خودا بیدا، لە هێڵێکی دەدا، سەیری هەیە ڕێکەوت
وەنەوزم دا، نیگارم هاتە خەو، ئەمشەو خەوم پێ کەوت
بە لەیلاوە وەرە بەر قاپی ئەم لەیلایە ئەی مەجنوون
شەهێکە سەد سەری فەرهاد و شیرینی لە بەر پێ کەوت
وتم: ئاوێکی ڕەحمەت، گەیییە ڕۆحم ئاگری فیرقەت
وتی: لەم دۆزەخە زەحمەت کە دەربێ هەر کەسی تێ کەوت
لەگەڵ دڵ چووم و بێ دڵ دێمەوە، ئەم گەوهەرە یارەب
لەوێ کەوت و بە جێ ما، یا لە ڕێ دا کەوت و بێ جێ کەوت
نیگاهی گرتە غەیر و من دڵم لەت بوو، تەماشا کەن
خەدەنگی گرتە کێ، شەققژنی لە کوێ، زەربی بەر کێ کەوت
لە سەر شانی کەسانی دی جەنازەی من، وتی: چا بوو
ئەم ئیفتادەش لە غەم ڕزگاری بوو بۆ خۆی و سەرپێ کەوت
بە جیلوەی ئەو، وەکوو شەونم، فڕی هەر ئەقڵ و هۆشێ بوو
کە سێبەر مەحوە لەو جێیە هەتاوی لەحزەیەک لێ کەوت
#مەحوی#
#دیوانی مەحوی# [1][2]