کۆکردنەوەو لێکدانەوەی حەکیم مەلا ساڵح
گەشتی لالەزاری حوسنت، پیرمێرد بورنا ئەکا
تەلعەتی خۆری ڕوخسارت، نابینا بینا ئەکا (1)
هەی فیدای یەک مەرحەبات بێ گەنجینەی ئەشعاری من
چونکە لەفزی شەکربات سیحری مەولانا ئەکا(2)
ئەو خودایە هەر ئەوەندە ناسکی خولقاندویی
گەوجە ئەو کەسەی گەردنت تەشبیه بە مینا ئەکا(3)
هەر کەسێ بێت و بڵێ میسلی سەرووە قامەتت
سەری دای لە بەرد کە چونکە قسەی بێ مەعنا ئەکا(4)
تەنیا لوتفێکت بەسە بۆ منی سەوداسەرت
لێوی موشتاقم ئارەزووی ماچێکی گۆنا ئەکا(5)
با حەپەی بێ موددەعی سەگ ئاسا گوێی پێ مەدە
ئەوە کردوویە بە پیشە دۆست بە گژ ئاشنا ئەکا(6)
تۆ بەو نازەنینی خؤتە نەتلاواندمۆ دەفعەیە
بۆیە ناڵەی قەلبی (ناتیق) لە زیڕەی زووڕنا ئەکا(7)
دیوانی ناتیق، ل/25
کۆکردنەوەو لێکدانەوەی حەکیم مەلا ساڵح
1.حوسن، جوانی.بورنا، لاو.تەلعەت، پرشنگ.
2.ئەشعا، شیعرەکان.لەفز، قسە.مەولانا-گەورە پیاوی دینی. 3.تەشبیه، لێکچواندن. مین، شووشە.
4.میسل، وێنە.قامەت، بەژن و باڵا. 5.موشتاق، پەرۆش، تامەزرۆ، ئارەزوومەند. 6.موددەعی، ناحەز، شکاتکەر.
7.دەفعەیە، جارێک، قەلب، دڵ.زورنا-ئامێرێکی مۆسیقایە.
ناتیق نازناوی شیعری مەلا کەریم کوڕی مەعروف کوڕی وەسمانە، ساڵی 1886 لەدایکبووە، لەتەمەنی شەش ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن و سەرەتا بەخوێندنی قورئانی پیرۆز دەستی پێکردووە، پاشان چەند ساڵێک فەقێیەتی دەکات، بەڵام بەهۆی باری نالەباری ژیانەوە خوێندنی بۆ تەواو ناکرێت و دەست دەکات بە کاسپیکردن دوکانی جگەرە و توتنفرۆشیی دادەنێت. شاعیر لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێکی دیار و بەناویی شاری هەڵەبجە بووە، هاوڕی نزیکەکانی بریتیبوون لە:کەمالی، ئەحمەد موختار جاف، شاهۆ مەلا حەسەنی قازی، حیلمی، شێخ سەلام عازەبانی، حەسەن فەهمی جاف، ناری، قانع، موفتی پێنجوێنی، میرزا مارف و پیاوماقوڵانی هەڵەبجە.
لەڕووی ئەدەبیاتیشەوە، شاعیرێکی باشی سەردەمی خۆی بووە، بەڵام بەداخەوە لەساڵی 1963 لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی (زەعیم سدیق) ی دڕندە بۆ سەر هەڵەبجە و ناوچەکە و سووتاندن و گڕتێبەردانیی گەلێ ماڵ و دوکان، ئەم شاعیرەمان دیوانە دەستنووسەکەی کە لەنێو دوکانەکەدا بووە سووتاوە.ناتیق لەداخی ئەم کاره ساته تێر تێر بۆ کۆرپه شیعرەییەکانی گریاوه هەر بەم داخەش سەری نایەوه لەم پارچەی شیعرەی بەم شێوەیه ئەم کارەساته دەنووسێتەوه:
بەسەر دیوانی دیوانا عەجەب پردێکم بەست
کەچی گەردوونی دوون به ئاگردای بە ئاوا عەنعەنەی پردم
گەلێکم سەعی و کۆشش کرد لەوادی هیمەتا ئاخر
ئەگەیمه مەقصەد بەدایەع چوو دەست و بردم
بەڵێ گەردوونی دوون هەقیه به جارێ ماڵ و منداڵم
بسوتێنێ بڕوخێنێ که چونکه کوردم.
دوای ماندووبوونێکی زۆر هەریەک له مامۆستا ساڵح هەژار و کاکەی فەلاحی شاعیر دیوانەکەیان بۆ چاپکرد، تا شیعرەکانی نەفەوتێت، بەڵام ئەوەی ئه و مەبەستی بوو نەهاتەدی ئەوەی ئه و بۆ گریا دوای چەند ساڵێک لەکۆچی هاتەدی و دیوانەکەی بۆ چاپکرا.لەم دواییانەدا جاریکیتر دیوانکەی چاپکراوەتەوە حەکیم مەلا ساڵح کۆکردنەوەو لێکدانەوەی بۆ کردووە.
شاعیر ئەگەرچی لەناو خەڵکدا بە (مەلا کەریم) ناسرا، بەڵام هەرگیز مەلایەتی نەکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی ڕوو لەخودا بووە، خواپەرستیی بەرنامەی ژیانی ڕۆژانەی بووە، زۆر ڕێزی لەدین و پیاوانی ئاینیی گرتووە و هەمیشە لێیان نزیک بووە. ناتیق لەڕووی سیاسی و نیشتمانپەروەرییشەوە شاعیرێکی خاوەن هەستی بەرز بووە، ئەمەش بەڕوونی لە هەندێ لە شیعرەکانیدا دیارە. ساڵی 1967 کۆچی دوایی کردووە.