(کۆبوونەوەی ژمارە 72ی ئەنجومەنی نەتەوەیی: پەرلمانی کۆماری نەمسا)
خولی یاسایی خۆی، لە ڕۆژی سێشەممە: ڕێکەوتی (6-5-1997)، لە کاتژمێر 12:01 خولەک دەستی پێ کرد، تاکو کاتژمێر: 19:39 ی خایاند.
ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاران، کەسایەتی سەربەخۆی بوارەکانی (یاسایی، ئابووری، ڕاگەیاندنەکان، و بە سەرپەرەستی سەرۆکی پارلەمان د.هاینز فیشەر)، بەڕێوەچوو.
ئه و کۆبوونەوەیە، سێ تەوەری گرنگی لە خۆ گرتبوو، کە بریتین لە:
1- ڕێڕەوی ئابووری وڵاتی نەمسا و، باس کردن لە سەر ئەو گرفتانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم دابین بوونی بەرژەوەندییە ئابووریەکانی.
2- پرسی تێروری ڕێبەرانی کورد لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت تێرۆری ڤییەن! (بە بەرچاوڕوونییەک کە لەدوای تێرۆری میکۆنۆس، دادگای تایبەت بەو کەیسە تاوانبارانی ناساند و سزای یاسایی بۆ دیاری کردن).
3- پێوەندی گرتن و دانیشتنی نوێنەرانی حکومەتی نەمسا لەگەڵ ڕێکخراوی ناتۆ و هەڵسەنگاندنی لایەنە باش و خراپەکانی ئەو هەوڵە و، ئەنجامەکانی.
----
لە یەکێک لە بڕگەکانی ئەو دانیشتنە دا، پەرلەمانتار (د.هەیدی سکمیدت لە حیزبی لیبڕاڵەکان)، داوای لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری دەوڵەتی نەمسا، بەتایبەت هەر سێ وەزارەتی (دەرەوە، ناوخۆ و داد) لە پەیوەندی لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی تێرۆری (13-7-1989)، دەکات.
-
هەروەها (ڕۆدۆڵف ئانشۆبەر) پەرلەمانتاری سەر بە حیزبی سەوزەکانی نەمسا، لەسەر ڕۆڵی دەوڵەتی نەمسا لە گەڕانەوەی ئازادانەی تێرۆریستانی (تێرۆری ڤییەنا)، بۆ ئێران دەدوێت.
هاوکات (د.هیلین پاتریک)، کە یەکێکی تر لە پەرلەمانتارانی بەشداربووی ئەو کۆبوونەوەیەیە، سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانباران و، دەرچوونی ئازادانەی تاوانباران لە وڵاتی نەمساوە و، گەڕانەوەشیان بۆ ئێران، داوای ڕوونکردنەوە دەکات.
ئەو سێ پەرلمانتارە بە شێوەیەکی زۆر تایبەت داوای پێک هێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە دەکەن لە بارەی ئه و پرسیارانەی که لە سەرەتادا بۆچوونەکانیان لەسەری خستوەتەڕوو و، ئاماژەشیان بەوە داوە کە بەڵگەیان بەدەستەوەیە بۆ قسەکانیان. بەڵام لە پەرلمان دا ئەو داوایە، ڕەت دەکرێتەوە.
لە بەشێکی تری ئەو بەڵگەنامەیە دا، هەڵوێست و بۆچوونی سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی نەمسا (د.هاینز فیشەر) سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پەرەدان بە تێرۆر لە دەرەوەی وڵاتی ئێران،خراوەتەڕوو.
(د.هاینز فیشەر) سەرۆکی پەرلمانی نەمسا، بەمشێوەیە لەسەر تێرۆری ڤییەنا دواوە:
ناوبراو بە ئاماژەدان بە (تێرۆری میکۆنۆس) و بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی کە (دادگای میکۆنۆس) تێرۆریزمی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی پێ سەلماند، دەڵێت:
دادگای میکۆنۆس دەری خست کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئامانجی ڕاستەوخۆی تێرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، بوون!
