نووسینی: گۆران سەباح
لەبارەی ئەم ڕۆمانە گۆران سەباح دەڵێت: مرۆڤی هەرزان ئەزموونێکی نوێیە لە ڕووی ژانری ڕۆمان، زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی گێڕانەوە، کات، شوێن، تێما و کارەکتەر. ژانرەکە خەیاڵی زانستییە (خەز). لە ماوەی ڕابردوودا، دە باسی تێروتەسەلم لەبارەی خەز نووسی، بە درێژی باسی چۆنێتیی نووسینی خەزم کردووە. زمانی (مرۆڤی هەرزان) ورد و پاراوە، تایبەتە بە خەز. زمانی خەز ئاسان نییە چونکە دەبێ ڕەچاوی لایەنی زانستی و تەکنیکی بکرێت، ئەمەش پێویستی بە زاراوەی تایبەت هەیە. مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ دانانی بناخەی زمانێکی تایبەت بە خەیاڵ و زانست کە جیای بکاتەوە لە ژانرەیلی تری ڕۆمان. تەکنیکی گێڕانەوەکە کەسی سێییەمی سنووردارە کە ئاستەمترین تەکنیکە، لە دەرفەتی تر بە وردی باسی دەکەم. تێمای (مرۆڤی هەرزان) ڕۆمانەکە جیا دەکاتەوە لە ڕۆمانەیلی تر. باسی خۆکوشتن دەکات، پێمان دەڵێت بۆچی فەلسەفە و هزری ڕۆئاوا مرۆڤیان بەرەو ئاقاری خۆکوشتن برد. پێشمان دەڵێت فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ئایین و زانست دەتوانن چی بکەن بۆ چارەسەری خۆکوشتن. کاتەکە لە داهاتووە، باسی ساڵی 2100 دەکات. (مرۆڤی هەرزان) فرە شوێنە: بۆشایی ئاسمان، هەولێر، نیویۆرک، پاریس، تاران، چەندان شوێنی تر. کارەکتەرەیلی سەرەکیی (مرۆڤی هەرزان) گەنجن، لە نێوان 14-20 ساڵی دان، ئەمەش ڕۆمانەکە دەکاتە جۆری (گەنجی تازە پێگەوییو، واتە Young Adult).
پەرەگرافیک لە ڕۆمانەکە:
” شووشە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەڵێت ئەو باسی خەون ناکات. مردوو خەون نابینێت، شتەکان بە واقیعی دەبینێ و هەستیان پێ دەکات، ئەزموونی مردن دەکات و دەگەڕێتەوە. لە ڕێگەی ئەزموونەکەوە مرۆڤ دەزانێ لە دنیای مردن چی دەگوزەرێ، دەزانن بەرەو کوێ دەچن، بەمەش نرخ و مانای ژیان دەدۆزنەوە.”
وەک هەوڵێکی نوێ، وەشانی نووسیار داوای لە دوو نووسەر و کەسایەتی دیاری بوارەکە کردەووە کە پێشوەخت و پێش لە چاپدانی ڕۆمانەکە، خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بنووسن و دواتر لە بەرگی پشتەوەی ڕۆمانەکە دادەنرێت. ئەد دوو نووسەرش: خانمە نووسەری کورد ”ئاڤە هوما” کە بە ئینگلیزی ڕۆمان دەنووسێت. لەگەڵ نووسەری بە ئەزموون بەدران ئەحمەد حەبیب.
”مرۆڤی هەرزان” لێوانلێوە لە داهێنان، هەجوی سیاسی و هۆشیاریی ئیکۆلۆژی. ڕۆمانەکە ئاستێکی نێودەوڵەتی هەیە و چێژ و ڕۆشنایی بە خوێنەر دەبەخشێت، لەسەر بنیاتی فەلسەفە، ئایین و کولتور هەوڵ دەدات گەورەترین پرسیارەکانی ژیان وەڵام بداتەوە. [1]