نووسینی: #محەمەد هەریری#
دۆسییەی ژمارە 6
دۆسێی: ئیمام نەجمەدین تۆفی، هەوڵێکی تری سێکیولاری لە ئیسلامدا
ئەو دۆسێیە تەواوکەری دۆسێی: ئەزموونی سێکیولاریزم لە ئیسلامدا! جەلالەدینی ئەکبەرە. لەو دۆسێیەدا باسی هەوڵەکەی نجم الدین الطوفي [تۆفی] دەکەین، وەک یەکێ لە بەهێزترین هەوڵەکانی ڕیفۆرمی ڕەگوڕیشەیی مێژوویی لەناو ئیسلامدا.
تۆفی خاوەنی تیۆرێکی زۆر گرنگ ودەگمەنە لەناو مێژووی زانایانی ئیسلامدا، ئەویش تیۆری پێشخستنی بەرژەوەندی [المصلحة] بەسەر هەموو بەڵگەکانیتردا. زۆرجار هەندێ لە دەقەکان ڕێگردەبن لەبەردەم کرانەوە و گۆڕان و پێشکەوتن، بۆیە کۆمەڵگا دینییەکان پێویستیان بە کەسانی بوێر و زانای وەک نەجمەدین تۆفی هەیە، بۆ چارەسەرکردنی سنووری ئاسنینی دەقە پیرۆزەکان. ڕوانینی نەجمەدین تۆفی هێندە کراوە و پیشکەوتوخواز بوو، دەتوانین بڵێین کە بە دەیەها سەدە پیش کات وسەردەمی خۆی کەوتبوەوە. هەر بۆیەش دووچاری کێشەی زۆر هات، کەوتە بەر هێرشی هەموو مەزهەبەکان بە نەرم و زبر وڕەقەوە. بە دەیان تۆمەتی بێ بنەمایان خستە پاڵی.
لە ڕۆشنایی ئەو هەوڵانەدا دەگەینە ئەو ئەنجامە تاڵەی کە ئیسلام و موسڵمانانی پەیڕەوکەر لە ئیسلامی تەقلیدی، کە زۆربەی موسڵمانان پێک دەهێنن، هەرگیز بە چاوی ڕەزامەندی و قبولەوە ناڕواننە ئەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ ڕزگارکردنی ئیسلام وموسڵمانان لەو تەنگژە دینی ومێژوویی و تەشریعیانەی تێی کەوتوون. هەمیشە دەسەڵاتدارانیش مەرایی وماستاویان بۆ شەقامی ئیسلامی تەقلیدی کردووە، بە دەگمەن نەبێت هیچ جۆرێک ڕەزامەندیان نیشان نەداوە بە هیچ هەوڵێکی تەنویری و ڕیفۆرمخوازی. بۆیە لە یەک کاتدا دەسەڵات و جەماوەر پێکەوە بەرهەڵستی ئەو هەوڵە تەنویریانە دەکەن!