هەروەها لە درێژەی قسەکانی دا، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە: تێرۆری ڕێبەری کورد لە ڤییەنا و، سەرپۆش دانان لە سەر ئەو تێرۆرە بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان نەگەن، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی زیاتر هاندا بۆ ئەنجامدانی چەندین تێرۆری تر لە دەرەوەی وڵات، کە ئاشکرا ترینیان، تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بوو لە بەرلین دا، کە بە (تێرۆری میکۆنۆس) ناسراوە.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەدات: تێرۆری ڤییەنا، بێ باوەڕیی بە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی نەمسا و پەیوەندی نەمسای بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر کرد. چونکە هەموو نیشانەکان و هەموو ئەو بەڵگانەی لەبەر دەست دابوون، دەیسەلمێنن کە: (جەعفەر سەحراڕودی و ئەمیر مەنسوور بزورگیان) بە پشتیوانی و یارمەتی کاربەدەستانی حکومەتی نەمسا توانیان بگەڕێنەوه بۆ ئێران، لەکاتێکدا هەر لە سەرەتاوە شک و گومانەکان لەسەر ئەو کەسانە بە ڕێژەیەکی زۆر لە بەردەست دابوون.
-
هەر لەسەر هەمان پرس و لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانباربوونی (سەحراڕودی و بوزورگیان)، سەرۆکی پۆلیسی ڤییەنا، لە ڕۆژی (17-7-1989)، ئاشکرای دەکات، کە: گومانەکان لەسەر ئەو دوو کەسە زۆر بوو، بەتایبەت ئاماژە بە ناوەڕۆکی قسەکانی (ئەمیر مەنسوور بزورگیان) دەکات و دەڵێت: قسەکانی (بزورگیان) ناتەبا و ناڕاستی زۆریان پێوە دیار بوو. بەڵام کەس ڕێی لە دەربازبوونی ئەو دوو تاوانبارە لە وڵاتی نەمسا و گەڕانەوەیان بۆ ئێران نەگرت.
-
ڕۆژی 20-7-1989، لە کاتێکدا، کە بەپێی بەڵگەکان دەردەکەوێ کە دەستی ئێران لەو تێرۆرەدایە. (مۆک)ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی نەمسا، سەبارەت به و مەسەلەیە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەدوێت و باسی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی و گومانەکانی حکومەتی نەمسا لەسەر ئێران لە تێرۆری ڤییەنا دا دەکات.
-
هاوکات ڕۆژی 26ی هەمان مانگ، سەرۆکی پۆلیسی نەمسا (سچووڵز)، بۆ ڕۆژنامەی (AZ) ڕادەگەیەنێت: بڕیاری گرتنی (جەعفەر سەحرارودی) لە لایەن قوەی قەزاییەوە نەدەدرا لەکاتێکدا زۆر بەڵگەی لەسەر بوو.
-
ڕۆژی 27ی هەمان مانگ، ڕۆژنامەی (ستاندارد) باسی فشاری زۆری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کاربەدەستانی نەمسا دەکات، ئاماژە بە هەڕەشەی کوشتنی هاووڵاتیانی نەمسا لە وڵاتی ئێران دەکات، ئەمەش وەک یەکێک لە فشارەکان بۆ سەر حکومەتی نەمسا بۆ ئەوەی هەوڵی دوور خستنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تێرۆری ڤییەنای پێ بدات.
--
لە لاپەڕە (10 تا 11) ی بەڵگەنامەکە ئاماژەی بە ناوی چەندین ڕۆژنامە دراوە کە بەرپرسانی نەمسا بەڵگەیان لە بەردەست دابووە لەسەر تیرۆریستەکان پێش ئەوەی تێرۆریستەکان ئازادانە بگەڕێنەوە بۆ ئێران، کەچی ئازادیان کردوون ئەوەش خراوەتەڕوو کە: لە ڕاستیدا تێرۆری کوردەکان بوون بە قوربانی پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتی نەمسا و ئێران و بەردەوامیدان بەو پێوەندییە.
هەروەها، نەمسا یەکەم وڵاتی ئەوروپایی بووە کە وەزیری دەرەوەی خۆی (ئیروین لانک)ی لە ساڵی 1984 بۆ ئێران ناردووە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران (ویلایەتی)ش لە ساڵی 1987 لەگەڵ نەمسا وەک یەکەم وڵاتی ئەوروپایی دیداری کردووە.
