ناونیشانی پەڕتووک: یەک خودا و هەزارو یەک ڕێگا بۆ بەردەرگای ماڵی یار
ناوی نووسەر: #لەتیف هەڵمەت#
ساڵی چاپ: 2022
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
چاپخانە: کارۆ
ژمارەی چاپ: یەکەم
ئەم دیوانەم دەبوو ساڵی 2021 چاپکرێ... بەڵام بەهۆی نەخۆشی و ناتەندرووستیمەوە لە چاپخانە دوامان خست و بڕیارماندا لە سەرەتای ساڵی 2022 دا چاپبکرێ و دیسان لە کاتی دیاریکراودا نەخۆشی بواری چاپکردنی نەدام.
ئیتر سێ چوار مانگێک بەر لە ئێستا هەلێک ڕەخسا و پشت بەخوای گەورە چاپکرا.
شایانی گوتنە کە بڵێم تەنها سەد و پەنجا دانەم لێ چاپکردووە.
لێرەدا دەبێ زۆر زۆر زۆر سوپاسی برا و ئازیزی دڵم مامۆستا عەتای خاوەنی چاپخانەی کارۆ بکەم کە خۆی سەرپەرشتی چاپی دیوانەکەمی کرد و لە دوای چاپکردنی بە تۆمبێلەکەی خۆی بۆی هێنامەوە بۆ ماڵەوە و بڕێکی باشیش لە نرخی چاپکردنەکەی بۆ داشکاندم
سڵاو و ڕێز و دۆعای خێر و سوپاسباران بۆ مامۆستا عەتا..
یاخوا تەمەنی خۆی و چاپخانەی کارۆ پڕ بەرەکەت بێ و خوای میهرەبان پشتیوانیان بێ. [1]
دیوانی (یەک خودا و هەزارو یەک ڕێگا بۆ بەردەرگای ماڵی یار) بەرهەمێکی نوێی شیعری مامۆستا لەتیف هەڵمەتە، لە 166 لاپەڕە پێکهاتووە.
(دوو تابلۆی ناڕیالیزمی)
کچێک لە لای چەپی شەقامێک
لە دەمی کەوتە خوارەوە
خەندەیەک
لای چەپی شەقامەکە بوو بە باخچەیەک
منیش لەسەر لای ڕاستی شەقامەکەدا
لە نووکی قەڵەمەکەم کەوتە خوورەوە پەیڤێک
لای ڕاستی شەقامەکە
بوو بە دیوانە شیعرێک.
کەدایکی مرد
ئەوەندە شیعری لاوانەوەی
بە فرمێسک بۆ نووسی
بوو بە شاعیر
سەعدی شیرازی نا
لەتیف هەڵمەت…
(بەردیش یەکدی ماچ دەکەن)
ڕەشەباش دزە… ئەی ئەوە نییە کەدێ
هەموو پایزێ
گەڵای دارستانەکان دەدزێ…
بوو بە لافاو و گوندێکی خاپورکرد زوو بەزوو
هەرەسی سەهۆڵبەندان نا
فرمێسکی کچێک
بەزۆر دایان بەشوو
شووشە عەترەکانی شکاوە
بەهەزار چاو خوڕ خوڕ کەوتۆتە گریان
زستان…
کە یەکدی ماچ دەکەن لە دەشت و هەرد
ئاگر لە ماچەکانیان دەبارێ:
بەرد
[2]