
30- سونەتکردن و خەتەنە کردن لای ئێوە هەیە..؟
سوونەتکردن لای ئێمە هەیە، بەڵام خەتەنە حەرامە لای ئێمە.
31-فرەژنی و تەڵاق لای ئێوە هەیە..؟
ـــ لە ئایینی ئێمە نەگووتراوە یەک یان دە ژن بینە، ئەگەرچی شەرمە، بەڵام بەهۆکار هەیە و ژنەکەش دەتوانی دواتر شوو بکاتەوە و پیاوەکەش دەتوانێ ژنێکی تر بهێنێتەوە.
32- فاڵ و نوشتە و دوعاکردن بۆ کاری باش و خراپ و بۆ نەخۆشی و...هتد لای ئێوە هەیە..؟
ـــ هەموو دوعاکانی خێر و چاکەمان هەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دوعایەکی شەڕ و تەفریقە و تێکدان و....هتد لای ئێمە نیە و لە ئاینەکەشمان گوناهە و حەرامە.
33- کەسی ئێزیدی بە چ ڕەفتارێک لە ئاینەکەی دوور دەخرێتەوە..؟
ـــ ئەگەر مورید و پیر و شێخ لەیەکتر بخوازن دەبێت لەناو ئێمە دەرچن یاخود لە ئاینێکی تر بخوازێت، ئەگەر مرۆڤی ئاینێ بکوژێت،.
34- کریڤ مانای چییە..؟ بۆچی ئێوە ئەم وشەیەتان پێ خۆش نییە..؟
ـــ کریڤ واتا تۆ لە شیرینی نێوان دووکەس پێتان دەگووترێ کریڤ و واتا کریڤ برای گیانی بە گیانی، هەندێ کەس وەکو ئیهانە بە ئێزیدیان دەڵێن نەک لە شیرینی.
34- بۆچی ناوەکانی ئێوە لەگەڵ ناوەکانی موسڵمانان وەک یەکن و عەرەبین..؟
ـــ لەبەر ئەوەی سەدان ساڵە لەگەڵ عەرەب و موسڵمانان دراوسێی یەکتر بووینە.
35- نەریتەکانی هاتنی خەڵک بۆ پەرستگای لالەش چۆنە..؟
ـــ پێش هەر شتێ دەبێ پێی خۆی خواس بکات وەک ڕێزگرتنێک لەو شوێنە، شوێنی تەواولێت لە لالەش تایبەتە، تف ڕووکردنە زەوی نابێت لە هەموو شوێنێ و بە تایبەت لە لالەش، ئافرەت و کچان دەبێ خۆیان داپۆشن، ئەو کەسەی دێتە لالەش نابێت مەی خواردبێتەوە و ڕیزگرتن لەو پەرستگایە.
36- چ کاتێک لە شەو ڕۆژ و چ ڕۆژێک لە هەفتە و چ ڕۆژێک لە مانگ و ساڵ لای ئێوە پیرۆزە..؟
ـــ ڕۆژهەڵات، چوارشەمە، حیسابی ئێمە کوردیە و ساڵی ڕۆژهەڵاتییە، نیسان چونکە لە مانگی نیسان گەردوون و زەوی و ئاسمان دروست بووە و سەری ساڵی ئێمەش لە مانگی نیسان.
37- پیرۆزترین شت لای ئێوە چییە..؟
ـــ پیرۆزترین شت لای ئێمە ئاگرە، چونکە ئاگر ڕووناکییە لەلایەن خوداوە.
38- چەند جەژنتان هەیە و ناویان چییە و لە چ کات و ساتێکی ساڵدان..؟
ــ لە هەر وەرزێک جەژنی خۆمان هەیە وەک کەرنەڤاڵ کەناویان(جەژنی سەری ساڵ لە مانگی نیسانە، جەژنی حەجیان، شەڤ بەرات(لیلە قدر)، ڕۆژیێت ئێزیدیان لە مانگی 12، جەژنی جەما لە مانگی 10، جەژنا بێلەندا جەژنی جووتیاران و ئاگر لە مانگی 20/12، جەژنی چلەی هاوین، جەژنی چلەی زستان، جەژنی خدر و ئەلیاس و زۆر جەژنی تر).