-
بۆیە ئەو پەیوەندیانە کاریگەریان لەسەر دوو وڵات داناوە و تەنانەت لە دوای (تێرۆری میکۆنۆس) یش هەڵوێستی حکومەتی نەمسا بەرانبەر کۆماری ئیسلامی نەگۆڕدرا.
کاتێک کۆمسیۆنی کاروباری ئەوروپا لە پەرلمان باس لە ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی ئێران لەسەر تێرۆرەکانی دەرەوەی وڵاتی و بەتایبەت ئەوروپا دەکات، دەوڵەتی نەمسا لە دژی ئەو بڕیارە دەوەستێت و ئەو داوایە لە لایەن دەوڵەتی نەمساوە ڕەت دەکرێتەوە.
لە بەشێکی تری بەڵگەنامەکە و بەتایبەت لە لاپەڕەکانی (12 تا 15) دا چەندین پرسیار سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووداوەکانی دوای تێرۆری 13ی ژوئیە و ڕۆڵی هەر سێ وەزارەتی (ناوخۆ، دەرەوە و داد) و هەڵوێستی دەوڵەتی نەمسا لەسەر چۆنیەتی ناردنەوەی تاوانبارە تێرۆریستە ئێرانییەکان بۆ ئێران کراوە، گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دەوڵەتی نەمسا و بۆ سەر پەرلمان و کاربەدەستانی دەوڵەت دەکرێت.
پەرلمانتار (د.هەیدی سکمیدت لە فراکسیۆنی لیبرال فۆریوم) ئاماژە بە بڕیاری (دادگای میکۆنۆس) دەکات و، دەڵێت: (تێرۆری میکۆنۆس ئاکامی ڕاستەوخۆی تیرۆری ڤییەنا بوو کە لێکۆڵینەوەی تێدا نەکرا).
مشتومڕی نێو دانیشتنەکەی پەرلمان:
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەم سێ پەرلمانتارە وەک سێ فراکسیۆن:
1-د.هەیدی سکمیدت لە فراکسیۆنی لیبراڵەکان.
2- ڕدۆڵف ئانچۆبەر لە فراکسیۆنی سەوز.
3- د.هیلین پارتریک لە فراکسیۆنی ئازادی.
-
داوای پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە دەکەن، سەبارەت بەو ناڕوونیانەی کە حکومەت و داموودەزگاکانی پێوەندیدار لە کەیسی تیرۆری ڤیەنا ئەنجامیان داوە، بەڵام ئەو داواکارییە دەنگ ناهێنێتەوە وەک لە ناوەڕۆکی قسەکاندا ئاماژەی پێکراوە، پاش چەندین جار مشتومڕکردن ڕەت کراوەتەوە. پارتەکانی بەشدار یاخود: فراکسیۆنەکانی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە بریتیی بوون لە:
پارتی سۆسیال دێموکراتی نەمسا
پارتی ئازادی نەمسا
حیزبی خەڵکی نەمسا
پارتی سەوزی نەمسا
پارتی لیبڕاڵی نەمسا
له و دانیشتنەی پەرلەمان دا بەگشتی 60 پرسیار لەلایەن بەشداربووانەوە ئاراستەی حکوومەت و دامودەزگاکانی پەیوەندیدار کراوە سەبارەت بە هەر سێ تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە.
له و شەست پرسیارە، نزیک بە سی پرسیاریان، لە بارەی تیرۆری (د.قاسملوو)بووە لە ڤیەنادا، کە بە تێرۆری کوردەکان ناوبراوە.
