وامزانی ڕادیۆیە!
ئەو ئیدیۆمە نوێیە، لە سەدەی بیست و یەکەمدا هاوڵاتییەکی شاری #سلێمانی# بە نائاگاییەوە دایهێناوە و ئێستا خەڵکی باشووری کوردستان کردوویانە بە ئیدیۆم، سۆشیال-میدیا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە بڵاوبوونەوە و چەسپاندنی ئیدیۆمەکە، هاوڵاتییەکەی شاری سلێمانی زۆر بوێرانە و ڕاستگۆیانە لەسەر دەسەڵاتی کوردی له دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ەوە تاوەکو کابینە یەکلەدوایەکەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ مایکێک بێ سڵەمینەوە قسان دەکات، ئەوەی خوارەوە دەقی لێداوانەکەیەتی:
چی لە حکوومەت بکەم؟ نامانەوێ لاچۆ، ڕاپەڕینمان بۆچی کرد، بەدزی دەستمان پێکرد، پاکەتمان دزی، ئەم میللەتە ئاوای کرد، کارەبایان دزی، کەهاتن محاویلەکانیان دەرهێنا، میللەتێ بکرێ، بەپارەی بەفر کڕابێ ئاو ئەیبا، ئەم حکوومەتە وەک قەزافی لێ دێ، بۆ کوێ ئەچێ؟ ڕۆژی نەهاتووە بابێ کنگر و ماست بەوەعدەی خۆی، پەڕلەمانم بۆ چیە؟ لە (قنگتان) بەم بەخوا، لەبەینی دوو کەوانەیا!.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆیە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، خەڵک پێی وابوو، قسەی دڵی هەمووانی کردووە، بۆیە زۆر شێر(بەش)کرا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، بەڵام بەوە دەچێت چاویان لێ سوورکردبێتەوە و ترساندویانە بۆیە ڕۆژێک تێپەڕی بەسەر ڤیدیۆی یەکەم، ڤیدیۆی دووەمی لە ڕۆژی دواتر بڵاوبۆوە، بەشێوازی یەکەمجار کەسێک دەچێتە لای و چەند پرسیارێکی ئاڕاستە دەکات، لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کابرا لە ترسان پەشیمان کراوەتەوە، ئەوەش دەقی پەشیمانبوونەوەکەیەتی:
کاکە گیان دوێنێ ئیزاعەیەک هاتە بەردەمم هەر لە خۆمەوە قسەم کرد، گوتی هەر بۆ خۆمانمە.
ئیزاعەکە:
-ئێ ئێستا تۆ داوای لێ بووردن دەکەی؟ من دەینێرم بۆ جەماعەتی ئاسایش.
بەڵێ وەڵلاهی من داوای لێبوردن دەکەم، ئاگام لە خۆم نەبووە، لە خۆمەوە قسەم کرد، وەمزانی ڕادیۆ و شتە، من عیلاقەی حکوومەتم چییە؟
-پەشیمانی لەوەی کە وتت؟ حکوومەت پیاوی چاکە؟
بەڵێ، ئەرێ وەڵڵا ئەم حکوومەتە نەبێ چی بکەین؟ هیچ عەیبیان نییە! وەڵلا تورکیا داگیرمان دەکات ئەمانە نەبن، پارتی و یەکێتی نەبن چی بکەین، بەغا بێ داگیرمان ئەکات.
ئەوە چیڕۆکی وامزانی ڕادیۆیە، ئیتر ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بۆ پەشیمان بوونەوە دەوترێت: وامزانی ڕادیۆیە. [1]