#بڵێسە جەبار فەرمان# نامەیەکی بڵاو نەکراوەی #نەوشیروان مستەفا# بۆ #جەبار فەرمان#ی باوکی بڵاودەکاتەوە.
لە نامەکەدا نەوشیروان مستەفا بەشێوەیەکی توندو هەڕەشە ئامێز پەیامێکی بۆ جەبار فەرمان ناردووە کە نامەکەش لە ڕێکەوتنی #29-11-1989#
لە دیمەشق - شام نێردراوە بۆ #سلێمانی#.
برای بەڕێز کاک جەبار
سڵاوێکی گەرم هیوادارم هەردەم لە خۆشیدابن.
ئیحترامی زۆرم هەیە بۆ سەبیحە خان. هەواڵی کچەکان ئەپرسم، ئومێدم وایە لە خوێندندا پێشکەوتووبن و لەگەڵ ژیانی نوێ ڕاهاتبن. ئێمەش باشین.
کاکە گیان..ماوەیەکە لەملاو ئەولاهەندێ قسەو باس ئەبیستمەوە کە بەشێکی ئێخەی تۆ ئەگرێتەوە. زۆرم پێ ناخۆش بوو چونکە شتی وەها نەئەبوو لەکەسێکی وەکو تۆ بوەشێتەوە، بەڵکو ئەبوو تۆش وەکو برادەرانی تر بەتەبایی و تەحمولەوە خەریکی هەڵساندنەوەی باری کەتووی گەلەکەمان بویتایە.
بیستومە خۆت و برادەرانی زیندان، تازە کەوتونەتە خۆ کۆکردنەوەو قسەکردن، هەروەک بیستومە تازە خەریکی لەگەڵ پاشماوەکانی ئاش دۆستایەتی دروست ئەکەن، بەهەر حاڵ ئەگەر وایە حەز ئەکەم چارەسەری بکەن وە جارێکی تریش بیری لێ بکەنەوە، چونکە ئەم ڕێکخراوەی ئێمە بەرگەی تکتل ناگرێ و چاک لەبیرتە هەرکە تەکەتولی کردبێ سەرەنجام خۆی زەرەری کردوە وئەگەر ئێوەش بەتەمای شتی وەهان هیوادارم سەرلەنوێ بیری لێ بکەنەوەو لەهەوڵدانی لەو بابەتە دور بکەونەوە، بەتایبەتی ئەوی لەدەرەوەی وڵاتی خۆی و لەکاتی تەنگ و چەڵەمەدا کاری وا بکات هەر خۆی پێ ئەشکێ و هیچ دەستکەوتێکی نابێ. گریمان ئێستە هەموو یەکێتیمان تەسلیمی ئێوە کرد بەخۆشی بێ تکتل و موئامەرەو مزایەدەو تشهیر ئەتوانن چی بکەن و چی لە وەزعەکە بگۆڕن.
بەپێویستم زانی ئەم نامەیەت بۆ بنوسم. چونکە تۆ لەلای من هەمیشە تقدیرێکی
تایبەتیت هەبوو، حەز ناکەم لەم قۆناغە ناخۆش و ناسکەدا بەهەڵەدا بچی و پیاو لە ڕەفیقایەتیتان پەشیمان بێتەوە. بەلامەوە سەیرە یەکێکی وەکو تۆ یاخود ئەرسەلان دابنیشن قسە لەسەر من بکەن یا بنوسن. کورد دەمێکە وتویەتی تفی ڕوەو با ڕووی خاوەنەکەی ئەگرێتەوە
دوبارە تکای برایانەم ئەوەیە کەماوەی ئەو جۆرە کارانە نەدەن ئەگەر شتێکیش بوە لەبیری خۆتانی ببەنەوەو خەڵک لە ئەزمەو لێقەوماندا ئەناسرێ و مەعدەنی ڕاستەقینەی دەرئەکەوێ.
دوبارە سڵاوم هەیەو بەهیوای خۆشیتانم.
واژۆی
نەوشیروان مستەفا[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!