دۆگماتیزم... دۆگماشکێن
#حەسەن جودی#
لە هزرە سەرەتاییەکانی مرۆڤەوە بگرە تا دەگاتە میتۆلۆژیا و ئایین و فەلسەفە و تەنانەت بڕێک لە زانستیش لە ژێر کاریگەری ئەقڵییەت و لۆژیک و چەمکە دۆگماییەکان قوتاریان نەبووە و گیرۆدەی بوون، ئەگەر لە ڕووێکەوە خوازرابێت دەرباز بکرێت، ئەوا لە چەندین ڕووەوە لێی قوتار نەبوونە، لە خۆرهەڵات پەیامبەر و سۆفیگەراکان، لە خۆرئاواش فەیلەسوف و زاناکان لە مەداری دۆگماتیزیم دەرنەچوون. ئەگەرچی لە گەلێک کایەدا تێکیانشکاندووە و دەروازەیەکیان لەبەردەم دژە دۆگماییرێژەگەرایی- ئەزموونگەرایی- بابەتگەرایی... هتدکردۆتەوە، وەلێ لە دواجاردا دۆگماتیزم تەنگی پێهەڵچنیون و پەلکێشی خۆی کردوونەتەوە. دەکرێ هەردوو ڕەوتی فەلسەفی ئەرستۆیی وئەفلاتوونی لە ترۆپکدا دوو سیمای جیاوازی فەلسەفەی دۆگمایی ببینرێت. کاریگەریی لۆژیکی دۆگماییانەی ئەرستۆ2500ساڵە هەموو بوار و کایەکانی هزر و ژیانی تەنیوەتەوە. هەروەها فەلسەفەی دژە دۆگماییسوقراتیش وەک ڕەوتێکی فەلسەفی دۆگماشکێن 2500 ساڵە کاریگەری خۆی کردووە و بەردەوام بووە. دەکرێ ئەوەش بڵێین: فەلسەفەی مەتریالیزمی دیالەکتیکی و مێژووییش نەیتوانیوە تەواو کاریگەرییەکانی دۆگماتیزم تێپەڕێنێ. هەروەها دۆگماتیزم خۆی ئاوێتەی زانستیش کردووە و گیانی دۆگماشکێنی زانستیشی لاواز کردووە.
هەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ؛ فەلسەفەی دۆگماشکێنیدژە دۆگما لە کاروانی هزری مرۆڤایەتی و قۆناخە جیاجیاکانیدا، وەک ڕەوتێکی هاوتەریبی فەلسەفەی دۆگمایی، لە هەمانکاتدا یەکتربڕی، نابینرێت، وەلێ لە دوا ئاکامدا وەک ڕەوتێکی باریکتر و کاڵتر خۆی نیشان دەدات. ئەگەرنا دینامیزمی پێشکەوتنی هزر و ژیان تێکدەشکا و ڕادەوەستا، ئەوەی پێی دەگوترێت؛ ژیار و مێژووش لە شوێنی خۆی پێکوتێمراوحەی دەکرد.
لە تەواوی ژیار و مێژووی مرۆڤایەتیدا؛ فەلسەفەی دۆگمایی کۆتگیرکردنەکانتقیداتی بە بنەما گرتووە و لە هەوڵی چەسپاندن و سەپاندنی دابووە، بەڵام فەلسەفەی دژە دۆگمایی بە پێچەوانەوە پێهەڵگرتنەکانانگلاقاتی بەبنەما گرتووە و ڕێی لەبەردەم چەسپاندنی کردۆتەوە. لێرەدا چەمکی پیرۆزکردنپیرۆزگەراییو تابۆ و ڕەهاگەرایی، وەک چەند ئامرازێکی دۆگماییانە، لەبەرامبەر چەمکی سروشتخوازی و تێپەڕاندن و ڕێژەگەرایی دژە دۆگماییانەی خۆی قوتکردۆتەوە و ڕێگیری لەبەردەمدا کردووە. ئیدی ڕەوتە پێهەڵگیرییەکان و ڕەوتە کۆتگیرییەکان بەیەکدا هەڵشاخاون و بەرەنگاری یەکدی بوونەتەوە، ئەمەش بە واتایەک لە واتاکان دینامیزمی بەڕێوەچوونی مێژوو و ژیاری مرۆڤایەتی بەیەکداخشان و هەڵشاخان بەرەنگار بوونەوەی هەردوو ئەو ڕەوتەیە، بەڵام نەک لە بازنەیەکی داخراو و دووپاتکەرەوەدا، بەڵکو هەم بە ئاسۆیی و هەم بە ستوونی بەردەوامیان بە ژیار و مێژووی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی داوە.
ئیدی لەم بەردەوامبوونەدا ململانێ و ناکۆکییەکی قووڵ و دژوار لە ئارا دابووە و ئێستاشی لەگەڵ دابێت بەردەوامە. وەلێ گرنگ ئەوەیە؛ داخوا کامە ڕەوت پاسیڤ و بێ کاریگەر بووە و کامەشیان بە کاریگەرترە؟ کامە ڕەوت دۆگمایی یاخود دژە دۆگمایی بەرەو کاڵبوونەوە و باریکبوون دەچێت؟.[1]