خەریکە کیشەی نیوان عیلمانییەکان و گرووپە مەزهەبییەکان دروست دەبێت
بابەت: وتار
نووسین: #ڕەئوف عوسمان مەعروف#
ڕێکەوت: #29-09-2009#
دکتۆر ڕەئوف عوسمان پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی هاوپەیمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی لێژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنە و لەدیدارێکی ڕۆژنامەی ئاسۆدا سەبارەت بەکاری لێژنەکە دەڵێت: (لێژنەکە پەیوەندییەکانی فرە لایەنەو پەیوەندی بەوەزارەتی ڕۆشنبیری، دەستەی شوێنەوارناسی، وەزارەتی گەشت و گوزار، بواری ڕاگەیاندن، ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە)،
پێی وایە: (ڕۆشنبیری ڕەنگدانەوەی باری کۆمەڵگەیە لە هەموو ڕووەکانەوە).
هەروەک بە بیری هێنایەوە کە عێراق بە درێژایی تەمەنی بەعس، پێش ئەویش ڕووناکبیرییەکی یەک لایەنەی بەرهەمهێناوە و زیاتر ئەو دەنگانەی سەربەخۆ و دژە بەعس بوون، هەموویان کپکراون.
دکتۆر ڕەئوف بڕوای وایە پەیوەندی ڕووناکبیری لە عێراقدا لە ئاستێکدا نیە دڵخۆش بکات، وتی: (خەریکە جۆرێک لە کپکردنی دەنگ و کێشە لەنێوان عەلمانیەت و گروپە مەزهەبییەکاندا دروست دەبێت، حەڵاڵە وحەرامەو هەندێک هۆکاری تریش زۆرجار بەشێوەی سەیرو سەمەرەیی بەکاردە هێنن و هەرئەوەشە بۆتە هۆکاری نەگەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆر لەداهێنەرانی عێراق).
ناوبراو پێیوایە: (ڕووناکبیری لەهەر وڵاتێکدا ڕنگدانەوەی میکانیکی باری سیاسی نییە، واتە باشی و خراپی باری سیاسی دەمودەست کاریگەری لەسەر بواری ڕۆشنبیری بکات، چونکە داهێنان زۆر جار مەرج نییە پەیوەندی ڕاستەوخۆ و میکانیکی بە بواری سیاسی و ئەمنییەوە هەبێت).
بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەشی نمونە بە گەورە داهێنەرانی وەک مەکسیم گۆرکی و ئۆلۆستۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت (مەرج نییە ئەوان هەموویان لە بارودۆخێکی ئابووری و سیاسی باشدابووبن، لەبەرئەوە پەیوەندی باری سیاسی لەگەڵ ڕۆشنبیریدا ناڕاستەوخۆیە)، بۆیە دەڵێت: (لەسەردەمەکانی پێش بەعس ئەوفاکتەرانە بەوشێوەیە یەکجار ڕۆڵیان نەبوو، بۆیە کۆمەڵێک داهێنەری گەورەی وەک جەواهیری و بەدر شاکر سەیاب و مەحمود ئەحمەد سید کە پێشەوای ڕۆماننووس لە وڵاتە عەرەبییەکاندا هەبوون لەناو میللەتی کوردیشدا کۆمەڵێک داهێنەر دروست ببوون، بەڵام لەئێستادا جۆرێک لە داکشان و نیشتنەوە بەسەر داهێنان و ڕووناکبیری عێراقدا هاتووە).
یەکێکی تر لەکارەکانی لێژنەکە گۆڕینی ئاڵای عێراقە و لەو بارەیەوە دەڵێت: (دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام بەپەلە ئاڵایەک دروست کرا، بەڵام پەسەند نەکراو هەر بە مردوویی لەدایکبوو، دواتر ئاڵاکەدەست کاریییەکی کەمی تێدا کرا کە بریتی بە لە گۆڕینی شێوازی وشەی (ئەڵاهوئەکبەر) لەخەتی سەدامەوە بۆ خەتی کوفی، ئەمە بەردەوام دەبێت تا نزیک بوونەوەی کاتی بەستنی کۆنگرەی پەرلەمانتارانی عەرەب لەشاری #هەولێر#، سەرۆکایەتی هەرێم ئامادەنەبوو ئە وئاڵایەی عێراق لە هەولێر هەڵ بکرێت، بۆیە بەپەلە و بۆئەوەی تووشی هیچ گرفتێک نەبین ئاڵاکەمان گۆڕی، بەم شێوەیەی کە ئێستا هەیە پەسەند کرا.