گەر بە کورتی ناوەرۆکی پرسیارەکان بخەینەڕوو، بەمشێوەیەی لای خوارەوەن:
1-هۆکاری چی بوو کە ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان (د.قاسملووی ڕێبەری کورد و وەفدی ئێران) لە لایەن دامودەزگاکانی ئاسایشی حکومەتی نەمساوە پارێزگاری لێ نەکراوە؟
2- بۆچی لە سەرەتای ڕووداوە تێرۆریستییەکەی (13 ژوئیەی 1989) هیچ هەڵوێستێکی ڕوون لە لایەن دام ودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەی نەمساوە نەخرایەڕوو؟
3-چ هۆکارێک لە پشت ئەوەوە بوو که: حوکمی دەستبەسەرکردنی تاوانباران (جەعفەر سەحراڕودی و ئەمیر مەنسوور بزورگیان) لە لایەن حکومەتی نەمساوە جێ بەجێ نەکرێت؟
4- چۆن بزورگیان گەڕایەوە بۆ ئێران لەکاتێکدا وەک تاوانبارێک لەژێر دەستی حکوومەتی نەمسا دابووە؟
5- ئەو فشارانە کامانەن کە حکومەتی ئێران بۆ سەر نەمسا کردوونی، کە گومانی خستۆتە سەر هەڵوێستی حکومەتی نەمسا بۆ جێ بە جێ کردنی هەڵوێستی شیاو لە لێکۆڵینەوەی کەیستی تێرۆری کوردەکان؟
6-بۆچی ڕێگا درا بە گەڕانەوەی (سەحراڕودی) بۆ ئێران؟
7- هۆکاری بە ئیسکۆرت ناردنەوەی (سەحراڕودی و دەربازکردنی تاوانبارەکانی تریش) لە لایەن حکومەتی نەمساوه، بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
8-کاریگەری بڕیاری (دادگای میکۆنۆس) لەسەر کەیسی (تێرۆری ڤییەنا) چی دەبێت؟
9- ئایا بڕیاری دادگای میکۆنۆس لەسەر (نەمسا) نابێتە هەڕەشە؟
10- پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و نەمسا لە دوای (تێرۆری ڤییەنا) بەره و کوێ گەشت؟
11-کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی نەمسا لە ڕێکەوتی (18-7-1989) سەبارەت بە تیرۆری کوردەکان لە ڤییەنادا چی بوو؟
لەگەڵ زۆر پرسیاری تری هاوشێوە، هاتوونەتە ئاراوە.
ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تری تەمومژاوی، ئەو بیرۆکەیەی لە لای بەشێک لە پارتەکانی وەک (ئازادی، سەوز، لیبراڵەکان و هتد) دروست کردبوو کە بۆ وەڵام وەرگرتن و ڕوونبوونەوەی ئەو تەمومژاویانە هەوڵی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوە لە حکومەت و داموودەزگا پەیوەندیدارەکان بدەن.
بەڵام وەک لە ناوەرۆکی بەڵگەنامەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ئەو کۆمیتەیە ڕەت دەکرێتەوە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو لایەنانەی داوای کۆمیتەی لێکۆڵینەوە دەکەن بە گشتیی ڕۆڵی کەمینە یان: ئۆپۆزسیۆن لە ناو پەرلەمانی نەمسا دەبینن.
(تێبینی: لە بەڵگەنامەکەدا ژمارەی ئه و ئەندامانەی کە داوای کۆمیتەی لێکۆڵینەوە دەکەن خراوەتەڕوو ژمارەیان: 17 ئەندامی پەرلەمان و چەند فراکسیۆنێک بوون).
دوای ئەوەی مشتومڕ و پرسیار کردن کۆتایی پێ دێت،
سەرۆکی پەرلەمان (د.هاینز فیشەر) ئەرکی وەڵام دانەوەی بە پرسیارەکان بە:
(د.وڵفگانگ سشیسڵ) وەزیری دەرەوەی نەمسا دەسپێرێت.
وەزیری دەرەوەی نەمسا لە وەڵامەکانیی دا هەوڵ دەدات گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر نەمسا بە ناڕاست نێو ببات و ئاماژە بە هەبوونی سەربەخۆیی لە بڕیاردان بەتایبەت سەربەخۆی دادگا دەکات، دڵنیایی دەدات بە بەشداربووان کە ڕاستییەکان وەک خۆی دەخرێنە ڕوو.