39- پەیوەندیتان لەگەڵ ئایینەکانی تر چۆنە..؟ ئایا سەردانی یەکتر دەکەن..؟ دەچنە پرسە و ئاهەنگ و بۆنە و داوەتی یەکتر..؟
ـــ بەڵێ زۆر بە ئاسایی سەردان و میوانداری یەکتر دەکەین و بە شانازیەوە دەچینە پرسە و بۆنە و ئاهەنگی یەکتر بەبێ جیاوازی.
40- خێر و قوربانی و سەربڕینی ئاژەڵ لای ئێوە هەیە و چۆنە و چی دەڵێن..؟
ـــ لە قوڕگیدا سەریدەبڕن و دەڵێین: دەستوری ژ خودێ وی مێری ئێ کوشتنا وی حەیوانی حەلال کری)
41- سزای سێکسی نا شەرعی(زینا) لای ئێوە چییە..؟
ـــ حەرامە و نابێت ئەوکەسە لەناو ئێمەدا بمێنێت.
42- کارکردنی ئافرەت لە دەرەوەی ماڵ ئاساییە..؟
ــــ ئاساییە و مامۆستا و دکتۆر و فەرمانبەری ئافرەتی ئێزیدیمان زۆرە.
43- خوداوەند لە ڕوانگەی ئێوەوە کێیە و چۆنە و لە کوێیە..؟
ـــ خودا نە دەنگە نە ڕەنگە و یارەبی کەس نازانی تۆ چۆنی
44- لە ڕوانگەی ئێوە مرۆڤ دوای مردن چی بەسەر دێت..؟بڕواتان بە زیندوو بوونەوە هەیە..؟
ـــ مادام خێر و شەڕ هەیە بەهەشت و جەهەنەمیش هەیە کەواتە مرۆڤ دوای مردن بۆ حیسابات زیندوو دەبێتەوە.
45- ناوەکانی ئێوە لەگەڵ ناوەکانی موسڵمانان زۆر لەیەکتر نزیکە بۆ..؟
-خودا پەرستی و خوداناسی بەناو نییە بە کار و ڕەفتارە.
46- تا چەند خۆتان نزیک دەبینن لەگەڵ ئاینی ئیسلام و کریستیان و جوو واتا چیتان لەیەکتر نزیکە..؟
ـــ زۆر شتمان لەیەکتری نزیکە لەگەڵ هەرسێ ئایینەکە، بە تایبەتی هەموو ئاینەکان تەنها یەک خودا دەپەرستین.
47- لە پرسەی مردوو چی دەڵێن..؟ پرسەتان چۆنە و چەند ڕۆژە..؟ چی بۆ خاوەن پرسە دەکەن..؟
ـــ دەڵێین: خودێ بڕەحمێنت، لە خودا دەپاڕێمەوە کە هەموو لایەکتان ساغ و سەلامەت بن و ئیمانتان لە جێی بێت و ئەوانەی ماون ساغ بن... حەوت ڕۆژە و چلەی ماتەمینی و مردوو و ساڵەی مردووش دەکەین، خێر بۆ خاوەن پرسە دەکەین و شتی بۆ دەبەین وەکو شەکر و ئارد و ڕۆن و..هتد.
48- ئایا ڕاستە ئێوە زۆر ڕقتان لە پیتی(ش)ە..؟
ـــ هیچ ڕاست نییە و وا نییە ئەگەر وابێ دەبێ ئێمە نەڵێین لالەش چونکە(ش) تێدایە، بەڵام ئەم قسەیە هیچ ڕاستی نییە..
49- کێن ئەوانەی لە لالەش نێژراون..؟
ـــ (366) پیاو چاکی تێدایە، بەڵام لەهەموو پیاوچاکەکان گەورەتر(شێخ هادی)ە.
50- دەکرێ دەقێکی کورتی پەرتووکە پیرۆزەکەتانمان بۆ بخوێنیەوە..؟
ـــ ئێمە دەمانەوێت بەبێ جیاوازی نێوان ئایینەکان بژین چونکە هەموو مرۆڤین و خوداوەند ئێمەی دروست کردووە، هەرکەس لە ئێمە چەند ساڵێک لەسەر ئەم زەوییە دەژیین پێویست ناکات دڵی یەکتر بشکێنین و دونیا بە برایەتی و تەبایی خۆشە و هیوادارم لە خودا نەخۆشی لە زەوی نەمێنێت و خێر و خۆشی بێتە زەمینی خودا و هەموو بە برایەتی و ساغ و سەلامەتی لە کوردستانێکی ئارامدا بژین.
-