ئەنوەر حەیدەر، ناسراو بە ئەنوەر عازەبانی هاووڵاتییەکی تەمەن 60 ساڵی دانیشتووی شاری سلێمانی، بۆ یەکەمجار کتێبخانەیەکی گەڕۆک بە ناوی (کتیبخانەی گەڕۆکی گەردانە) دادەمەزرێنێت و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێم گەڕاوە.
ئاشکرای کرد: لە ماوەی ئەم دووساڵەدا، لە زاخۆوە تاکو خانەقین و هەورامان زیاتر لە 200 شار و شارۆچکە و لادێ گەڕاوە، کتێبخانە گەڕۆکەکەشی نزیکەی هەزار سەرچاوە لەخۆ دەگرێت، بە بابەتی جۆراوجۆر و زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی، لە شاری وا هەیە 10 کتێب و شاری واش هەیە نزیکەی 100 کتێبی تێدا دەفرۆشێت، تاکو ئێستاش نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی سەردانی کتێبخانەکەی کردووە.
خەلیل عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم وتی: (ئاگادارین ئەو هاووڵاتییە کتێبخانەی درووست کردووە بە شێوەی کتێبخانەی گەڕۆک، چەند جارێک قسە و گفتوگۆمان کردووە، ئەوە کارێکی باشە چونکە دەبێتە هاوکار و هاندەری گەنجان و ڕۆشنبیران بۆ دەستکەوتنی کتێب و خوێندنەوەی کتێب).
وتیشی: (لە هیچ یاسایەکی وەزارەتی ڕۆشنبیری نەهاتووه باس لە کتێبخانەی گەڕۆک بکرێت، لەبەر ئەوە ناتوانین هاوکاریی بکەین، هەرچەندە ئه و جۆرە کتێبخانانە پێویستن، بەڵام بەداخەوە یاسا و ڕێنماییەک نییە بۆ هاوکاری کردنی).
ئەنوەر وەک خۆی باسی کرد لە تەمەنی 20 ساڵییەوە دەخوێنێتەوە و بەبێ دابڕان تاکو ئێستاش بەردەوامە لە خوێندنەوە، باسیش لەوە دەکات کە نزیکەی پێنج هەزار کتێبی خوێندووەتەوە.
ئەنوەر عازەبانی وتیشی: (هەموو جۆرە ئیشێکم کردووە، بەڵام لەم کۆتاییەی تەمەنم گەیشتم بەو ئیشەی کە خۆم حەزم لێیەتی و دڵ و دەروونم ئاسوودە دەکات، بوومەتە خاوەنی ئەم کتێبخانەیە، بەردەوامیش دەبم لەم کارەم و لە خوێندنەوەش، بۆ ئەوەی بتوانم پشتیوان و هاوکار بم بۆ خوێنەرانی کتێب، لە هەموو شار و شارۆچکە و دێهاتێکی ئەم کوردستانە).