لە پێوەندی لەگەڵ گەڕانەوەی تاوانباران بۆ ئێران ئاماژە بە دوو خاڵ دەکرێت کە ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیە:
1- کاتێک (ئەمیر مەنسوور بزورگیان) لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دا کراوە باسی لەوە کردووە کە لەو ساتەدا لەوێ نەبووە بەڵکو ڕۆشتووە بۆ هێنانی خواردن (کڕینی خواردن!)، بە پێی قسەی بەشداربووان ئەو وەڵامەی (بزورگیان) سەرنجی پۆلیسی بۆ نێو ڕووداوەکە ڕاکێشاوە و لەهەمانکاتدا (بزورگیان) لە بەدەستهێنانی دەرفەتێک دابووە بۆ خۆدەربازکردن و خۆگەیاندنی بە باڵوێزخانەی ئێران لە ڤیەننادا. هەر ئەوەش بوو کە دوای خۆگەیاندنی بە باڵوێزخانەی ئێران بە شێوەیەکی تەمومژاوی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران!
2- سەبارەت بە (سەحراڕوودی)، ئاماژە بە وە دەکرێ کە بە هۆی بریندار بوون و خەواندنی لە نەخۆشخانەدا یاسا ڕێگربووە لە دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەرکردنی. هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە بە پێی ئەو زانیاریانەی پۆلیس لەسەر (سەحراڕودی) دەستی کەوتووە تێرۆریستی ناوبراو زیاتر وەک شاهیدحاڵێک لەو ماوەیەی کە لە نەمسا بووە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، نەک وەک تاوانبارێکی ڕووداوەکە.
هەروەها (د.وڵفگانگ سشیسڵ: وەزیری دەرەوەی نەمسا) لە وەڵامەکانیی دا، لەبارەی سەحراڕودیەوە دەڵێت: (پێش (22-7-1989) پۆلیس هیچ بەڵگە و گوومانێکی لەسەر ناوبراو نەبووە).
بەڵام وەڵامەکانی (د.وڵفگانگ سشیسڵ: وەزیری دەرەوەی نەمسا)، چەندین وەڵامدانەوەی پەرلەمانتاران بەدوای خۆی دا دەهێنیت.
یەکێک لە پەرلەمانتاران قسەکانی (د.وڵفگانگ سشیسڵ: وەزیری دەرەوە) بەدرۆدەخاتەوه و پەرلەمانتارەکە باس لە بوونی بەڵگەیەک دەکات کە هی ڕۆژی (19-7-1989) بووە، بەڵگەکەش ئەوەبووە کە کارمەندێکی پۆلیس بە ناوی (نیڤۆرەک) لە بەڵگەیەکی دا ئاماژەی بەوە داوە کە: (شاهیدەکە لە بەرانبەر کردنەوەی لەگەڵ سەحراڕودی دا بەباشی دەیناسێتەوە و دەڵێت کە سەحراڕودی ماتۆڕەکەی کڕیووە وکاغەزەکانی ماتۆڕەکە و پێناسەی کڕیارەکە و چەکی بەکارهێنراو لە تیرۆرەکەدا هەمووی پێکەوە دۆزراونەتەوە!).
پەرلەمانتارەکە ئاماژە بەوەش دەکات، کە: (د.دانێک ئه و ڕاپۆرتەی پێشکەشی دادگا و د.فاشینگ کردووە، سێ ڕۆژ پێش ئەوەی سەحراڕودی بگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران!).
دووەم پەرلەمانتار کە قسەکانی وەزیری دەرەوە بە درۆ دەخاتەوە، پەرلەمانتار (ڕۆدۆڵف ئانشۆبەر)ە، ناوبراو ئاماژە بە بەڵگەیەکی تایبەتی گروپی دژە تێرۆر دەکات، لە ڕۆژی (14-7-1989) کە دەیسەلمێنێت لە ٪99 ئەو سێ ئێرانییە خودی تێرۆریستە تاوانکارەکان بوون! بەڵگەکە دەشی سەلمێنێت کە (د.کیسلەر: وەزیری ناوخۆی ئەوکاتەی نەمسا)ئەو زانیارییەی لە ڕۆژی (14-7-1989) پێگەیشتووەو زانیاری و بەڵگەکەی پێ دراوە کە تێرۆریستەکانن.
هەروەها بەڵگەیەکی دیکەش دەخاتەڕوو کە سێ ڕۆژ پاش تیرۆرەکە، لەلایەن دادوەرێکەوە پیرۆزبایی لە بەشی ئیجرایی دەکرێت کە دوای سێ ڕۆژ پاش ڕووداوەکە توانیوویانە بەڵگەی تەواو لەسەر ناسنامەی تێرۆریستەکان دەربخەن!
