سەزای تەمەلی ساڵی 1963 لە ئیستانبول لە دایکبووە. لە بنەماڵەیەکی ئەکادیمیدا گەورە بووە و باوکی مامۆستای زانکۆی ئیستانبول بووە.
سەزای لە بەشی دارایی زانکۆی ئابووریی ئیستانبولدا خوێندنی تەواو کردووە. دواتر دکتۆرای بە دەستهێناوە و بووەتە مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئیستانبول و پسپۆڕی بواری دارایی. هەروەها ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی ئیستانبولە.
سەزای لە زانکۆ شێوازی وانەوتنەوە و نمرەدانانی بۆ خوێندکاران لەسەر بنەمای گفتوگۆکردنی خوێندکاران لەبارەی وانەکان بە شێوەی ئەکادیمی بووە و لەو ڕێگەیەوە ئاستی زانستیی خوێندکارانی دیاریکردووە. سەزای لەلایەن هاوڕێکانی و مامۆستایانی زانکۆی ئیستانبول بە بانکی زانیاریی زانکۆکەکەی پێناسەکراوە.
لە ساڵی 2011دا چەندین باسی لەبارەی خەرجییە زیادەکانی حکومەت و پلانە خراپە ئابوروییەکانی حکومەتی تورکیا خستەڕوو، کە ئەو خەرجییە زیادانە و ئەو پلانە ئابووریانە، جگە لەوەی بوونەتە هۆی بێکاریی بەردەوام و دروستکردنی جیاوازی لە داهات و ئارامیی ژیاندا، بوونەتە هۆی ئەوەش تورکیا بە بەردەوامیی لە ژێر قەرزێکی زۆردا بمێنێتەوە.
سەزای لەگەڵ کاری ئەکادیمی و مامۆستایی لە زانکۆی ئیستانبولدا، کاری لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنی و چەپەکاندا کردووە.
سەزای تەمەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (#هەدەپە#) بوو، کە لە ڕۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2012 دامەزرا. فاتمە گۆک و یاوز ئۆنەن تاوەکو 27ی تشرینی دووەمی 2013 بۆ هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران. لە دوای ئەوان سەباحەت تونجەل و ئەرتوغرول کورکچو بۆ هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران و تاوەکو 22ی حوزەیرانی 2014 هاوسەرۆکایەتیی هەدەپەیان کرد. بە دوای ئەوانەشدا فیگەن یوکسەکداغ و #سەڵاحەدین دەمیرتاش# بۆ هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران.
لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015دا لەلایەن هەدەپەوە کراوە بە پاڵێوراوی بازنەی دووی هەڵبژاردن لە ئیستانبول و سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و لەسەر لیستی هەدەپە چووە پەرلەمانی تورکیا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 1ی تشرینی دووەمی 2015دا سەرکەوتنی بە دەستنەهێنایەوە.
تەمەلی بەهۆی شارەزایی و پسپۆڕییەکەیەوە وەک بەرپرسی سیاسەتی ئابووریی هەدەپە کاریکردووە. هاوکاتیش ڕاوێژکاری ئابووری و دارایی ئەو حزبە بووە.
سەزای هاوسەرگیریی کردووە و باوکی کوڕێکە.[1]
رۆژی #11-02-2018# وەک هاوسەرۆکی #هەدەپە# هەڵبژێردرا.