#کامەران محەمەد قادر#
ساڵی لەدایکبوون: 1976
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #قازی ئاوا#، سەر بە شارەدێی #سەرچنار#ی شاری #سلێمانی#یە.
قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە گوندەکەی خۆی و ناوەندیی و دواناوەندیی لە کۆمەڵگەی #تاسلوجە# تەواو کردووە.
لەساڵی 1994 لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی یەکەم بووە، بەڵام بە حەز و ویستی خۆی لە ساڵی 1995 بەشی مێژووی کۆلێجی ئادابی زانکۆی سەلاحەدینی هەڵبژاردووە.
ساڵی 1999 زانکۆی تەواو کردووە و لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 2000 لە زانکۆی سلێمانی وەک یاریدەدەری توێژەر لە کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ دادەمەزرێت و دواتر بۆ بەشی مێژووی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکان گوازراوەتەوە، لەساڵی 2001 وانەی مێژووی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست دەڵێتەوە.
لەساڵی 2003 دا لە ماستەر وەردەگیرێت و پسپۆریی لە فەلسەفەی مێژوودا بەدەستدێنێت، ماستەرنامەکەشی بەناونیشانی (ڤیکۆ و فەلسەفەی مێژوو)، لە ساڵی 2005 دا پێشکەش دەکات و ساڵی 2006 وەک کتێب بڵاوی دەکاتەوە..
لە ساڵی 2004 ئەوە وانەی فەلسەفەی مێژوو بە خوێندکارانی قۆناغی سێیەمی بەشی مێژوو دەڵێتەوە.
لەساڵی 2009 لە خوێندنی دکتۆرا وەردەگیرێت و لەساڵی 2012 بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفەی مێژوودا بەدەست دێنێت و تێزی دکتۆراکەی بەناونیشانی (فێرنان برۆدێل و گوتاری مێژوویی) پێشکەش دەکات و هەر هەمان ساڵ بەڕیوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەک کتێب چاپی دەکات.
لە ساڵی 2016 نازناوی پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەدەستدێنێت.
لە زانکۆکانی کۆیە و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و گەشەپێدانی مرۆیی وانەی بە خوێندکارانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا وتووەتەوە. هاوکات سەرپەرشتی چەندەها ماستەرنامە و تێزی دکتۆرای کردووە.
لە گۆڤارە زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان و عێراق بە زمانی کوردی و عەرەبی چەندەها توێژینەوەی بڵاوکردووەتەوە. وەک گۆڤارەکانی زانکۆی سلێمانی و کۆیە و تکریت و... تاد.
هاوکات بەشداری چەندەها کۆنفرانسی زانستی و لێژنەی هەڵسەنگاندنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرای کردووە..[1]