دێ
شەوگاری بەهار دەرچوو له نیوه
تاریکی ئەڕوات بەرەو کازیوه
ئاوایی تاریک، ورشەی چرایێ
له نێو پەنجەرەی هیچ ماڵێ نایێ
دێ دەرکی له ڕووی ڕۆژ داخستووه
له بەرگی شەودا، جوان جوان نوستووه
منداڵێ ساوا دەگریێ جار جار
ئەشکێنێ دەریای بێ دەنگی شەوگار
دایکێ سەر له بان لانکی کۆرپەوه
سەردەمێکه خەو بردوویەتەوه
ئەو ساته گوڵی شەو دەتوێتەوه
سەر گۆنای ئاسۆ، سوور ئەبێتەوه
کەڵەشێرێ دێ و لەو سەر بانانه
مزگێنی ئەدا؛ هەستن! بەیانه!
شنەی بەربەیان، یەک له شوێن یەکا
ماڵانی نوستوو باوەشێن ئەکا
هەتاو لای ئەبا دیسان بەسپایی
پەردەی شەو له سەر بووکی ئاوایی
ماڵان بەردەچن، ئاوایی ساکار
گرتوویه باوەش؛ باپیری کۆسار
ماویانه خەڵکی؛ ماندوویی دوێنێ
گزنگی هەتاو هەڵ یان دەستێنێ
ژنێ گورج و گۆڵ ئەڕوا بۆ کانی
به نەزمی جوانی لەرزانەکانی
ژنێ له کانی ماندوو دێتەوه
سەری ناوەته سینگی گۆزەوه
دووکەڵ له سەربان، ئەڕوا بەرەو ژوور
سوور ئەبێتەوه سەر گۆنای تەنوور
تەندووری ماڵان، نانی گەرم و جوان
دەکا به توێشووی باخەوان و شوان
مریشکێ سپی، جووجەڵه له شوێن
بەجێ دەهێڵێ تاریکی کولێن
پێش ئەوەی که خۆر بدا له ناو دێ
ڕانی ئاوایی دەکەوێته ڕێ
نیوەی ناوەدڵ له دێ دەرئەچێ
بەرخ و کارژیلەی هێشتووەته جێ
مراوی له سەر چیمەنی جۆبار
دەشکێنێ شەقڵی شەونمی بەهار
ئاسمانی شین و کۆچی هەورەکان
پرشنگی خۆر و دەشتی سەوز و جوان
هات وچۆی ئاسکی بزیوی سەرکۆ
شنەی شەماڵ و لەرەی لەق و پۆ
جریوەی بولبول، خوڕەی جۆباران
شمشاڵی شوان و بەستەی دڵداران
مۆسیقای جوانی ژینی دێهاتن
دیمەنی ڕەنگینی خاکی وڵاتن
ژینی ڕۆژێکی ئەو دێ یه لای من
ئەژێ به شاری دووکەڵ و ئاسن
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]