بەپێی بەڵگەکە، یەکەم هەنگاوی سەرۆکی پۆلیسی نەمسا لە ڕۆژی (16-7-1989) ئەوەبووە کە بە هیچ جۆرێک هەنگاوی گرتنی تێرۆریستەکان نەدرێت چونکە (گوایە!) مەترسی دیپلۆماسی لێ دەکەوێتەوە!
هەروەها پەرلەمانتارەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ڕۆژی (19-7-1989) بەڵگەی تەواو لە بەردەست دابووە کە سەحراڕودی یەکێک لە ئەنجامدەرانی کردەوە تێرۆریستییەکە بووە، بەلام دواتر ئازادانە بۆ فڕۆکەخانە بەڕێی دەکەن!
زیاتر لەوانەش بەڵگە دەخرێتەڕوو کە ڕێگاپێدانی (بزورگیان) بۆ ئەوەی پەنابباتە ناو بالوێزخانەی ئێران لە ڤیەننادا شانزەجار لەلایەن دەوڵەتی تێرۆریستیی ئێرانەوە گوشار خراوەتەسەر دەوڵەتی نەمسا، دەولەتی نەمساش پێنج جار فەرمانی(سیاسیی) کردووە کە ناوبراو نابێت بگیردرێت! بەڵگەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەرپرسانی نەمسا بەچۆکدا هاتوون و ساتوسەودایان لەگەل دەوڵەتی تێرۆریستیی ئێران دا کردووە.
پەرلەمانتارەکە ئاماژە بە قسەکانی (هێلین قاسملووش) دەکات کە لە ڕۆژی (16-4-1997) دەکات کە سەردانی ڤییەنای کردووە و ڕایگەیاندووە کە: (جیاوازی گەورە لە نێوان ئەڵمانیا و نەمسا ئەوەیە کە لە بەرلین دەوڵەت خۆی تێرۆریستەکان دەست بەسەر دەکات و دادگاییان دەکات، بەلام لە ڤییەنادا دەوڵەت خۆێ تێرۆریستەکان ئازاد دەکات!).
چەند سەرنجێکی کورتی دۆکیۆمێنتەر و ئامادەکار (#شەریف هەژاری#):
1-ئەم بەڵگەنامەیە چەندین لاپەڕەیە، ئەمە پوختەیەکی زۆر کەمیەتی. بەڵگەنامەکە (سەد لە سەد) دەیسەلمێنێت که: حکومەتی نەمسا و وەزارەتەکانی (ناوخۆ، دەرەوە و داد) بەڵگەی تەواویان لەبەردەست دابووه سەبارەت بە بکەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە. بەڵام بە (عەمدەن و بە قەستی) نە تیرۆریستەکانیان گرتووە، نە هێشتووشیانە کە بڕیاری تاوانباربوون و دەستگیرکردنیان بۆ دەربچێت. ئەمەش ڕوونە لە پێناو نەوتی بەلاشی ئێران (کە زۆرینەی نەوتەکەش هەر هی خاکی خۆرهەلاتی کوردستان و، خاکی عەرەبستانی دەولەتی ئێرانی دروستکراوە) و لە پێناو فرۆشتنی چەک به و ڕژێمە تیرۆریستییە-جیهانییە، ئامادەبوون ڕێز لە تیرۆریستانی (ئازادیخوازکوژ) بگرن و بەڕێزەوە و بە پارێزگاریەوە بیاننێرنەوە بۆ کۆماری تێرۆریستانی ئێران.
2-ئەم بەڵگەنامەیە و کەیسی شەهیدکردنەکەشی دەیسەلمێنێت کە: قاسملووی حەکیم (بیرمەندە شۆڕشگێڕەکەی ڕێی تێکۆشانیی یەکسانیی لە نێوان مرۆڤ و نەتەوە جیاوازەکان) زوڵملێکراوترین بیرمەندی ئازادیخوازی ناو مێژووی جیهانە. چونکە تەنیا قوربانییە کە بە تێرۆرکراویش (لە جیهانی پۆست-مۆدێرن و بەناو یاساسەروەری ئەوروپاش دا) هێندە زوڵمی لێ بکرێت کە: یاساکانی وڵاتانی پێشکەوتو و تەواوی بیروباوەڕە مرۆڤدۆستیەکانیشیان تەنیا لە پێناو چەند (بەرمیل) نەوتێکدا خراوەتە ژێر پێی وەحشە تێرۆریستە تاوانکارە مرۆڤ-سەربڕەکانی کۆماری (تیرۆر و سێدارەی) ئاخوندەکانی ئێرانەوە.
