ڕۆژێک مامۆستا هێمن و کاک کەریمی حیسامی لە دەفتەری حیزب لە مەهاباد لە ژووری کارەکەیان دادەنیشن،
کارکەرێکی بنکەکە کە بەکارەکانی بنکە ڕادەگات دێتە ژوورێ و بە مامۆستا هێمن دەڵێت:
کابرایەک هاتووە و کاری پێتانە و پیاوێکی فەقیرۆکەشی لەگەڵە،
مامۆستا هێمن پێی بدەلێت: با بێتە ژوورێ،
کابرا دێتە ژوورێ و مامۆستا هێمنیش لێی دەپرسێت فەرموو کارەکەت چییە؟
کابرا دەڵێت: شکایەتم لە کاک کەریمی حیسامی هەیە!
بە بیستنی ناوی خۆی کاک کەریم قووت دەبێت و لە کابرا دەپرسێت تۆ کێی؟
کابرا ناوی خۆی دەڵێت و کاک کەریم لێی دەر هەڵدەبێت و تێرجنێوی دەکات و دەڵێت بۆ هاتووتە ئێرە؟
مامۆستا هێمن کاک کەریمی ئەهوەن دەکاتەوە و لە کابرای دەپرسێت شکایەتت لە کاک کەریم چییە؟
کابرا دەڵێت کاک کەریم لە کتێبێکیدا ناوی منی وەک پیاوکوژ هێناوە، منیش بەڵگەم هەیە کە وا نییە،
مامۆستا هێمن دەڵێت: بڕۆ بەڵگەکانت بێنە،
کابرا دەڕواتە دەرێ و ئیستێکی پێ دەچێت و لەگەڵ پیاوێکی دیکە دێتەوە ژوورەوە،
مامۆستا هێمن دەپرسێت کوا بەڵگەکانت؟
کابرا ڕوو لەو پیاوەی دەکات کە لەگەڵی هاتووەتە ژوورەوە و پێی دەڵێت: سەگباب ئەمن کەنگێ ئەتۆم کوشتووە؟
مامۆستا هێمن و کاک کەریم بە سەرسووڕمانەوە لەو دووانە دەڕوانن و مامۆستا هێمن دەڵێت: وەڵا بابم بەڵگەی وا بەهێزم قەت نە دیوە!
دوایە کاک کەریم بەڵێن بە کابرای دەدا لە چاپی دووەمی کتێبەکەیدا ناوی بسڕێتەوە و دڵی کابرای دەداتەوە...
ئەو بەسەرهاتە گوایە کاک کەریمی قەیومی ئاگادار بووە و دواتر گێڕاویەتەوە،
یادی هەر دوو تێکۆشەری ڕێگای ڕزگاریی کوردستان مامۆستا هێمن و کاک کەریمی حیسامی بەرز و بەڕێز بێ، لەگەڵ دوو وێنەی دەگمەن و یادگاری لە هەر دوو کۆچکردوو، پێشکەشتان بێ هاوڕێیانی هێژا و دڵسۆزی نەتەوە و نیشتمان...
(بەسپاسەوە موحیب مەهابادی). [1]