هەروەها باسی لەو مشتوومڕەشکرد کەلەسەر مانەوەی ووشەی (ئەڵڵاهو ئەکبەر) ی نێو ئاڵاکە دروست بوو، دەڵێت (یەکێک بووم لەو کەسانەی قسەم لەسەر بوونی ئەو وشەیە کرد، چونکە پێدەچێت خۆپیشاندان بەرامبەر بە حکومەت بکرێت و ئاڵاکە دووچاری سووتان، کەوتنە ژێر پێی خەڵکی ببێت، بەڵام هەندێک ئەندام بۆچوونیان وابوو کە ئەمە کێشەی نێوان عەلمانیەت و ئایینپەروەرییە).
سەبارەت بەسەرلەنوێ گۆڕینی ئاڵای عێراق کەلێژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان لێژنەیەکی تایبەتی بۆ پێکهێناوە و بڕیارە تاکۆتایی ئەمساڵ ئاڵایەکی هەمیشەیی بۆ عێراق دروست بکرێت وتی: (لێژنەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک کەسایەتی یاساناس، بڕیار بوو نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانیشی ئامادەبن، بەڵام نوێنەرەکەی ئەو دوانە نەهات، ئێستا دەستمان کرد بە بڵاوکردنەوەی ڕیکلام لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا و، داوای کۆمەڵێک تایبەتمەندیمانکردووە کەدەبێت هەبن و گرنگترینیان دەبێت ئاڵاکە گوزارشت لە پێک هاتەکانی عێراق بکات).
ئاماژەشیدا بەوەی (تائێستا چوار جار ئاڵای عێراق گۆڕاوە، بەڵام پرس بەکورد نەکراوە، بەڵام ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە و داوا لەهەموو هونەرمەندانی کورد دەکەین کەهەوڵ بدەن دیزاین بۆ ئاڵای نوێی عێراق بکەن و ڕەمزێک لە ئاڵاکە دابنێین)، بۆیە ئەو لەڕێی ڕۆژنامەی ئاسۆوە داوای لە هونەرمەندانی کورد کرد بتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان ببینن و بتوانن یەکەمیمان بۆ بچڕن دیزاینی خۆیان پێش کەش بکەن و کەس لە شکستیش نەترسێت، چونکە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئاڵاکە زۆر بەنهێنی دەبێت، سەبارەت بەبڕی خەڵاتەکانیش وتی: (یەکەم 50 ملیۆن و دووەم 30 ملیۆن و سێیەمیش 15 ملیۆن دیناری عێراقی پێ دەبەخشرێت، ئەمە سەرەڕای خەڵاتە مە عنەویەکەش).
لەبارەی گۆڕینی سروودی نیشتیمانییەوە دەڵێت (ئە و لێژنەیەی کە هەیە درێژەی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سروودی نیشتیمانی و ئارامی عێراق و دەبێت ئەوانیش تەعبیر لە پێکهاتەکانی عێراق بکەن، دوای هەڵبژاردنی ئاڵای عێراق دەست دەکەین بەهەڵبژاردنی ئاڕم و سرودی عێراق).
سەبارەت بە پەیوەندی لێژنەکەیان بەلێژنەی پەیوەندییەکان و ڕۆشنبیری پەرلەمانی کوردستانەوە ئا ماژە بۆ ئەوە دەکات کە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەو لێژنەیەدا نییە.
وتی (پێویستە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم و مەرکەزدا هەبێت و هەوڵیش بدرێت کۆمەڵێک کتێبی مێژوویی کوردی بەعەرەبی چاپ بکرێت و ئە و ئەرکەش دەکەوێتە سەر شانی وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان و ئێمەی کورد)
[1]