3-با هەموو خوێنەران ئه و ڕاستییەش بزانن، لە وەتەی وەڵامەکانی (د.وڵفگانگ سشیسڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا) لە ناو ئەم بەڵگەنامەیەی ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی نەمسام خوێندووەتەوە. دەستم کردووە بە خوێندنەوەی ژیانی ئەم وەزیرە بۆ ئەوەی بزانم: ئایا ئەم وەلامانەی (وەزیری دەرەوەی نەمسا) لە ناو پەرلەمانی ولاتەکەی دا (لە نەزانین)ی بووە یاخود نا؟
پاش بەدواداچوونی ورد بۆم دەرکەوت ناوبراو وەزیری ئابوری نەمسا بووە لە ساتی تێرۆرکردنەکەی د.قاسملوو دا و زۆر بە وردی ئاگاداری کەینوبەینەکە بووە. چونکە خۆی له و ساتەدا وەزیری ئابوری و هێنانی نەوتە فەرهودیەکەی خوێنی قاسملوو بووە. ئیدی بۆم سەلما کە ناوبراو زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە یەکێکە لە دەسەلڵاتداران و بڕیاربەدەستانی ناو حکومەتی نەمسا تەنانەت لە نێوان ساڵانی (2000 تا 2007) بە دوو خول ڕاوێژکاری نەمسابووە کە بڵاترین پۆستی وڵاتەکەیە.
کەوابوو ناوبراو مەبەستی بووە هەر بەردەوامیی بدات بە پارێزەریان لە کردەوە تێرۆریستیەکانی ئێران و لە (سەرپۆشدانان لەسەر ئەم تاوانە ترسناکە تێرۆریستییە)، بۆیە ڕێک وەک (فەقێیەکی ئاخوندەکان) ئه و قسانەی لە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەی داتاشیووە.
ڕامێنن کە: د.قاسملوو لە سالی 1989 شەهید دەکرێت، کەچی پاش هەشت سال و لە سالی 1997 یش (د.وڵفگانگی وەزیری دەرەوە)، له ناو پەرلەمانی نەمسا هەر بۆ ڕژێمی تیرۆریستی ئێرانیی دەپۆشێت، تەنانەت ئێستاش کە ساڵڕۆژی تیرۆری د.قاسملوە و ڕێژێمی ئێران بە دایکی تێرۆری جیهانیی و سپۆنسەری تێرۆریزمی جیهانیی سەلمێنراوە، کەچی نەمسا هەر ئامادەی ڕاخستنی فەرشی سورە بۆ حەسەن ڕۆحانی تێرۆریست.
ترسناکتر لەوەش: دیسانەوە تێرۆریستێکی ناو باڵوێزخانەی ئێران لە نەمسا، ویستوویەتی لە فەرەنسا کردەوەی تیرۆریستی دژی کۆبوونەوەی موجاهیدینی خەلق ئەنجام بدات.
(وەک شەریف هەژاری) دەپرسم: گەلۆ ئەم چەندین ساڵە کە دەوڵەتیکی وەک نەمسا هەر سەرپۆش لەسەر کارە تێرۆریستیەکانی ڕێژێمی ئێران دادەنێت، بەتایبەت لە کەیسی تێرۆری د.قاسملوو دا تیرۆریستەکان دەپارێزێت، ئایا ئەم هۆکارانە نەمسا ناکاتە ئاسانکار بۆ تێرۆریستان و کردەوەکانیان؟
ئایا ناتوانرێ کە بووترێت: نەمسا دایەنگای پارێزەری تێرۆریستانی ڕێژێمی ئێرانە لە ئەوروپا!؟
ئەرشیفی بەڵگەنامەیی: شەریف هەژاری
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە بۆ کوردی: ژیلەمۆ
پێداچوونەوە و ئامادەکردنی: شەریف هەژاری[1]
#05-07-2018#