نوسەران و شاعیرانی منداڵان فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
ناوی تەواوی (فەرهاد ئەحمەد سەعید محەمەد ئەمین)ە لەساڵی 1975 لەشاری #سلێمانی# لەدایکبووە.
لەبەرئەوەی بنەچەی بنەماڵەکەیان دەگەڕێتەوە سەر شارۆچکەی بەرزنجە، بۆیە بەشانازییەوە نازناوی بەرزنجی بەسەر نوسینەکانییەوە دەردەکەوێت.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووەو لەساڵی 1995دا پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواو کردووەو لە گوندی گێڵدەرەی سەر بە شارۆچکەی بەرزنجە بە مامۆستای بنەڕەتی دەستبەکاربووە.
سەرەتای نوسينی دەگەڕێتەوە بۆساڵی 1988 کە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیدا هۆنراوەی نوسیوە، لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 لە گۆڤاری (#پەیامی ڕاستی#) و ڕۆژنامەی (وڵات)دا هۆنراوەکانی بڵاوکردۆتەوە.
لەساڵی 1995 لەگەڵ دەستبەکاربوونی بە پیشەی مامۆستایەتی و تێکەڵ بە دنیای منداڵان. دەبێت و دەستدەکات بە نوسینی هۆنراوەو چیرۆکی منداڵان، وەک خۆی دەڵێت: دنیای جوان و سادەو ڕەنگاڵەیی منداڵان هاندەرم بوون بۆ ئەوەی خزمەت بە ئەدەبی مناڵان بکەم.
ئيتر بەردەوام هۆنراوەو چیرۆکی بۆ منداڵان نوسیوەو لەو گۆڤارانەی بۆ منداڵان دەردەچن بڵاویکردوونەتەوە، وەک گۆڤارەکانی (پەپوولە، جگەرگۆشەکان، کۆلارە، کەناری، گۆران، گوڵەکان، تۆم و جیری، جۆلانێ) هەروەها لە گۆڤارەکانی (سلێمانی و ئاری و دیاربەکرو ژیار و ڕۆژنامەی ئامانج و ساڵنامەی گڕی نەورۆز) دا چەندین بابەتی بۆ منداڵان لە چیرۆک و هۆنراوە بڵاوکردۆتەوە، لەساڵی 2011 وە بۆتە ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کوردستان.
کۆمەڵێک لە هۆنراوەکانی ئاوازیان بۆ دانراون و کراون بە گۆرانی و لە کەناڵەکاندا پەخشدەکرێن، هەروەها کۆمەڵێک چیرۆکی منداڵانی لەزمانی عەرەبییەوە
وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی و هەندێکیشیانی لە گۆڤارەکانی منداڵاندا بڵاوکردونەتەوە.
لەم دوایانەشدا لە چەند سایتێکی ئەدەبیدا بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە. شایانی باسە تا ئێستا ئەم کتێبانەی بەچاپگەیاندوون:
1- #بووکە بچکۆلانە# (کۆمەڵێک هۆنراوە بۆ منداڵان) ساڵی 2002.
2- #ڕاستگۆیی# (کۆمەڵێک هۆنراوە بۆ منداڵان) ساڵی 2003.
3- #ژینی چۆلەکە# (هۆنراوە بۆ منداڵان) ساڵی 2004.
4- #گەشتەکەی لانە بۆسەر مانگ# (کۆمەڵێک چیرۆک و هۆنراوە بۆ منداڵان) ساڵی 2010.
5- #خەیاڵی کۆترەکان# (هۆنراوە بۆ منداڵان) ساڵی 2021
لەساڵی 1997 وە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوەو ئێستا خاوەنی پێنج منداڵە بەناوەکانی (لانە، لێوان، لاوەند، ڕەهەند، شەن).
لەساڵی 2015 دا لە پەیمانگای گەشەپێدانی پەروەردەیی دەستیکردووە بە پڕۆسەی خوێندن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و وەرگرتنی نازناوی مامۆستای پەروەردەیی و لەسالَی 2017دا بەسەرکەوتوویی تەواو کردووە.
ئێستاش مامۆستایە لە قوتابخانەی (قومریەخان) ی بنەڕەتی لەشاری سلێمانی. [1]
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/drud.barznjy=KTML_Link_Facebook_Between=فەیسبووکی: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی=KTML_Link_Facebook_End=