نووسینی: پێشڕەو عەبدوڵڵا
(کوردۆلۆژی؛ باسێک لەبارەی ڕەهەندەکانی کوردناسییەوە)، پێشڕەو عەبدوڵڵا، چاپی یەکەم، 2018، وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاپی دووەم، 2018، ناوەندی فێربوون، هەولێر.
ئەم کتێبە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ ناسینی کورد، تایبەت کەسێتی مرۆڤی کورد، کە لە دووتێی 137 لاپەڕە، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بەشدا، شرۆڤەی کوردی کردوە. هەموو ئەو بەشانەی کە باسکراون، پاڵپشت بە تیۆرێکی مەعریفی پوخت کە توانای خوێندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی کەسێتی کوردیان هەبێت، بەجۆرێک وەڵامی ئەوەمان دەست بکەوێت، بۆچی وێنەی مرۆڤی کورد، لە مێژوەکەیدا شەڕێکی خوێناوییە، بەڵام لە ئەدەبەکەیدا، عاشقێکە گیانی خۆی بۆ مەعشوقەکەی بەخت دەکات.
بەشێوەیەکی گشتی، کتێبەکە لەسەر دوو تەوەر کاری کردوە، یەکەمیان لێکۆڵینەوەیە لە بوونی واقعی کورد(جەستەی نەتەوە) کە خۆی لە زمان، ئاین، کەلتوور، ڕەچەڵەک، مێژوو، جوگرافیادا، نمایشکردووە، بۆ ئەمەش باس لەوە کراوە چۆن لەناو جەستەکەدا، بەشوێن کورددا بگەڕێین. ڕێگەکانی ناسینەوەی کورد چۆنن؟ پاشان چۆن مێژووی کورد بخوێنینەوە؟ چۆن ئەوە دیاری بکەین، کە شوێنی جوگرافی چی لە کەسێتی کورد کردووە؟ پاشان، باس لە بوونی میتافیزیکی کورد(ڕۆحی نەتەوە) کراوە، ئەویش لە ڕێگەی دەرکەوتەکانی ڕۆحەوە، پاشان شرۆڤەی خودی ڕۆح.
لەبەشی کۆتایی ئەم پەرتوکەدا، باسێک هەیە بە ناونیشانی سەرچاوەکانی بیری ئەدەبی کوردی، ئەویش بۆ ئەوەیە ئەوە بدۆزینەوە کە ئەدەبی کوردی، چ نووسراو چ سەرزاری، چۆن بۆتە نمایشکەری بوونە میتافیزیکییەکەی کورد، هەروەها ئاشنابوون بە سەرچاوەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد، چون ئەگەر بوونە واقعییەکە، تووشی ڕوخان و چەپاندن بووبێت و نەیتوانی بێت گوزارشت لەخۆی بکات. ئەوا لەناو زماندا و تایبەت ئەدەبەکەی دیوێکی شاراوەی کەسێتی کورد دەدۆزینەوە. لە کۆتایی پەرتووکەکەشدا، ئاماژە بە نێوی سەرچاوەکان کراوە.
[1]